ئاشقم من، ئاشقێکی تاسەبار و دڵپڕم
شاخی ئازارە دەروونی پڕ لە فرمێسک و گڕم
من مەلێکی مات و دڵمردووی خەزان بووم، ئەشقی تۆ
هێز و تینی دا بە باڵم تا بەرەو ژین هەڵفڕم
شۆخی تەڕپۆشی بەهارئاسای لە پاییزی منا
گوڵبزەی لێوت گەشەی خستۆتە ناخی پڕ گڕم
بەژنی سەوزی تۆ بەهاری ئەشق و هەست و جوانییە
بۆیە دەخوازم ئەویندارانە چاوت تێبڕم
تاوی کوڵمە و تاڵە تیشکی ڕووت کە دەپژێنی لە ڕووم
ساردە وەرزم لادەچێ، دەژیێتەوە جەستەی سڕم
تیشکی ئەشقی دا لە چاوم خۆری کەزیەت دەرکەوت
ڕۆشنیی هاویشتە شەوگاری دڵی مات و کڕم
ئەشقی سەوزت ڕۆحی تاساندم، زمانم چوو لە گۆ
بۆیە ناتوانم بە دڵ ڕازی دڵت بۆ دەربڕم