سەردەمێک بوو بێ نەغمە بوو باغچەی ژیانم
بێ ورتە بوو ناو هێلانەی بولبولەکانم
لەرەی دەنگی شادمانی و نەشئەم خنکا بوو
شەپۆلی بای بەهرە و جۆشم مەنگ ڕاوەستا بوو
ناهومێد بووم وام ئەزانی دەردێکە کاری
بەرەو پیری چوون هێنایە دیاریی ئێجگاری
چاوەڕوان بووم ساکەی گەردون گەردونی بێباک
جانەوەری گۆڕ هان ئەدا بمکاتە خۆراک؟
بەڵام ئەی یار، یاری نازدار، شۆڕەژنی شۆخ
بە لێوی ئاڵ، بە چاوی ڕەش چاوی ڕەشی تۆخ
بەم جوانیانە کە زینەتی بەهەشتی دنیان
بەم جوانیانە کە لە تۆدا هەموویان پەیدان
لەو ڕۆژەوە دیومە سیحری زەردەخەنەی تۆ
دونیای دەروون مەلەکانی هاتوونەوە گۆ
سەرچاوەکەی عومری جوانیم هاتۆتەوە قوڵ
باغچەی ژینم پڕ بۆتەوە لە نەمامی گوڵ