ئەمین گەردیگلانی

دەرسی ڕووناکی

بە دەنگی: ئەمین گەردیگلانی
شێوەزار: سۆرانی
101
ڕۆژی زانین و ئەوینە و یادی مامۆستا دەکەم
گیان و دڵ تێکەڵ شەپۆلی باوەڕی دەریا دەکەم

من قوتابیی مەکتەبی تیشکم، قوتابخانەم هەتاو
دەرسی ڕووناکی دەخوێنم، سەر فیدای ئاڵا دەکەم

پەنجەکانم دەبنە هێلانەی مەلی سەوزی قەڵەم
هەڵفڕین فێری خەیاڵم بۆ هەموو دنیا، دەکەم

ڕازی چاوی ڕوونی کانی و خاکی تینوو فێر دەبم
چەشنی شەتڵی شلکی سەر دێراوی ژین باڵا دەکەم

گوڵوشەی سەر پەلکی کوڵمی سوورەگوڵ دەخوێنمەوە
سروە ئاسا باوەشم بۆ باخی گوڵ واڵا دەکەم

دەچمە بەر نووری حوزووری سەوزی مامۆستا و دەڵێم:
من لە تاڤگەی تیشکی زانینت بە سەر دڵدا دەکەم

دەستی تۆ مێعراجی هەستە و خۆرە بیری ڕۆشنت
هەر لە چاوی تۆ چرای ڕێتاری ژین داوا دەکەم

گشت بەیانێکم بە زەردەی تۆ شەوی ڕەش لادەچێ
بۆیە خۆر هەر کاتێ هەڵدێ یادی مامۆستا دەکەم