ئەمین گەردیگلانی

ناکامی

بە دەنگی: ئەمین گەردیگلانی
شێوەزار: سۆرانی
105
لە دنیای عاشقیدا کەس وەکوو من چاوەڕێ نەکرا
دڵی هیچ کەس بە قەد من دەرد و داخی بۆ بەڕێ نەکرا
وتت: ڕۆژێکی دێم بسکم لە ئەستۆت توند دەکەم، شێتی!
سپی بوو چاوی ئەم شێتە و بە دەستی تۆ تەمێ نەکرا
لە ڕێتا کەوتبووم و پێم نەگیرا چاکی داوێنت
لەبەر بێ هێزی دەستم چاوەڕێی چقڵێکی لێ نەکرا
لە سەر تۆ بوو بە قوڕگمدا کرا زووخاوی گشت داخێ
بەڵام دەفری دڵم چۆڕێ شەڕابی عەشقی تێ نەکرا
ژیانم سروەیەک بوو هات و چوو، لێی جێ نەما تۆزێ
تەمەن ڕابرد و ڕۆحم مرد ، ئەوەی بۆ دڵ دەبێ نەکرا
دەرمهێنا گلێنەم، چاوی خۆم جووت کرد لەبەر پێتا
سەرم تۆزی لە سەر نیشت و چەلێ چاوم لە پێ نەکرا!
کە ڕووتم دی بزەم هاتێ بەڵام لێوت نەپشکووتن
بزەم سەیرە لە سەر هەستت وەکوو باوێشکی پێ نەکرا!
وشک بووم و لە چاوەڕوانییا ڕۆیی هەموو ژینم
لە دنیای عاشقیدا کە‌س وەکوو من چاوەڕێ نەکرا