ئەمین گەردیگلانی

خۆکرد

بە دەنگی: ئەمین گەردیگلانی
شێوەزار: سۆرانی
92
بە دەستی خۆت بە فیڕۆ بۆ دەدەی ژین و ژیانی خۆت؟
شەقامی ڕەش ببینە و تێپەڕینی ساتەکانی خۆت!

بە سەر شان و ملتدا ناسەپێ ئازار و ڕەشبەختی
هەتا خۆت حەز نەکەیت و تا وەکوو هەڵنەگرێ شانی خۆت!

بە دەست خۆتە لە دنیا دیتنی کابووس و خەونی خۆش
ئیتر بۆچی بە دەستی خۆت لە دۆزەخ داوی گیانی خۆت؟

ژیان بوومی سپی و دنیا هەموو ڕەنگێکی تێدایە
لە دەست خۆت دایە فڵچە و وێنەگەر هەر خۆتی، مانی خۆت!

لەبەر چی هێندە لاڕێی و بەرەو تاریکی خۆدەکوتی؟
ئەوەی پێی ڕەش دەبێ دڵ، چاوی ڕەشبینە، دەزانی خۆت

بە لێوی ویشکەوە کەوتوویە ڕێ، دەخوشێی بەرەو مردن
سەرت هەڵگرتووە و دەشزانی توونی خۆتی، کانی خۆت

لە ئەشکەوتی سەرتدا ئاوی ژین قوڵپە و کەفوکوڵیە
خودا هەرخۆتی، ڕوح خۆتی، ژیان و خزری سانی خۆت!