ئەمین گەردیگلانی

زایەڵەی شاخ و قیژەی گوڵەباخ

بە دەنگی: ئەمین گەردیگلانی
شێوەزار: سۆرانی
110
بەڕێوەم و دەگەڕێم تا سنووری ئەم خاکە
لە چاوم ھەڵدەوەرێ ئەسری سووری ئەم خاکە

لە ناخم ھەڵدەقوڵێ زایەڵەی بە تینی شاخ
دڵم بووە بە ھەناوی تەنووری ئەم خاکە

خەزەڵوەرێنە نیگای باخ و، گوڵ وەری پەلکی
ژەنینی دارە لە سەر نۆتی شووری ئەم خاکە

لەگەڵ ھەنیسکی گوڵ و کانیی دڵ بە خەم، گریان
چڕینی باخە بە قوڕگی تەمووری ئەم خاکە

گلارە شەونمی سەر پەلکی گوڵ لە قوڕ وەربوون
لە دووکەڵا ونە کوڵمەی بلووری ئەم خاکە

بە قیژەقیژ و زریکەی گوڵووک و وردەچرۆ
چیا دڵی بە گڕە و بۆتە «توور»ی ئەم خاکە

لە دووریی تیشکە، غەور گرتی چاوی ئاوێنە
وەریوە باڵی شنەی سەوز و سووری ئەم خاکە

وەنەوشە سەر بە ھەشە و خۆ دەڕنن گوڵباخی
بەقەد خودایە، خودایە سەبووری ئەم خاکە