کاتێ شەپۆلی پەرچەمت گڕ بەسەری شەوا دەکەن
شەو دەڕەوێ زەوی و سەما، گوڵ لەبەری هەوا دەکەن
دەشت و چیا دەبن بە گڕ، باڵی بزەت کە دەرکەوێ
چاو زمان و دڵ هەموو، پێکەوە یا خودا دەکەن
تۆ کە بە نیو نیگایەکت گڕ لە جیهانێ بەردەدەی تاوی بزە و شەبەنگی ڕووت، چی لە دڵی چیا دەکەن
دێی کە بە کۆیە نوورەوە، شەو دەخزێتە ژوورەوە گیانە لە خەو دەڕاسن و دەرکی دڵ ئاوەڵا دەکەن
دەردەکەوێ لەگەڵ بەیان کاتێ گزنگی ڕووی گەشت
شەونم و سەوزە ناوەکەت، پڕ بە گەر و هەرا دەکەن
تاکو خەیاڵی تۆ لەگەڵ ئەم دڵە عاشقەی منە بووکی وشە و پەریی شیعر، دێن لەگەڵم سەما دەکەن
دەردەکەوێ کە تیشکی ڕووت شەو لە پەساری ئەشقەوە
بەرد و گوڵ و کوڵۆ بەرەو پیری دەڕۆن و ڕادەکەن
با بشەکێ بە نەرمەبا، بەژنە زراو و بەرزەکەت
ئەو دەم ئەبینی دەشت و کۆ چۆن خەم و تەم بە با دەکەن
شەو دەڕەوێت و تیشکی ڕووت پڕ لە ئەوین دەکا بەیان
شاخ و قەڵەم لە باوەشی جاڕە گوڵا سەفا دەکەن