ئیسمائیل ئاغا چەوگالی

وەتەن - بێ مۆسیقا

بە دەنگی: ئیسمائیل ئاغا چەوگالی
شێوەزار: سۆرانی
218
شەوی تاریکە لێم شێواوە ڕێگا
بەیانی هات و زۆری ماوە ڕێگا
ژیانی من وەکوو ئەوشۆ وەایە
بۆ هەر کوێنێ دەڕۆم بەسراوە ڕێگا
وەتەن گیان و دڵی دایە
وەتەن دەینت لە ملمایە
سەری بێ نرخ و بێ مایە
لە پێناوی وەتەندایە

گەڵاڕێزان گوڵی باغی بە با دا
بەهاری دی کە دێ ئەو داخە لابا
هەناسەی باغەوانی پیرە دەیکوت
وەی هەزاران خۆزگە ژینی من وەها با
ئای هەزاران خۆزگە ژینی من وەها با
وەتەن دێوانەکەی خۆتم
وەتەن خاکی بەر پێتم
ئەگەر بێت و قەبووڵم کەی
بە دڵ سەربازی سەر ڕێتم
جگەرسووتاوی لاوانی
بە بێ ماڵ و بە بێ جێتم
لە باغی عیشقی میللەتدا
فیداکاری نەکەم شێتم

مافی خۆمە لێم گەڕێن با هەر وەها بێچارە بم
مەخسەرەی دۆم و دوڕاجی ئەم سەر و ئەو خوارە بم
مەمکەنە بەرموور لە بەرچاوان بە دەنگ و باسەوە
با وەپشت گوێم خەن جەوانان، لێم گەڕێن با گوارە بم
شەرتە ڕازی عیشقی خۆم هەر هەڵگرم تا مردنم
با لە قەبریشدا ئەمن سەندووقی ئەو ئەسرارە بم

چلەی زستانی کوێستانە و کچی کێو
دەپۆشێ بەژن و باڵاکەی بە چارشێو
من ئەیزانم چ سیحرێکە ئەگەر بێ و
لە درزی پەردەوە دەرخا بزەی لێو

وەتەن هۆی ژین و ژیوار
وەتەن بۆت دەمرم ئەوجار
وەتەن قەوم و کەس و کار

گەردوون دەیەوێ ویستی دڵم کەم کەمەوە
لاوی کە ئەمانەت بوو لە لام بیدەمەوە، بیدەمەوە
هەیهاتە لە ئەم ویستە کە بیستم دەیەوێ
ئاهەنگی مەلی دڵ لە گوڵم دوور خەمەوە
ئازیز چاوم کە وەکوو حاجی لە دەوری قەد و چاو دەخولایەوە
ئێستاکە چووەتە ژێر تەمەوە
سەرچی کەچی هەر مەرکەزی ئاواتی دڵە
دێوانەیە بە شوێنی هەواڵی شەمەوە
ئەو دڵ کە مەکۆی عیشق و ئەوین بوو جاران
ئازیز ئازیز
وەک بەندی دەناڵێنێ بە قەمچی خەمەوە
گوێم هێشتا لە گوێی دێ کزەگریانی بە دڵ
یای زینە دەناڵێنێ بە یادی مەمەوە
پیریمە گوڕەی دێ و کەچی من هەر بە تەمام
جارێکی دیکە دەنگی ببیستم لای چەمەوە
پێم وایە گرەو بوو دەمی لاویم و ئەسەف
ئەی ئازیز
دۆڕاوە، بە خوای تازە چلۆن بیبەمەوە؟

زەوی ئێستا لە ڕووی هەڵدێ بدا سووڕ؟
نەڕووخا ئاسمانی پیری پشتکووڕ؟
کە سۆمایی لە چاو باوکان بڕاوە
ئای بەرۆکی پیرەدایکان دادڕاوە
وەتەن گیان و دڵی دایە
وەتەن دەینت لە ملمایە
سەری بێ نرخ و بێ مایە
لە پێناوی وەتەندایە

ئاخ دەبا باش تێبگا ئەو دوژمنی پەست
ڕەوەز ورد ناکرێ هەرگیز بە داردەست
دەبێ کوند هەر بەرەو وێرانە بفڕێ
هەڵۆش لەو شاخە سەربەرزانە نەبڕێ
وەتەن دێوانەکەی خۆتم
وەتەن من خاکی بەر پێتم
ئەگەر بێم و تۆ قەبووڵی کەی
بە دڵ سەربازی سەر ڕێتم
جگەرسووتاوی لاوانی بە بێ ماڵ و بە بێ جێتم
لە باغی عیشقی میللەتدا فیداکاری نەکەم شێتم
هۆنراوە: قانع، شەریف حوسێن پەناهی، سەید کامیل ئیمامی، ئاسۆ، هێمن