چیت بەسەر هات بۆچی ناپرسی لە ئێش و ژانی من
ئەی گەلاوێژی گەشاوەی ڕووت لە ئاسۆی گیانی من
دێتە یادم لوتکەیێک بووی بۆ بڵندیت من ژیام
وا کە ئێستا چۆڵە دەورم بۆتە دۆزەخ ژیانی من
تۆ کە وا دووری هەتا ئێستەش لە بوونت دڵنیام
دێیتەوە هەڵدێی لە ئاسۆی خۆری چاوەڕوانی من
چاوەکەم کوێر بێ بە جارێ گەر لە یادم دەربچی
چونکە تۆ بووی جێی سکاڵا و هاودەمی گریانی من
هۆنراوە: حەمە عەزیز