ئەمین گەردیگلانی

تەنیایی

بە دەنگی: ئەمین گەردیگلانی
شێوەزار: سۆرانی
336
من لە فرمێسکی وەریوی نیوەشەو تەنیاترم
هەرچی تەنیایی لە دنیادایە لەو تەنیاترم
بێ تریفە و سارد و لاوازم لە سەر هەڵدێری شەو
من لە کاتی خۆرنشینی مانگی نەو تەنیاترم
هێند لە سووچی کۆنەگیرفانی ژیانا مامەوە
زۆر لە پووڵێکی دڕاوی بێ برەو تەنیاترم
دڵڕەشی چنگی لە قوڕگم ناوە دەنگیش هەڵبڕم
وام لە توولەی وشکی سەردەمدا، لە کەو تەنیاترم
وشکەباوەڕ گرتی وەک ژەنگ و کەڕوو مێشکی زەمان
بۆیە ئەمڕۆ من لە مردووی گۆڕی خەو تەنیاترم
ئەشقی ئەم شاخانە بوو ڕیشەی پتەو کردم، دەنا
من لە پووشی بەر دەمی با بێ وزە و تەنیاترم