مەلا حوسێن عەبدوڵازادە

خرینگە خرینگە

بە دەنگی: مەلا حوسێن عەبدوڵازادە
شێوەزار: سۆرانی
152
ئەرێ شیرینی دەڵێی قەنداوی
مانگە هەڵدێ لە ساوی
وەختە بمرم لە تاوی
جا گرفتارم بە داوی
ئەسیرم پابەندی ویم ناوێرم بیڵێم ناوی
هۆ خرینگە خرینگە خرینگە خرینگەی بازنەکانی
جا دەڵێم بمدەیە ماچێک بەین و بەینەڵڵا جوانی

ئەرێ عەنتیکە و مەزەداری
جا دەڵێی بڕنووی سەواری
بە ڕۆحی بابەقەتاری
دەمت غونچەی خەندانە تێیدا دوو ڕێز مرواری
چ خەتایێک ڕوویداوە بەینێکە لێم لووتخواری
کیژە کوردەی موکریان چەندە ناسک و نازداری
هۆ خرینگە خرینگە خرینگە خرینگەی بازنەکەی
ئەرێ دەستم نەبردووە هەی بۆ شەمامەکەی
ئەرێ بۆ شەمامەکەی

ئەرێ چاوی لێڵە بۆ خەوێ
نەحلەت لەو دڵەم ناسرەوێ
باریکەی خاسەکەوێ
ئاوەدان بێ هەنگەوێ
باریکەی شل و شەوێ
یەک بە دڵی خۆم خۆش دەوێ
شەرتم کردووە دەیهێنم نەممێنێ نانی شەوێ
هۆ خرینگە خرینگە خرینگە خرینگەی بازنەکانی
جا دەڵێم بمدەیە ماچێک پڕ بە دڵی من جوانی
ئەرێ ماشەڵڵا جوانی

ئەرێ راوەستا لە دەروازە
چاوی شەهێن و بازە
کار لە کارێ ترازا
غەمبارم بێ ئەندازە
جا دەبەر ئەو سینگەت دەمرم هەر دەڵێی کانی و حەوزە
سابڵاغی لەسەر گێڕم حەتا سەر پردی تازە
ناوێرم نێوی بێنم تۆزکێک*؟ بێ مەجازە
هۆ خرینگە خرینگە خرینگە خرینگەی گوارەکەی
ئەرێ دەستم نەبردووە هەی بۆ شەمامەکەی
ئەرێ بۆ شەمامەکەی

ئەرێ هەمرم چاوەکەم یارە
زێڕی هەژدە عەیارە
گەلی دۆست و برادەران تەگبیر بکەن لەو کارە
بابی زیندانی کردووە دەوری سیمی خاردارە
ناوێرێ بێتە ژوانێ پۆست و قەراوڵ دیارە
یاخودا ئاگاداری بێ سەد جار ئەو شێخەی بیارە
هۆ خرینگە خرینگە خرینگە خرینگەی گوارەکەی
ئەرێ دەستم نەبردووە هەی بۆ شەمامەکەی
ئەرێ بۆ شەمامەکەی

ئەرێ نێوان مانگی بەهاران وەختی خێڵ بەرەوژووران
لە هاڕەی ئاوهەڵدێری کوێستانی سەرسنووران
ورشەی بازنە و پاوانە خرمەی گوارە و بەرمووران
تاقەکیژێی ئێلاتیان لە نێو گوڵاڵەسووران
هۆ خرینگە خرینگە خرینگە خرینگەی بازنەکانی
هەی دەڵێم بمدەیە ماچێک پڕ بە دڵی من جوانی
ئەرێ ماشەڵڵا جوانی

ئەرێ سینگت تەختە بۆ لاوان
قورینگێی سەر کانی و ئاوان
وەختە بمرم لە تاوان
کورتە نازدارەی باوان
لێرەڕات دەسەر گێڕم تا سەهەند و سۆڵاوان
تازە مەیلت بەر نادەم شەرتە بە شەرتی پیاوان
سەر و ماڵم دەفرۆشم بەڵکوو هەڵێنی چاوان
هۆ خرینگە خرینگە خرینگە خرینگەی بازنەکانی
جا دەڵێم بمدەیە ماچێک بەین و بەینەڵڵا جوانی
ئەرێ ماشەڵڵا جوانی

ئەرێ جا کەڵەگەتەی چاوشەهێن

بە ماچێکت هەرزانە سەردەشت و دربکە و لاوێن
ماچێکم لێ بردەوە بە گرەو و چۆڵەمشکێن
شەو درەنگە بۆ جێژوانێ سەر بەتاڵەی*؟ مل بە کوێن
هۆ خرینگە خرینگە خرینگە خرینگەی بازنەکەی
ئەرێ دەستم نەبردووە هەی بۆ شەمامەکەی
ئەرێ بۆ شەمامەکەی

ئەرێ سینگت تەختی نەردێنێ
تاوسە خۆ دەلەنگێنێ
شل دەبەستێ پشتێنێ
گەر بەنەوشەی دادێنێ*؟
هەقیە زیز بێ و نەمدوێنێ
جا دەبەر ئەو چاوەی دەمرم جار جارە هەڵیدێنێ
ئەو بەرموورەی چەن سەختە کوێر بم مەمکی دێشێنێ
هۆ خرینگە خرینگە خرینگە خرینگەی بازنەکەی
ئەرێ دەستم نەبردووە هەی بۆ شەمامەکەی
ئەرێ بۆ شەمامەکەی

*؟= ئەو بەشانەمان بۆ ساغ نەبووەتەوە، تکایە ئەگەر دەیزانن لە ڕێگەی بەشی "ڕاپۆرتی هەڵە" بۆمانی بنووسن.
زۆر سپاس