جەلال مەلەکشا

تاسە

بە دەنگی: جەلال مەلەکشا
شێوەزار: سۆرانی
536
خۆشەویستم
زۆر لەمێژە تاسەی دووریت وەک دڵۆپێ فرمێسک لەناو گلێنەی چاوما قەتیس ماوە
هەوری ئازار بەسەر کێڵگەی تینووی
دڵما پرچی ڕەشی خەم و زووخاوی هەڵاوە
خۆشەویستم
تاسەی دووریت بوو بە تفەنگ
دەستی لە مل چیا کرد و نەهاتەوە

تاسەی دووریت بوو بە خەیاڵ
ڕۆیی دەرگای سنوورەکان بکاتەوە
تاسەی دووریت بوو بە هەللاج
سێدارەی کرد بە جێژوانی دڵداری و ماچ
خۆشەویستم
لە نێوانی من و تۆدا دەریای ئاور شەپۆل ئەدا
سنوور وەک سەگ ئەلوورێنێ قەپ بە پاژنەی قاچا ئەکا
هەنگاو بە هەنگاو تێمانە
بەڵام من ئەو ئەویندارەم لە ناو خوێنا ئەژیمەوە
شەقڵی سنووریان ئەشکێنم بە حەیران و سیاچەمانە
خۆشەویستم
باسی دڵداری من و تۆ دنیای گرت و هێشتا ئێمە لەیەک دوورین
باسی دڵداری من و تۆ چاوی مێژووی کردە کانی فرمێسک و خوێن
هێشتا ئێمە سەدە و ساڵ و مانگ ئەژمێرین
خۆشەویستم
تۆ ڕێ کەوە من هەوڵ ئەدەم با بە یەکتر بگەینەوە
تۆ بانگم کە من پڕبە دەم هاوار ئەکەم
وەڵام یەکتر بدەینەوە
قەف قەف زەنجیر سنوورەکان بپچڕین و ئەو هێلانە شێواوەمان بکەینەوە بە کوردستان
ئەو هێلانە شێواوەمان بکەینەوە بە نیشتیمان