شێرکۆ بێکەس

شەهیدان دەرگامان لێ ناکەنەوە

بە دەنگی: شێرکۆ بێکەس
شێوەزار: سۆرانی
1128
شەهیدان دەرگامان لێ ناکەنەوە
هەموو ساڵێ
لە یادی شەکراو خواردنەوەی ڕاپەڕین و ئازادییا
قوربانییەکان یەکە یەکە بە خۆیان و گوڵی ژاڵەی سەر سنگیان و
باوەشی پڕئەستێرەوە ئەگەڕێنەوە بۆ ماڵێ.

ساڵی یەکەم شارەکەمان جمەی ئەهات
لە جریوەی خەمی سوور و
لەبەر باوەشپیاکردن و ماچی ئەوان
لەبەر هات و چۆی پەپوولە و
لەبەر خۆنیشاندانی هەزاران گوڵەهێرۆ و دارئەرخەوان
لەبەر قریوەی برین و تێکڕژانی دارهەنار و گێلاسەکان
شەقامەکان هەناسەیان بۆ نەئەدرا
زۆر گۆڕەپان
وەختێ هەوایان لێبڕا
بوورانەوە
زۆر نەونەمام هەر بوون بە ژێر دەست و پێوە
لەبەر شەهید
زیندوو ڕێگەی نەبوو دەرچێ
چایخانەکان
لەبەر جامانە و تەزبیح و قەمسەڵەی زەیتوونیی ئەوان
یەک کورسی چۆڵیان تیا نەما
بەردەمی ئەمنە سوورەکە ئەتوت شەفەق تیا ڕژاوە
ئاڵ ئەچووەوە
لەبەر سروودی ئەی ڕەقیب
هەرچی گۆرانی غەزەلە دیار نەمابوون

ساڵی دووهەم
گەڕانەوەی قوربانییەکان
وەک هاتنەوەی حاجی لەق لەق
یان گەڕانەوەی هۆنراوەی پێنج خشتەکی
کەم بوونەوە

ساڵی سێهەم و چوارەم و بەرەو ژوورتر
شەقام چۆڵ و بازاڕ چۆڵ و چایخانە چۆڵ
گەڕانەوەی برینەکان
وەکوو پەپووسڵێمانکە کەم ئەبینران
هەر بە نامە لە ئێمەیان ئەپرسییەوە
ئەیاننووسی: بۆ بێینەوە؟
لەبەر کۆپی کردنەوەی سەرمان و
لەبەر تەزویری دەنگمان و
تێکەڵبوونی چاوی ئێمە و چاوی گورگ و گۆڕینەوەی دەستی ئێمە و دەستی کورسی لەگەڵ یەکا
بۆ بێینەوە؟
بۆچی لەبەر عەلەشیشی بۆینباخی سوور لە مل و
لەبەر فیزی کەڵەشێری شەبقە بەسەر
لەبەر تاوسی پڕگیڤی
لەخۆبایی تەلارەکان
ڕێ بەر چۆلەکە و ڕیشۆڵەی
خانووە قوڕەکان ئەکەوێ؟
بۆچی لەبەر ڕیزی علووج
ڕێ بەر شەهیدان ئەکەوێ؟

وا ئێستاکەش
من خۆم ئەچم
بە مشتەکۆڵەی قەسیدەم یەکە یەکە
لە دەرگای خوێنیان ئەدەم و
بە دەنووکی وشەکانم
لە شووشەی پەنجەرەی زامیان
بەڵام کەسیان نایکەنەوە
من تەریق تەریق ئەبمەوە
لەم دیوەوە خۆم گوێم لێیە
ئەو دەنگە باش ئەناسمەوە
هەر دەنگی شەهید خۆیەتی
وەختێ ئەڵێ:
ئەو دەرگایە مەکەنەوە و
پێیان بڵێن:
لێرە نییە...