لەو دەمەیدا پیاڵە دەدرێن لە پیاڵە
لەو دەمەیدا لێوتان بەبادە ئاڵە
لەو دەمەیدا...
لەو دەمەیدا کۆڕی* ڕەشبەڵەک گەرمە
لەو دەمەیدا دەکوشن کام پەنجە نەرمە
لەو دەمەیدا...
لەو دەمەیدا کە دەگرن باز و دەروان
لەو دەمەیدا دەس دەگێڕن لە بەروان
لەو دەمەیدا...
لەو دەمەیدا دەس لە بەژنان وەردێنن
لەو دەمەیدا بەرکۆژە دەترازێنن
لەو دەمەیدا...
لەو دەمەیدا کۆڕی* ڕەشبەڵەک گەرمە
لەو دەمەیدا دەکوشن کام پەنجە نەرمە
لەو دەمەیدا...
لەو دەمەیدا دۆ دەکەونە خۆڕانان
لەو دەمەیدا کە دەکوشن گوڵمە* ڕانان
لەو دەمەیدا...
لەو دەمەیدا تامەزرۆن لە جێژوانان
لەو دەمەیدا بەخۆوە دەکوشن جوانان
لەو دەمەیدا...
لەو دەمەیدا گڕ دەگرن* مەیل و تاسە
لەو دەمەیدا تێک هەڵدەنگون هەناسە
لەو دەمەیدا...
لەو دەمەیدا کە دەمژن شەکرە لێوان
لەو دەمەیدا نەبێ لەمپەر و نێوان
لەو دەمەیدا...
لەو دەمەیدا پۆلی بێریان ڕادەبرن
لەو دەمەیدا کیژ چاوتان لێ دادەگرن
یادم بکەن، یادی منی دوورەوڵات*
یادی منی ڕێبواری ڕێگای نەجات*
یادی منی بێ بەش لە خۆشی و شادی
یادی منی سەوداسەری ئازادی
لەو دەمەیدا...
لەو دەمەیدا گوێ هەڵدەخەن بۆ تارێ
لەو دەمەیدا 'قادری'* دەڵێ قەتارێ