تاهیر خەلیلی

قانە و شوان

بە دەنگی: تاهیر خەلیلی
شێوەزار: سۆرانی
46
پاڵم دا وە پاڵ دار مازوو دارێ
ڕوانیم کە تک تک عەتری ئەبارێ
نواڕیم لە لاما هەندێ حەیوانە
پڕمەی مێگەل و تەقەی گۆچانە
دیم نەوجوانێک کەپەنک لە بەر
گاڵۆک لە مەچەک، کڵاو لە لای سەر

شمشاڵێکی زەرد لە تۆی پشتێنی
مەر چاک تێفکری، ئەرنا نایبینی
مەرحەبا خاڵۆ، چۆنی کاکە گیان؟
لەویا کەوتە بەین، قانع و شوان
مامە بە خێر بێی، خەڵک کام خێڵی
چیت لە ون بووە، بەم جۆرە وێڵی؟

وتم مامە* گیان دڵم ون بووە!
ئەی تۆ نازانی کە بۆ کوێ چووە؟
پێکەنی وتی: مامە دڵ گشتمان
ئەسووڕێتەوە بۆ دەوای نیشتمان
تۆزێ ڕاوەستە، بانگی بکەم بۆت
بیخەمەوە ناو سینەی تەنگی خۆت

نەوی لە شمشاڵ لە هەوای هەی دڵ
هەی دڵ! هەی نامەرد، هەی نازک وەک گوڵ!
کە پەنجەی جووڵان، هەر یەک هەوایێ
هەر یەکە دەنگێ، هەر یەک نەوایێ
گوێم گرت کەوتە سەر بەزمی شۆری نەی*
چۆپی، چەمەری مقامی 'وەی وەی'
کز کز بۆی گریام، تا تەواوی کرد
زانی پەشێوم، شمشاڵی لابرد

کاتیش چ کاتە؟ کاتی بەهارە
کوردستان هەمووی چەشنی گوڵزارە
کاتی ئازادی دیلی زستانە
سەیر و تەماشای دیدەمەستانە
هۆنراوە: قانع
*= ئەو بەشانە لە هۆنراوەی شاعیردا بە شێوەی "بابە" و "بەزم و شۆری نەی" هاتووە.