خەلیل سەدیقی

زیندانی ئەژدەهاک

بە دەنگی: خەلیل سەدیقی
شێوەزار: سۆرانی
255
ئەژدەهاک زیندانت قەڵاقەڵایە
دیواری کۆنکرێت دەرگات* پۆڵایە
ئەژدەهاک کونبڕە، سەختە زیندانت
ناڕووشێ بە بڕبەن بەندی گرانت!
هێند چەشن سەربڕن زیندانەوانت *
ڕەنگسوورن بە خوێنی بەندییەکانت*
دڵڕەقیت هەر ڕۆژ چەشنێک سزایە*
بۆ بەندیی خاوەن هۆش دێتە* کایە
ئەژدەهاک! ئەی دێوی لە بیر زراوچوو
ئەی ناشتای مارانت بە مێشک کردوو!
ئەو مێشک تازانەی زنجیرت کردوون
لە لێوی پێچاڵی مەرگا ڕاتگرتوون
چاوەڕیێ فەرمانن بە ڕێی نەهاتا
ببرێنە بەر تەناف لە نۆرە و کاتا
مێشکیان، ئامانجیان، هیوا و تاسەیان
لە پەتا بتاسێ وەک هەناسەیان!
بەڵام تۆ، ئەژدەهاک! لە هەڵپەی خۆراک
ناتوانی بکەوی بۆ ماری ناپاک
هەر ئەگری، ئەکوژی، ئەدەی لە گەردن
مێشک دەرخوارد ئەدەی بە ماری نەوسن
تا ڕۆژێک ئەو خوێنەی بە ناحەق ڕشتت
ئەو بیرەی وات زانی یەکجاری* کوشتت
تاو ئەدەن دەماری تەنووری کاوە*
ئەو چەکوشوەشێنەی ڕۆڵەکوژراوە
ئەخرۆشێ و ئەجۆشێ و کۆمەڵ یەک دەخا
هەر هەڵسا و ئەبینی زیندانت ڕووخا!
ئەوە لە هەر لایێک لە مەیدانا مرد*
جێی شانازییە بۆ نەتەوەی کورد*
هۆنراوە: گۆران
*= ئەو بەشانە لە هۆنراوەی شاعیردا بە شێوەی "دەرگای"، "سەربڕ و زیندانەوانت"، "سەرخۆشن بە خوێنی گشت بەندییەکانت"، "تاوە چەشنە سزایە"، "ئەخاتە"، "ئێجگاری"، "تاو ئەدەن تەنووری دەماری کاوە"، "ئەو حەلە هەر لاوێ لە زیندانتا مرد" و "ئەبێتە مایەی بەخ بۆ نەتەوەی کورد" هاتووە.