ئەمین گەردیگلانی

برین

بە دەنگی: ئەمین گەردیگلانی
شێوەزار: سۆرانی
234
برین
تاکوو چەک بیکەن لە کوردستانەکەم گێرەی برین
پڕ دەبێ ئاسمانەکەم بێ شک لە ئەستێرەی برین

گوللە تا زیاتر ڕەگاژۆ کات لە گۆشت و ئێسکما
گەشتر و چڕتر دەبێ ئەم پیرە زەنوێرەی برین

خوێن دەڵێنن دەشت و شاخ و ماڵ و کۆڵان و شەقام
بست بە بست دەڕوێن لەسەر ئەم خاکە شللێرەی برین

تاکوو دەریا لووشەری جەستەم بێ ویشکە سوێترە
جەرگی دەبڕم بەو کفارەی ڕۆندکە سوێرەی برین

بۆیە چێشکەی شلکی وەک "ئایلان"ی پێ قووت نادرێ
قوڕگی گرت خوێناوی خەستی پڕ کەف و لێرەی برین

گڕ دەھاوێژێ قەمۆچکەی گڕپژێنی دژ ڕەوێن
مێشک و سینگی شەوپەرست ئامانجە بۆ سێرەی برین

غیرەتی شەنگال و کۆبانیی لە دڵدا کۆوەبوون
گشت جیھانی ڕاپەڕاندن زایەڵەی چوێرەی برین

تاکوو قووڵتر بێ برینم پڕوزە و ئاشقترم
با لەسەر سنگم چەکی دنیا بکەن گێرەی برین

فەرهەنۆگۆک:
وشکەسوێ: زۆر تینوو، سیوشکە.
ڕۆندک: فرمێسک، ئەسرین.
چێشکە: چێشتە.
لێرە: زنچکاو.
قەمۆچکە: زارکی گڕپژێن.
چوێرە: قیژە و هەرا، هاوار و گریان