
پارادۆکس
گشت زمانن زوورەیە و زوو زوو قسەی ناسک دەکەین
بۆ فریوی یەک، دەم و ڕوو دیلی ژێر ماسک دەکەین
فێری چاڵ و کەندەڵان و بوودڕ و گۆڕی ڕەشین
دەم کە دەبزێوین کەچی باسی چیا و باسک دەکەین
نێر و مێمان زگپڕی قین و تەماحن بۆیە وا
دەوروبەرمان پڕ وچەی داخە و لە پەستا سک دەکەین
ئێمە دیلی دەستی گێژ و فەرتەنەین و دوورە ڕۆخ
پشت و پێمان لێی بڕا هێز و مەلەی باسک دەکەین
ڕێ، لە ڕوومان شەرمەزارە و چۆکی ناسیوین زەوی
کیسەڵئاسا ڕێ دەکەین، هاوڕێیەتیی ئاسک دەکەین
داری قرچۆکین و دەستەملانی هاژەی باگەڕین
ماڵی دڵمان شووشەیە و یاری بە قەڵماسک دەکەین
گەردەلوولی سەرکەشین و لافی شیبا لێ دەدەین
خونچە گوڵ پەڕپەڕ دەکەین، لای لایە بۆ لاسک دەکەین
باوی ئەمڕۆن دوو زمانی و فێڵ و دووڕوویی و درۆ
گشت زمانن زوورەیە و زووزوو قسەی ناسک دەکەین