ئەمین گەردیگلانی

تان و پۆ

بە دەنگی: ئەمین گەردیگلانی
شێوەزار: سۆرانی
248
تان و پۆ
خۆر کە دیتت ڕۆژ و شەو بێ ئۆقرە ھاتوچۆیەتی
تاسەباری شیلەماچێکی دەمی ئاسۆیەتی
گوڵ لە گڵ دەڕوێت و عەتری پێشکەشی شەوبا دەکا
تیشکی خۆر و ئەشکی بارانیشە ڕەنگ و بۆیەتی
گوێ لە ھاژە و ویرەویری ڕۆحی بەفراو ڕاگری
تێدەگەی بۆ ھاتوچۆ بێھوودەکەی ڕۆڕۆیەتی
ژینی کورت و پیرەدنیا ڕۆژی ڕەش کردین، کەچی
گیانی بێ ھیوا بە ھیوای مانەوەی ئەمڕۆیەتی
ئەو گڵەی وا دەم لە ژینا سەد دڵی بۆ کردە خوێن
لاشەخۆری ھەر دەمە و ناخی ڕەشی گڵکۆیەتی
گیان کە ناسکتر لە داوی وردی جاڵجاڵووکەیە
"تان"ەکەی ئاوات و عەشقە و خۆشەویستی «پۆ»یەتی
تۆ منی من تۆم لە قوڕگی کانییێکیش ھەڵقوڵاین
گیانی ناسازت کەچی ھەر من من و تۆ تۆیەتی
بۆ لە دووی ھۆکاری وێرانی مرۆ دەخولێتەوە
دەغڵ و دان و ئاور و خەرمانەکەش ھەر خۆیەتی؟!
دێی بە شلکی و ھەژگەڵی کاتێ لە دنیا دەردەچی
دەبیە گرپە و دوا پشووشت دووکەڵ و بۆسۆیەتی!