
کۆنە ڕێبواری ڕچەی سەخت و چڕی یەلدا منم
بادەوەی دەم باتەزووی سەرد و سڕی یەلدا منم
شەو دەپێوم شەو هەتا کاتی لەدایکبوونی خۆر
شێتە چاوەڕوانەکەی ڕێگەی چڕی یەلدا منم
سۆڵەسۆڵی چاوی ئەستێرەی بەیان بانگم دەکا
چونکە سووتاوی چزە و شۆڵەی گڕی یەلدا منم
ڕۆحی پاییزم گەڵا فرمێسکی چاوانی منن
قەترە ئاونگی تەزیوی دڵپڕی یەلدا منم
بەڕبەڕۆچکەش خەونە بۆ کۆرپەی کەسیرەی ئارەزووم
ڕووتەڵۆکی بێ پەسیوی جلشڕی یەلدا منم