نەجمەدین غوڵامی

من هەم

بە دەنگی: نەجمەدین غوڵامی
شێوەزار: سۆرانی
203
دۆسم وەرە بە ناڕەوا لە بوونی من خۆ مەبوێرە
سەرنج بدە و بە شنەیی بۆ داستانم گوێ ڕادێرە
ڕەنگە لە نێو نەخشەکاندا ناوی منتان نەهێنا بێ
یان بە پیتی ناحەزانم حاشا لە بوونم کرا بێ
بەڵام دۆستم دڵنیا بە بووم و هەم و ناتوێمەوە
لە نێو دڵی خەڵکی خۆمدا بە هیچ هێزێک نابڕێمەوە

ڕۆڵەکانم هەر سروودی بوونی منە و دەیخوێننەوە
ڕێبوارانی ڕێی ڕزگاریم ناوی منە و دەیڵێنەوە
من ئاوێتەی پێڵی دیجلە هەواڵ هەنگاوی فوراتم
ئەمن گەوەی سەختی ئاگریم ڕزگ و ڕەگەی ئاراراتم
من لە ناخی زاگرۆسدام و قەندیل و ئاگری و هەڵگوردم
خۆگێلکردن سوودی نییە، بزر نابێ زێدی کوردم

بەیانییان کاتێ گزینگ لوتکەی کێوم ڕادەمووسێ
ڕەنگدانەوەی بوونی منە و تاپۆی هەرمانم دەنووسێ
چۆن ون دەبم من لە ئەشکی مناڵانی باوککوژراودا
لە نێو ڕەنگ و ڕوومەتزەردیی دایکانی جگەرسووتاودا
من ئاوێتەی عەشقی پاکی کیژ و کوڕی کوردەواریم
لە نێوە زەردەی بزرکاوی کۆرپەی دوورا بەختیاریم

ڕۆژاوایی زۆر لەمەوپێش نکوولیتان لە بوونم کرد
پەیمانی شوومی لۆزانتان بە دیاری بۆ دوژمنان برد
بەڵام دیارە ئەگەر ڕاس بێ ڕۆژ و مانگ و ئاسمان هەیە
یان لە جێیەکدا ئەگەر ڕاس بێ ڕاستی هەیە و ژیان هەیە
ئەوە ڕاستە منیش هەم و قەت ون نابێ کەسایەتیم
لەگەڵ خەڵکی گەورەی خۆمدا تا هەتایە هەم و دەژیم
هۆنراوە: ئەنوەر سوڵتانپەنا