ناسر ڕەزازی

نازانم لە کێ پرسم ئەو گوڵە میوانی کێیە

بە دەنگی: ناسر ڕەزازی
شێوەزار: سۆرانی
290
لەبەر ئەو کچە ڕەشتاڵە قەدی دەڵێی شمشاڵە
پرسی شێخ و مەلام کرد ماچی بۆ من حەڵاڵە
ئاوری لە من بەرداوە ناسکێ دایکی منداڵە
پێم گوت ئاوێزانت بم مەمکت وەک پرتەقاڵە
ئەرێ وەی نازانم نازانم نازانم لە کێ پرسم ئەو گوڵە میوانی کێیە
ئەرێ وەی منداڵە و زۆر نەفامە دایمە لەبەر دەرکێیە
ئەرێ بانگی کەن بێتە دەرکێ کاری مەخسووسم پێیە

ئەرێ وەی لەبەر دەرکییان دارە هەنجیرە یان هەنارە
لەسەر باڵای لێوئاڵێ با بمدەن لە سێدارە
شەرتە تاکوو نەمکوژن دەسهەڵگیر نیم لەم کارە
ئاوری لە من بەرداوە مەمکی وێنەی هەنارە
ئەرێ وەی نازانم نازانم نازانم لە کێ پرسم ئەو گوڵە میوانی کێیە
منداڵە و زۆر نەفامە دایمە لەبەر دەرکێیە
بانگی کەن بێتە دەرکێ کارێ مەخسووسم پێیە

ئەرێ وەی وەی...
ئەو قورعانەی بتگرێ هێنات لێکت کردەوە
سێ جار دەستت پێدا دا بۆ مزگەوتت بردەوە
بۆخۆت کەیفم بۆ دەکەی بە گەردنی زەردەوە
ئەمنت ماڵوێران کردووە بە دەم داخ و دەردەوە
ئەرێ وەی نازانم نازانم نازانم لە کێ پرسم ئەو گوڵە میوانی کێیە
منداڵە و زۆر نەفامە دایمە لەبەر دەرکێیە
بانگی کەن بێتە دەرکێ کاری مەخسووسم پێیە
زێڕی هەژدە عەیارە دەمانچەی کەلەکێیە
ئاوری لە من بەرداوە شۆخە گوارە لە گوێیە

دەوای دەردەکەم ئایشێ ناڵچەی زێڕی لە کەوشێ
ئاوی گوڵان دەدێرێ ماندوو بووە دەستی دێشێ
هەی زریان خەجاڵەت بی تۆز لە یارم نەنیشێ
پشتوێندەکەی شل بووە لۆیەکی لە دووی دەخشێ
نازانم نازانم نازانم وەی نازانم لێم تێکچووە یارم لە کوێ میوانە
سەبارەت بە یاری خۆم ئاوەدان شاری بانە
پێم گوت ئاوێزانت تا سبەینێ ئەو دەمانە
قەوڵت بە من داوە ناسکۆلەی بیچکۆلانە