محەمەد ماملێ

کاتی بەهارە

بە دەنگی: محەمەد ماملێ
شێوەزار: سۆرانی
97
کاتی بەهارە چاوەکەم! بێ بچینە باغی دووبەدوو
گوڵ بچنین بە هەردوو دەس، بێینە سەما و جوستوجوو

ساقی بە هەڵپەڕینەوە دێت و دەچێ لە نێو چەمەن
خونچە بە پێکەنینەوە دڵ دەڕفێنێ زوو بە زوو

بولبول و قومری هەر تەڕەف سازی تەڕەب دەکەن، کەچی
لە شاخی گوڵ، لە داخی دڵ خۆ دەنوێنێ کوندەبوو

عەڕعەڕ و سەرو و نارەوەن پاکی بە دەم نەسیمەوە
بە ڕەقس و شەوق و زەوقەوە دێن و دەچن بە ئارەزوو

ئەدەب دڕا دەفی لەبەر تەرەب لە باخ و گوڵشەنا
لە لای بەشەر لەبۆ دەوا نەما حەیا و ئابڕوو

خۆشییە، کەیفە، شادییە، بەزمە، هەرایە، چۆپییە
بە عیشقی بووکی بولبولێ*، خونچە کە بووکە، دڵ خەسوو

ڕاز و نیازی دڵ دەکەن بولبول و قومری پێکەوە
هەردوو بە فکری بیکرەوە، خونچە بە یەک دەدەن بە شوو

هەر بەتەنێ 'ئیمای'یە بێبەش و بەهرە مایەوە
خەرمەنی خەم بە با دەکا، دەنکی ئەسەف دەکا بە توو
هۆنراوە: ئاوات
*= لە هۆنراوەی شاعیردا "دەدا" هاتووە.