
پۆلە چرا بە شەوقەکەت دەڵێ کە قارەمانی تۆ
قەڵای ئەمیری سارمت دەڵێ کە نیشتیمانی تۆ
دەنگی قەتاری ماملێ دەڵێ کە شادمانی تۆ
مێژوو بە ڕەنگە سوورەکەی دەڵێ ئومێدمانی تۆ
مەهابادی سۆراننشین کوڕ و کچت بژین، بژین
هەرچی لە خاکی پاکی تۆ هەڵدەکەوێ بلیمەتە
ئەرکی لەسەرمە خاکی یارانە گەلێک بە قیمەتە
زەمزەمە ئاوی کێوەکانت پڕی هێز و هیممەتە
شیعری هەژار و هێمنت ویردی زمانی میللەتە
مەهابادی سۆراننشین کوڕ و کچت بژین، بژین
ئەو دەمە هەڵپەڕینە چەند خۆشە خرۆشی پەنجەکان
چون بە تەواوی یەکتریان گرتووە شۆڕەگەنجەکان
یەک بگرن بە عەشقەوە بەرزەچیا بدەن تەکان
هێزی وەها عەتا بکەی بەم گەلە زاتی لامەکان
مەهابادی سۆراننشین کوڕ و کچت بژین، بژین
شیوەنی دایکی نیشتیمانە بە فەغان و داخەوە
گڕگڕی بەرزی کاتی نەورۆزە لە قوڵقوڵاخەوە
تۆپی شەماڵی لەندی شێخانە دەچێتەوە باخەوە
هەوهەوی نەونەمامی سۆرانە لە سابڵاخەوە
مەهابادی سۆراننشین کوڕ و کچت بژین، بژین