
شەوی پاییزە گڤەی کوورەی دێ
کپە کۆڵان ڕەشەبا لوورەی دێ
عەجەلی باخە بە شارا دەخوشێ
خشەخش تەرمی گەڵا ڕادەکشێ
وەکوو ڕوخساری گەڵا بێڕەنگم
کوڵی کۆنم لە دڵە و دڵتەنگم
دڵەکەم هەڵدەگرێ بیرەوەری
دەری دێنێ لە قڕە و چەرمەسەری
دەمێ دەمباتەوە شوێنی جاران
دەمێ دەمخاتەوە کۆڕی یاران
دەمێ دەمباتەوە نێو ئاوایی
شەوی جێژوان و شەوی زاوایی
سەقاخانە وەکوو جاران گەرمە
وەتەنی خۆمە چ جێگەی شەرمە
دەمێ هەنگامەی جۆرا بێنە
کوڕە دۆڕای بڕۆ خورما بێنە
دەمێ ڕاوێژی حەکایەت بە دەور
شەڕەدێوێکە وەکوو ڕۆژی حەشر
دەمێ تەگبیرە لە شایی و دیلان
مەی و موتریب مەزە بە پێی فیلان
دەسی سەرچۆپی دەبی ئی خۆم بێ
کچی فیسارە دراوسێی دۆم بێ
ڕەشەلاوێک هەیە تەپڵێک دێنێ
دەیکوتێ *؟
تووزەلە و نایە بە قامیشی درێژ
ئافەرین لێیدە کوڕی ئەحمەدە جێژ
پڕی قاقایە هەوای ئاوایی
لە دڵان دوورە خەم و تەنیایی
شەوی پاییزی لەوێ ڕادەبڕێ
سەیری دونیایە لەوێدا دەکرێ
مەڕەخۆڵت وە سەرم پیرەوڵات
قەڵەمی تۆم منی ئاوارەی مات
فەعەلاتون فەعەلاتون فەعەلات
دە شەویش ڕاوم بنێن دێمەوە لات
کە لەپڕ دێمەوە نێو ئەم شارە
هەست ئەکەم گشتی لەشم زامارە
بڵێ زوو جێیەکە ڕاخەن ڕۆڵە
وەڕەزم، دەوری چراکەم چۆڵە