جەمال خەمبار

ئەنفال

بە دەنگی: جەمال خەمبار
شێوەزار: سۆرانی
100
هەرچی مینای دڵەکان بوو هەڵیانوەراند
ئەو هەموو گۆزە جوانەیان شکاند
ئەو هەموو کانی و ئاوەیان گوێزایەوە
هەرچی کەڵەکی ژنان و سەکۆی ئێوارانی بەر ماڵان بوو
هەرچی قیبلە هەبوو
قیبلەی نوێژ و قیبلەی عیشق و قیبلەی شۆڕش
هەر هەموویان ورد و خاش کرد
ئەم جەنەتەیان بە ئاوی خەتاکان بەخشی
ئەم هەموو نوێژەیان لە دوعاکان بێبەری کرد
ئەم هەموو شارەزوورەیان کردە تەنوورێک بۆ نانی
ئەم هەموو خۆڵەمێشەیان لە پشکۆکان نیگەران کرد
ئەوان
ئەوان کە هاتن وەرزە ئاڵەکانی عەدەمیان پێ بوو
ئەوان کە هاتن ڕەوە کوللەی ناو میحنەتەکانی مێژوو بوون
هەوای دۆزەخ هێنابوونی
کە هاتن
کە هاتن مەوسمی گۆرانی و شەوقی ئەو هەموو ساڵەیان
خستە چاڵێک ئاگرەوە
ئەو هەموو دەرگایەیان لەسەر تەنیایی ڕۆحەکان داخست
ئەو هەموو خەونەیان بەسەر چڵێکی وەحشەتەوە جێ هێشت
بەرتیلەکانی مناڵی و چرۆکانی بەرائەتیان هەر بە سەوزی
بۆ *؟ فڕێ دا
ئەوان هەر لە ئەزەڵەوە هەر وا بوون
جوانترین گەمەیان کوشتن
و ناسکترین وشەیان خوێن بووە
ئەوان کە هاتن
کە هاتن هەڕچی ماڵی سپی کچە عازەبەکان هەبوو ڕووخاندیان
هەرچی هێلانەی ئاوریشمی عیشق هەبوو سووتاندیان
ئەوان ئاوێنەی حەوزێکی لیخنیشیان نەهێشتەوە
درەختە ڕیشسپییەکانی ئاوایی لە بەریا دەسنوێژ هەڵگرن
ئەوان کە هاتن ڕەوە کوللەی پاش میحنەتەکانی مێژوو بوون
بای دۆزەخ هەڵیگرتبوون
هەرچییان کرد
هەرچییان برد
خۆیان و خوا و تراکتۆرەکان نەبێ
کەس نەیزانی
کەس نەیزانی

پاوانەکانی موحیببەت
پاوانەکانی موحیببەت گەر ئەمجارە زرنگەیان لێوە بێ
غافڵە لە ڕێی عەجەمەوە ناگەڕێتەوە
ئەمجارەیان غافڵەکان لە 'عەرعەر'ەوە دێنەوە
ئەمجارەیان غافڵەکان لە 'عەرعەر'ەوە دێنەوە
کۆڵوانە و گۆزەی شکاو و قۆرییە چای بەجێماوی هێشتا گەرمی ئێوەیان پێیە
هۆرەی کوژراو و ڕەشماڵی بێناز و فەقیانەی تەڕ و خوێناویی ئێوەیان هەڵگرتووە
غافڵەکان لە 'عەرعەر'ەوە دێنەوە
هەموو شتەکانیان پێوەیە ئێوە نەبێ
پووزەوانەی بێ قاچ و چاوەزاری شکاوی سەر دەرگای فیردەوسە ڕووخاوەکانیان بار کردووە
لەوێوە لە وڵاتی بیابانەوە دێنەوە
ئێوەیان لەگەڵدا نین، نا
بە ناوی ئێوەوە مەملەکەتێک لە ژێر لمدا
میرنشینێکی بێ میر و بەبێ ڕەعیەت
وڵاتێکی بەبێ ئاڵا و بێ سروودی نیشتیمانی لەوێدا
لەو سەحرایەدا ئیعلان کرا
بە ناوی ئێوەوە لە پێشەکی چاپی دەیەمی ئینجیلدا
مەسیح نووسیبووی
کێ ئەنفالم بۆ ئەخاتە ڕستەوە
لە خاچەکەم دێمە خوارێ
و سەری خۆمی پێ ئەبەخشم
قافڵەکان لەوێوە لە مەملەکەتی لمەوە
بۆ ئێرەی بێ ئاگر و ئێرەی بێ باران دێنەوە
قافڵەکان پڕن لە میعراج و فانۆس و داری عوود
پڕن لە نۆقڵ و مێوژی هەموو شەوە موبارەکەکانی ئێرا
شەوانی بەراتی ئێوە نەبێ
گەڵای هەموو یادگارییەکانیان پێیە
نووزە و هەنسکی ئێوە نەبێ
هەموو تابلۆکانیان هەڵگرتووە
پۆرترێتی ڕووی مەلوولی ئێوە نەبێ
قافڵەکان هێندە بێ مروەتن کە دێنەوە
گەرمترین هەواڵی دنیایان پێیە
دواخەبەری ماڵاوایی ئێوە نەبێ لە خاک
ئێوە کە گەیشتنە ئەوێ
هێشتا کە بۆنی ڕەیحانە و بۆنی مێخەکتان لێ ئەهات
ئێوە کە گەیشتنە ئەوێ
بیابان بە هاوارەکانی خۆی وت
سەرنجێ لەم گوڵە حەسرەتییانە بدەن
ئەڵێی تازە لە ناو بەهەشتەوە هاتوون
کە گەیشتن گۆرانیتان بیر چووبووەوە
بە ناو درزەکانی زەمیندا بە چرای حوزنەوە
بۆ ترپەی دڵەکان
بۆ قومێک خۆشەویستی
و بۆ چنگێک هەوری سەبووری ئەگەڕان
لەو ئێوارە سەختانەدا کێ ئەیتوانی ئازارێکتان ژیر کاتەوە
کێ ئەیتوانی ئازارێکتان بلاوێنێ
ئێوە کە گەیشتنە ئەوێ هەموو شتێک تەواو ببوو
هەموو شتێک
ڕەنگی قەدەرتان لە ڕەنگی سەحرا ئەچوو
بە بێدەنگی ئەڕژانە ئینجانەکانی مەرگەوە
لەو مەملەکەتە بێ کەنارەی لمدا
ئاگر کە سەیری ئەکردن شەرمەزار بوو
ئێوە کە گەیشتنە ئەوێ
دەمێک بوو خۆڵ باریبووە سەر دڵ و چاوتان
دەمێک بوو کاغەز و جزدان و دەفتەری بەر باخەڵتان
بە خوێنی ئەم کۆچە تەڕ ببوو
ئێوە کە گەیشتنە ئەوێ

ساڵ درەنگە فەسڵەکانی چاوەڕوانی بەسەر چوون
و قافڵەکانیش گەیشتن
و ئێوە چاوێکتان هەڵنەبڕی
ئێوە نامەیەکتان نەنارد
بەبێ گەڕانەوەی ئێوە فیراق دوا ویستگەمە ئێستا
بەبێ پێکەنینی ئێوە گریان دوا جیلوەمە ئێستا
تۆش ئەی زاکیرەی ئەنفالکراوم دەرنگە خۆت کۆ کەرەوە
درەنگە خۆت کۆ کەرەوە
بە دیار ئێوارەیێکەوە دامەنیشە ئەستێرەی تێدا هەڵ نایێت
چاوەڕوانی هاتنەوەی مناڵێک مەکە دەستەکانی پڕن لە دووکەڵ
چاوەڕوانی چی ئەکەیت
ئیتر گۆزەکان لە کانی نایەنەوە
کچە ئەسمەرەکان لەجیاتی سوخمە و مەمکدان
گوڵەزەنبەقی مردن بە سنگیان هەڵەواسن
درەنگە خۆت کۆ کەرەوە
ساڵ درەنگە فەسڵەکانی چاوەڕوانی بەسەر چوون
و قافڵەکانیش گەیشتن
و ئەوان چاوێکیان هەڵنەبڕی
ئەوان نامەیەکیان نەنارد
ئەوان نامەیەکیان نەنارد
ئەوان چاوێکیان هەڵنەبڕی
درەنگە خۆت کۆ بکەرەوە