کامەران موستەفا

دەسا ڕێگەم بدەن

بە دەنگی: کامەران موستەفا
شێوەزار: سۆرانی
44
دەسا ڕێگام بدەن خەڵکە لەگەڵ خۆما کەمێ بدوێم
وەکوو فرمێسکی چاوی خەم بەسەر دڵما کەمێ بڕژێم
کەمێ بڕوانمە ئەو ڕێچکەی کە پێم تیا گرت و پیا هاتم
هەتا ئێستاش سەری نەیدا لە دەرگای شاری ئاواتم
مەتاڵای کەم پەڕەی مێژووی ژیانی ساڵی ڕابردووم
هەموو عومری بە ناسۆر و هەموو ڕۆژێکی بابردووم

شنەی سەرئاو و ناو باخێ نەبوو گیانم ببزوێنێ
چرۆی بەخت و هیوای جوانیم بە ئەسپایی بپشکوێنێ
لە باوەشدا لە ژێر سایەی قژێکی خاو و پەخشانا
لەبەر تیشکی چرای جوانی نەمامێکی درەخشانا
بەیانی لێ وێنەی باران شنە و ئاوەنگ بەسەر لێوما
بەسەر گیانی پەشۆکاو و بەسەر باڵای چڵ و چێوما

بەهارێکی نەبوو ژینم بڵێم خۆشە بەهار وا بێ
لەگەڵ بووکی هیوا خۆزگەم نەدی جارێ بە زاوا بێ
دڵۆپێ مەی چییە نەمچێشت لە جامێکی تەڕ و ئاڵا
لەگەڵ یارێ لە گوڵزارێ لە کوێستانێکی خاڵخاڵا
نمەی بارانێ هەر نەیدا لە شەتڵ و عومری ناکاتم
سەپانی هەر نەویست جارێ بڵێم چی وەرزی نەهاتم

لەسەر ڕێما نەبوو دارێ لە سێبەریا هەتا تاوێ
وچانێ با لەشی ماندووم کەمێکیش لێک بنێم چاوێ
لە مەیخانەی شەوا با بێ مەیی خەستی هەزار ساڵە
وەها گێژ کا سەری کاسم نەزانم عومری خۆم تاڵە
دەسا ئەی خەم دەسا هاوڕێی شەو و ڕۆژ و هەموو ساتم
دەستت ڕابگرە بۆ دەستم زەبوونم ڕووبەڕووت هاتم