محەمەد ماملێ

هاتە خوار با بێتە خوار ٢

بە دەنگی: محەمەد ماملێ
شێوەزار: سۆرانی
30
ئەرێ عەمر و چاوەکەم یارە زێڕی هەژدە عەیارە
با لەسەر باڵای بەرزت با بدرێم لە سێدارە
ئەرێ با بێتە خوارێ و بێتە خوار هاتە خوارێ لە دارێ
باسکم وە بن سەری دە ناسکۆڵە و [گێل]گێلە دارێ

ئەرێ جا وەکی لە من قەوماوە یاڕەبی لە کەس نەقەومێ
لە وڵاتی موکریانی کەس نییە هاواری بەرمێ
باب و دایکی لێوئاڵی تووڕن نامدەنێ نەرمێ
جا لەسەر ئەو حاڵەش لە یار زۆری لێ دەکەم شەرمێ
ئەرێ با بێتە خوارێ و بێتە خوار هاتە خوارێ حەلیمێ
باسکم وە بن سەری دە بڵێ ناسکۆڵە و نازەنینێ

ئەرێ دەردێکی وای داومەتێ کافر حاڵم نەبینێ
جا گەلی دۆست و برادەران بۆم بگێڕن گەرمەشینێ
ئەی دەڵێن لێرە نەماوە چووە بۆ چین و ماچینێ
ئەرێ با بێتە خوارێ و بێتە خوار هاتە خوارێ لە دارێ
دنیام لێ بووە بە زرێبار هەی لەبەر شەدەلارێ

کەس نییە بینێرمە کن یار بۆ باس و بۆ خەبەرێ
هەرکەس ئەتۆی لە من کرد با وەک ئەمنی بەسەرێ
جا سەر و ماڵم دەفرۆشم بۆ دوو چاوی دولبەرێ
ئەرێ با بێتە خوارێ و بێتە خوار هاتە خوارێ لە دارێ
دنیام لێ بووە بە زرێبار هەی لەبەر شەدەلارێ

ئەرێ فەسڵێکی گەلێک خۆشە نێوان مانگی بەهاران
کوێستان دەڕازێنەوە خێڵ هەڵدەکشێن بۆ بناران
دوو شت یەکجار زۆر خۆشە بۆ سەبووری دڵداران
جا گەڕەلاوژەی شەوانە، هەڵپەڕینی ئێواران
ئەرێ با بێتە خوارێ و بێتە خوار هاتە خوارێ حەلیمێ
باسکم وە بن سەری دە بڵێ ناسکۆڵە و نازەنینێ