
ئێستا کچێک نیشتیمانمە
وا هات عاشقان!
وا خۆی هات!
بە پۆشاکی گەڵاڕێزانەوە وا هات!
بە نۆزدە ساڵی زەردەوە
بە نۆزدە چرای تاریک و
بە نۆزدە زامی سەوزەوە
لەگەڵ پەپوولە پاییزەی غەریبانا بەڕێوەیە و
دێ بۆ لاتان!
تکام وایە وەختێ گەیشتە بەردەمتان
تکام وایە لە ناو ئاسمانی بیستنا
باڵندەی گوێتانی بەنێ!
لە چاوتانا تەماشاتان گەش گەش هەڵکەن
دەسکەن بە سینەی خۆتانا و
لەگەڵ ماچی دیمانەدا سێوی دڵتانی بۆ هەڵدەن!
ئەو قەسیدەی بای وەشتێکی برینداری سەر شەقام و
ناو ماڵەکانی خۆتانە
'با'یەکی ئێجگار دڵشکاو بارانێکی نائۆمێد و
کتێبێکی بێزار لە زمانی خۆی و
ئەمە حیکایەتی غەدر و
شانۆنامەی ئاخاوتنی جووڵەی جەستە و دەست و پەنجەی یەک بە یەکی هەمووتانە
وا هات عاشقان!
وا خۆی هات
ئەم عاشقە لەگەڵ خۆیا نیشتیمانی گوڵ و سووتوی هەڵگرتووە و
لەگەڵ خۆیدا دیرۆکێکی قوربانیتان بۆ دێنێتە ئەم هۆڵەوە
وا هات عاشقان!
وا خۆی هات!
من 'کامەران'م
یەکەم درۆی نووساو و
بەرجەستە بە خۆمەوە ناوەکەمە!
هەر وەک ئەوەی 'دڕدۆنگ' ناوی 'دڵنیا' بێ و
'قاقر'یش ناوی 'دارستان'! دیسانەوە وەکوو دوێنێ و
وەکوو پێرێ و پار و پێرار ڕۆژێکی تری سواومە و
دیسانەوە هەر خۆم سوغرەکێشی خۆمم و
بێواز بێواز پاڵنان بە بێزاریمەوە بەردەوامە
دەمەو عەسرە و
چون چڕ و چاوی نیشتیمان هەوا گرژە و
گەڕەک مۆنە و
چەند 'هەزار'ێکی چرچ و لۆچ لە گیرفانی پانتۆڵێکی غەمگینمایە و
ئەڵێی پشیلەی بەر گەرمای بێتاقەتم
خاو و خلیچک لە ماڵەوە ئەچمە دەرێ
ڕۆژی سواو نە چرکەی لە خولەکی گیر ئەبێ و
نە خولەکی لە سەعات و
نە هیچ شتێکی پێوە بەند ئەبێ و
نە هیچ شتێکیش هەرگیز ئەتوانێ توندی بکاتەوە!
مانەوەیێکی بێهوودە و
سووڕانەوەیێکی بێهوودە و ونبوون لە ناو بۆشاییدا
لەم ڕۆژژمێرەی ئێستەدا
سەعات له ڕۆژ
هەفته له مانگ
مانگیش له ساڵ وەڕس بووه
من له خۆما له ناو خۆما ڕەنگم له ڕەنگم بێزارە و
دەنگم له بوونم بێزارە
هەر لەم کۆڵانەی ئێمەدا دەرگا لە چوارچێوەی خۆی و
شووشە لە پەنجەرەی خۆی و
سیلەی کۆڵان لە کۆڵان و
کۆڵان لە دەر و دیوار بێزارە
بێتاقەتی لەتەکمایە و هەنگاو ئەنێ یان سێبەرمە یان هاوڕێ
وەختێ ئەگەمە ناو شاریش سەرنج ئەدەم
شۆستە لە شەقامی خۆی و
وشە لە زمانی خۆی و
نهۆم لە تەلاری خۆی و
دوکان لە جامخانەی خۆی و
هەموو شتێ لە شتێکی خۆی بێزارە
لە ناو منا بێزاری هێند چڕ بووەتەوە خۆم ئەبینم بێشەڵانم و
گەڕاڵێکی ناو زماکم و
تاڵێ هەتاو ناگاتە لام
من بە تەنها هەر تەماشای پەرت و پەرشی پایزانە و دوو دەستی پەنجە پەژموردە و دوو قاچی لە لەش وەڕسی سەر شەقامی ئێوارانێکی دووبارەی هەتا شەوی جادەی سەهۆڵەکەم هەیە و هیچی تر نە
ئەوەی هەموو ڕۆژ لای من کورت و کورتتر ئەبێتەوە هەر ژیانە
ئەوەی بەردەوامیش درێژ درێژ ئەبێتەوە سێبەری ژان و زیگاری خەمەکانە
لەم نەخشەیەدا بێزاری زەلکاوێکە و
هەموو ڕۆژێ چەندین کەڕەت سەرمانی تیا نوقم ئەکەن
هەموو ڕۆژێ من ئەپرسم لە چی ئەچم!؟
چێشتی ترشاو!؟
تەنەکەی خۆڵ!؟
زێرابی ماڵ!؟
لە چی ئەچم!؟
لە ئێستەدا وا هەست دەکەم من خۆڵ و پووش و پەڵاشی وەرزی نامۆیی خۆمم و
ئاوێنەیێکی شکاوی ورد و خاشی بێهوودەیی و تەنیاییم و
نیشتیمانیش وا ئەبینم بووە بە گسکێکی گەورە و
هەموو ڕۆژێ لەبەر دەمی مێژوویەکی بی دەربەستدا گسکەم ئەیات
من گەنجێتیم ئەوەندە بێ ڕێز کراوە لە خەونیشا خۆم ئەبینم یان بووم بە تەیرێکی گول و یاخود بە مێش
وەڕسبوون چییە!؟
دڵێکە لەشی خۆی ئافەرۆز کردووە یان مەلێکە هەموو ئاسمان لەبەر دەمیا بە قەد سەقفی قەفەسێکە
لەم ڕۆژژمێرەی ئێستەدا بە هەر شوێنێکا تێپەڕم بێزاری تارماییێکە و لە پڕێکا پەیدا ئەبێ و لەبەر دەمما ڕائەوەستێ
بەیانیت باش! من ناوم 'بولبولە'ە خەڵکی ئەم باخچەیەم دەمێکە باخەوانێکی تووڕەمان لێ پەیا بووە نە گوڵێ، نە دارێ، نە مەلێ بێ ئاگا بوون چۆن هاتووە و کێ کردوویەتی بە باخەوان بێجگە لە خۆی باخەوانی لەخۆبایی ناهێڵێ بە دڵی خۆم بخوێنم ئەڵێ تۆ فڕینت شوومە و گۆرانییەکی لاساری ئەڵێ تۆ بە قەد ڕیقنەیێک ڕێزی نیشتیمان ناگری پێم ئەڵێ ئەم هەموو ناوزڕاندنی سەر و سنەوبەر و دارسێوانە لە پای چی!؟
پێم ئەڵێ تۆ وەڕسکەری، وەڕسکەر بەیانیان زوو پێش 'با' و پێش کازیوە و بەر لە نیشتیمان خۆی لە خەو هەڵئەسی بە جووکەجووک مێشکی ئەم درەختانەت بردووە! تۆ خەوت لە ئاو، لە گوڵ، لە گیا زڕاندووە ئەم هەموو زەردەزیڕەی پرسیارانە چییە ئەیانورووژێنی؟
پێم ئەڵێ ئەو دەنووکە دەنووکی خۆت نییە! بۆیە بێزار بووم و ئەمەوێ ئەم باخچەیە بەجێ بێڵم و
لە داخانا سەری خۆم هەڵگرم و
ڕوو بکەمە باخچەیەکی دوور دووری هەندەران!
ئاو
بێزاری خۆی بردە لای ڕەگەکان
ڕەگەکان بردییانە لای ناوقەدی دارەکان
ناوقەد بردییە لای لق و پۆپ
لق و پۆپ بردییە لای پژ و پۆ و گەڵاکان
ئەوانیش بردییانە لای چاودێر و
و ئەویش بردییە لای سەرۆکی شارەوانی و
و ئەویش بردییە لای نیشتیمان
نیشتیمانیش هیچ گوێی نەگرت
لەسەر جادەی سەهۆڵەکە ڕاوەستاوم
نیوەم خەونی مردووی خۆم ئەژمێرێ و
نیوەکەی تر بووەتە زەردەی کز و ماندووی خۆرنشینی چاوانم و
لە جەستەما بۆ بەرەوخوار دائەگەڕێ
لە قەراخ شار ئەگەمە کەناری ئێواران
بێزاری هەر لەگەڵمایە
ئێوارەو باش من ناوم 'مەترە'یە مەترەی ئەرزپێوان بێزارم بێزار ئەوە چەن ساڵە کۆمەڵەدەستێکی نیشتیمان لە بناری ئەو شاخەوە هەتا ناو شار ئەمکەنەوە و ڕامئەکێشن جاری وا هەیە من چەند جار تەواو ئەبم بەڵام ئەوان ئەرزەکانیان تەواو نابێ! بێزارم بێزار بێزار ژمارەیەکم نییە جەستەی ژان نەکا و شەوان نەیکەن بە ناڵەناڵ! ئەڵێم لەوانەیە ڕۆژێ وەختێ ئیتر بێ هیوا بووم هەر خۆم بە خۆم بخنکێنم و یاخود ئیتر لە تاوانا هەستمە سەرپێ و خۆم هەڵدەم و ئەڵقە ئەڵقە بچمە ملیان؟!
ئەگەمەوە ناو تاریکی و ناو هەژاری و بەردەم ماڵێ
من خۆم ڕۆژ بووم بەڵام پڕیان کردم لە شەو
من خۆم گۆمیلکەی نێرگز بووم پڕیان کردم لە تینوێتی و پووش و پەڵاش
من بۆخۆم ئیستە و ئایندەم کەچی سواری مێژوویەکی کۆنیان کردم
غەڵغانێک و شمشێرێکی ژەنگاوییان دایە دەسم
بردییانمەوە بۆ ناو قەڵای تامارەکانی ڕابردوو
کە وڵات بوو بە چەتەووڵی هەڕەشە و چی دەرگایە لێی داخستی ئیتر شتێک نییە لەوا هەرگیز تۆ پێی بڵێی خۆشەویستی من تەڵاشم یان کۆتەرەم!؟ هەموو جارێ خۆم ئەبینم گێژاوێ خولم ئەدات و ئەمباتە بنی بنەوە و لە ناکاویش هەڵم ئەداتە سەرەوە نە ئەوەتا بە ئێجگاری نوقم بم و نە ئەوەتایش هەتاکوو سەر هەر لە سەرێ بمێنمەوە!
لەسەر جادەی سەهۆڵەکە ڕاوەستاوم
لە دووری دووری دوورەوە
بە قرخەقرخ 'با'یەکی پیرەمێرد دێت و
سمێڵێکم لێ با ئەدا و لەبەر دەمما ئیستێک ئەکا و
سەیری لێ دێ کە لە توخمی ئەویش بم و لەویش نەچم
سەیری لێ دێ هەورێکی تازەی پاراوم لە دەنگایە و
هەڵکردن و گڤە و قسەم ناچنەوە سەر لێڕەوار و دۆڵەکانی باپیرانم
سەیری لێ دێ خۆم دابڕیوە لە دەنگی و ناچمەوە سەر ئەو ئاوێنە پیرۆزانەی بە دیواری مۆزەخانەی جەستەی ئەوا هەڵواسراون
سەیری لێ دێ
ئەو ئەڕوات و من دەس ئەکەم بە هەناوما و ڕۆ ئەچم و بە برینا شۆڕ ئەبمەوە و هەرچی خەڵتەی درۆی مەڵاس و چی خەڵتەی شانازییە کە بەر ئەگرن لە ئاوی ڕەوانی ڕۆحم و زەینم تۆپەڵ تۆپەڵ دەریان دێنم
دەس ئەگێڕم بەناو دڵما
ڕەحم بە هەستی خۆم ناکەم
ڕەحم بە ئازاری خۆم و هیچ نەزیفێکی خۆم ناکەم
دەس ئەگێڕم ملی مێژووەکەی خۆم ئەگرم بەری نادەم
هەتاکوو هەڵی ئەکێشم و بەرەو ئەوپەڕی بێباکی تووڕی ئەدەم
من نازانم
چتێک هاتۆتە ڕۆحمەوە
من نازانم
چ ناوێکی لێ بنێم و چۆنی بانگ کەم
کۆبوونەوەی برووسکەیە و ئەویش نییە
من نازانم
پانخواردنەوەی وەڕسبوونە و ئەویش نییە
من نازانم
تەنها ئەوەندە ئەزانم ئەوەی هاتووەتە ڕۆحمەوە
دوێنێ نییە و هەرگیز هەرگیز لە باو ناچێ و
لە کەس ناچێ و
کاڤڵێکی داهاتووە
بەڵام بێزاری ئەوسەری وا لە کوورەی تووڕەبوونا یاخود لە ناو گڕکانێکا
ئەو ساتەی ئەتەقێتەوە لاشاوەکەی شاری مردوو ڕائەماڵێ و
دەمامکی نیشتیمانیش لە سەرەوە هەتا بەر پێ دائەماڵێ
لەسەر جادەی سەهۆڵەکە ڕاوەستاوم
من تەمەنم نۆزدە مۆمە و لەو نۆزدەیە فووی نیشتیمان سێ چوارێکی هێشتووەتەوە بۆ شەوقی بزە و پێکەنین نۆزدە باڵندەی ناو خەونی لاوێتیم و لەو نۆزدەیە ساچمەکانی نیشتیمان سێ چوارێکیان هێشتووەتەوە بۆ چریکە و بۆ هەڵفڕین نۆزدە هەناسەی بەردێکی سەرەڕێگام نۆزدە بڵقی قیری جادەیێکی هاوین نۆزدە قاوغە فیشەکی شەڕی ناوخۆ نۆزدە تیکەی لە قوڕگ گیراو نۆزدە گۆرەوی کونکون و نۆزدە سکاڵای ونکراو نۆزدە ڤالیۆم بۆ نۆزدە شەو نۆزدە ساڵیش لە ناو زەرفێکی بەتاڵا!
لەسەر جادەی سەهۆڵەکە ڕاوەستاوم
گەنجم وەکوو هەندێ درەختی سەر شۆستەی
شان و مل و قژ پۆڵایی پشتگوێخراو
تازەم وەکوو تازەترین بێهیوایی
نوێترین ڕەنگی تەنیایی
گەنجم وەکوو عەلاگەیێکی ڕەنگینی فڕێدراو
ئەوەتا هەردوو پێکەوە 'با' ئەمانبا و
هەردوو هەر خشەخشمان دێ و
ئەو لە تەنەکەی بەتاڵ و لقی دار و پێچکەی ماشێن و کورسییەکان گیر ئەبێت و
لەملایشەوە من لە میلی خەولێکەوتووی سەعاتەکانی بێکاریدا دائاڵێم و
لە قاچ و قۆلی نیشتیمان
هەردوو هەر خشەخشمان دێ
هەردووکیشمان لەبەرخۆوە
لە ترسی چاوی تارمایی
ژێر سێبەری پەنایێکا تووڕە و بێزار
بۆڵەمان دێ
نیوەڕۆ باش
من ناوم کیسەڵە ئەوە چەند ساڵە لەم گوێ گۆمە حەماڵی ئەکەم ئا ئەو کونەش ماڵەکەمە بەڵام دوێنێ چەند قاچێکی نیشتیمانم لێ پەیابوون تووڕە و تڕۆ بە نووکەشەق هەتا ئەو خوارە بردیانم پێیان وتم: لە بەر بەرژەوەندی 'ئاو' و ئەو شاخانە لەبەر بەرژەوەندی هوما و باز و ئەو هەموو کەڵەکێویانە
ئەبێ بڕۆی
ئەبێ بڕۆن
هەتا زووە ئێرە چۆڵ کەن چونکە هەڤاڵ هەڵۆزادە وا بەنیازە لە دوای نەورۆز
ئا ئەم ئاستە لە سەرەوە هەتا ئەو سەر بکات بە کێڵگەی نازداری گوڵی خەشخاش! من گوێم لێیە لێرە خاک نرکەنرکێتی و ئەناڵێنێ و ئەوەندەیان لێ دزیوە لەمسەرەوە هەتا ئەو سەری فیدراڵی هەموو جەستەی کوناودەرە
ئەم کاتەو باش من ناوم 'عەدالەتە' لەسەر زەمین چاوێکی خوا و دەستێکی خوام ئەوەتەی هاتوومەتە ئەم نیشتیمانەوە کەس نامناسێ و کەس نامبینێ و ئەوەی ناوی نەبێ منم من لێرە تەنهام هەموو شەوێ بە چرپاکەی خۆمەوە ئەمبەستنەوە پلاستەرێکیش ئەدەن لە دەمم ئەم نیشتیمانە ئەوەندە ڕقی لە منە هەر هەلێکی بۆ هەڵکەوی سەرم ئەبڕێ من بە ئاسانی نادزرێم بەڵام لێرە ئەگەر ئاگام لە خۆم نەبێ ئەمدزن و ئەمفڕێنن ماسکەکەی من ئەبەستن و ترازووەکەم هەڵئەگرن و ئەچنە دەرێ بۆ ناو خەڵک و سلسار سلسار ئەڵێن ئێمە نەک عەدالەت خودایەکی تازەهاتووی ئەم وڵاتەین! ئەم دەست بەو دەستی نەزانی و پەنجە دزرا ئەم قاچ بەو قاچی نەزانی و ڕێگە دزرا ئەم چاو بەو چاوی نەزانی و سەرنج دزرا ئەم باڵ بەو باڵی نەزانی و فڕین دزرا سارومارە
سارومارە ئەم دیرۆکی دەسەڵاتی سەرزەمینە و بۆنی دەمی درۆکانی ئەم ڕۆژگارە!
لەسەر جادەی سەهۆڵەکە ڕاوەستاوم
بەڵام دڵم وا لە ناو مشتی 'با'یەکا
هێواش هێواش لە گۆیژەوە دێتە خوارێ و
سووتووی جەستەی ژنێک دێنێ و
لەبەر لووتی نیشتیمانا فوویەک لە سووتووەکە ئەکا و
ئینجا ئەڵێ
یادگارێ بۆ سەروەریت
هەر وەستاوم و
بەڵام ڕۆحم خۆی بە تاڵی بارانێکا هەڵواسیوە
هەر لە تاڵەقژی دایکم و
خوشکەکانم و
لە نەسڵی مووی پایزێکی بێوەژنی کۆڵانەکەی ئێمە ئەچێ
ڕاوەستاوم
بەڵام چاوم کەوتۆتە ناو ئەو جامەوە
کە ژنێکی دەروەزەکەر لەبەر پێی خۆیا دیناوە و
ناوبەناوێ زرنگەیێک لە ناو جامەکا هەڵەسێ و
لێرەیشەوە لەگەڵ ئەوا چاوی منیش دائەچڵەکێ
شەو باش!
شەو باش! من ناوم کراسی ژنانەیە ئەوەی نیشتیمان پێی شەرمە بیکاتە بەری خۆی منم! ئەم مێژووی نێرە ئەم نیشتیمانی سمێڵە تەنها جارێ منی نەکردە بەر هەتاوێ
بەر جۆگە ئاوێ بەر شووشە گوڵاوێ ئەوانەی منیان لە بەر کرد: گسک بوون و مەنجەڵ بوون و تەنەکەی خۆڵ ئەوانەی منیان کردە بەر: بەژنی درێژی غەریبی و بەژنی تەنیایی و ئازار بوون ئەوانەی منی پێ بەخشین هەر بێدەنگی و قفڵ و تێڵا و شریخەکانی قامچی و جل و بەرگی دەردەدار بوون من ناوم کراسی ژنانەیە ئەوەی ئاگای لە من نەبێ و گوێی لە هاواری من نەبێ گوێچکەی تەپی نیشتیمانە! من مێینەم! من سەراپا هەموو جەستەم لە گوناه و پرسیاری ڕووتی حەرام پێکهاتووە! لە یەکەم ڕۆژی بوونمەوە بەردی ڕەجم لە قوماتمەوە پێچراوە و نیشتیمان تفم لێ ئەکات!
لەسەر جادەی سەهۆڵەکە ڕاوەستاوم
لەپڕێکا نیشتیمان بە خۆی و کڵاوی ئاڵاکەیەوە
بە خۆی و ڕێکلامی ڕیش و سمێڵ و
ئارمی پۆپرەی نێرێتییەوە
بە خۆی و مەدالیای پڕهەڕەشەی سەر سنگییەوە
بە خۆی و شمشێرەکەی 'ئەی ڕەقیب'ەوە
بە پەڕی گیڤ و مەغرووری تاوسییەوە
کۆمەڵێ چەکداری چاوزەق چاوزەق لە پشتییەوە
سنگ دەرپەڕیو
دێتە لام و بە دوو پەنجە تەوقەیێکم لەگەڵ ئەکات و
دەس ئەکا بە ئەرشیڤی فەخر لێ نیشتووی باخەڵیا
سی-دی سروودێکی تازەی ئەم ڕۆژگارەیم ئەداتێ
ئینجا زەردەخەنێیێک لە جۆری زەردەخەنەی مسینی دەسکرد ئەیگرێ وەک پێم بڵێ
من نیشتیمانی تاقانەی هەموو دنیام
ئەوسا ئەڕوا و بەجێم دێڵێ
ئەم کاتەو باش! منیش هاتووم
من جوانوویەکی بێکارم خەڵکی کەرکووکم کوڕی نەوت و گازم و کوڕی ئەو هەموو بۆری و چاڵانە بەڵام ئەوەی بە ڕێکەوتیش نەیانبینم ئەو باوکانەن لەبەر ئەوەی بەردەوامیش ئەسووڕێمەوە لە هەموو کەسێکی دی زیاتر نیشتیمان ئەبینم بەڵام جەخار هەموو حیلە و کوڕژنەکانم بە با چوون و هەموو سمکۆڵەکانم گەرگەسان بوون و ئەم نیشتیمانە پیرۆزە گوێی لێم نەبوو ڕەشەبایش وتی
ئەو هەموو گڤەگڤە و هەر گوێی نەگرت
چەخماخە وتی
ئەو هەموو برووسکە و داگیرسان و دڕژانانە و هەر گوێی نەگرت
باخچە وتی، شەقام وتی، بازاڕ وتی
قەڵەم و دەفتەر و کیڵگە و لێڕەوار و
تەیر و تواڵ و ئاژەڵ و ئەو هەموو پەلکەگیا و گەڵا و
مێروولە و قەلەباچکە ڕەشپۆش و
کەروێشکی هەتیو و
ئەو هەموو وشە غەمگین و
ئەو هەموو پاییزە بێوەژنانە
بە دەم زریکە و قیژەوە هاواریان کرد
بەڵام ئەم نیشتیمان پیرۆزە هەر گوێی نەگرت
هاوار خۆی وتی ئەوە چەن ساڵە
لە نووزەی مناڵیمەوە
هەتا ئێستا دەمم ناوە بە گوێچکە پان و پۆڕەکانی ئەم نیشتیمانە سەرزلەوە
ئەوە چەن ساڵە ئەم هەموو گەڵاڕێزانە و ئەم هەموو دەست و پەنجەڕێزانە و ئەم هەموو نیگاڕێزانە یەک لە دوای یەک ڕەوانەی ناو گوێچکەکانی ئەو ئەکەم
هەموویان ئەڕۆن و
بەڵام کەسیان ناگەڕێنەوە
نازانم لەو گوێچکانەدا چییان بەسەر دێ
کێ ئەبینن!؟
ئەگەنە کوێ!؟
نازانم
لەسەر جادەی سەهۆڵەکە ڕاوەستاوم
سی-دییە تازەکەی نیشتیمان بە دەسمەوە و
'با'یەک بە چرپە پێم ئەڵێ
کە نیشتیمان ئیشی پێت نەبوو خۆی دێ بۆ لات
هەر ئەو کاتەیش زەردەخەنە ئەیگرێت و دێتە پێش و ماچت ئەکا
وەختێ کە ئیشی پێت نەما
ئەگەر خوداش لە بەینا بێ و تکاکار بێ
نایێ بۆ لات
تۆ نیشتیمان ئەم سروودە چی لێ بکەم
ئەگەر هێناوتە بۆ ئەوەی وەک هەمووجار
لە جێگەی نان قسەی سەوز و سوورم باتێ
بیبەرەوە
با شاخ و داخ گوێی لێ بگرێ
ئەگەر هێناوتە بۆ ئەوەی لە باتیی ماڵ
لە بری کار، لە جێی ژن
بەڵێنی بێ قاچم باتێ
بیبەرەوە با کورسییەکانی پەرلەمان گوێی لێ بگرن
مەرحەبا گیانە مەرحەبا! من ناوم کورسییە کەس نەیزانێ من ئەیزانم ئەم هەموو چەقۆی غەدرانە ئەم هەموو جۆگەی خوێنانە ئەم هەموو ماسکی دزییانە ئەم هەموو ڕەژووی ڕقانە لەسەر منە! لەسەر دانیشتنی سەر من ئەکرێن! بەڵام ناڵێن کەسیان ناڵێن لەسەر منە! هەموو ئەڵێن لەبەر چاو و باڵای جوانی ئازادییە! لەسەر شیری ساوایانە لەبەر ئاوە لەسەر نانە لەسەر گوڵە و لەبەر هێلانەی چۆلەکە و لەسەر شاڵاوی ناوەختی گەلەگورگی دەور و بەرە بەڵام ناڵێن کەسیان ناڵێن لەسەر منە و لەبەر منە! کەلاوەی قوتابخانەیێک هاواری کرد: چەندین وەرزە نانی بەڵێن بە هەنگوینی خەیاڵەوە ئەخۆین چەندین ساڵە دروشم و شیعر و بانگەشە و پەیڕەوی ناوخۆ و بەرنامە و سروودی تازە و کۆن ئەخۆین! شەقامێکی ماندوویش وتی: "بە دەنگی پێی ڕێبوارانا
سکی خاڵی و سکی تێری ئەم زەمانە لە یەکتر جوێ ئەکەمەوە دەنگی قاچی سکی خاڵی بە حاڵ ئەگاتە گوێچکەم و
دەنگی قاچی سکی تێریش هێندە قورسن ئەملەرزێنن!" تەنەکەی بەردەمی دەرگای ماڵە قوڕێ
وتی شەوێک تەنها بە یەک پژمینی خوا ئیتر من چووم بە ئاسمانا و نەهاتمەوە و
لەو شەوەوە هەتا ئێستا من بە دەوری سەرزەمینا ئەخولێمەوە! بەرمیلی بەردەمی دەرگای تەلارەماڵێکیش وتی: هەر بە تەنها پاشماوەکەم هێندە قورسە
بە گەڕەکێکی برسێتی هەڵناگیرێ!
برسێتیت باش!
من ناوم 'نان'ە
لەو شوێنەی زۆرم پێئەکەنم و
لەو شوێنەی کەمم ئەگریم
من و هەوا و ئاو و ئازادی و جوانی
کۆمەڵێ خوشک و براین
هەموومان لە یەک دایک و باوکین
باوکمان خاکە و سەرزەمینە و
و دایکمان ژیان
من ئێستا لە زۆر شوێنی ئەم سەرزەمینەدا بێکەسم و بە کوڵ ئەگریم
بەڵام هەموو جارێک 'با'یێکی گەنج لای ئازادییەوە دێت و
دەست ئەکاتە ملم و ماچم ئەکات و پێم ئەڵێ
خەم مەخۆ هەروا تەنیا نابیت
خەم مەخۆ منت هەم
من ئیستە لێرە هەمیشە لە پرسە دام
پرسەی گوڵەگەنم
پرسەی ئاو
پرسەی دارستان
وەلێ هەمووجارێکیش
هەتاوێکی ڕاسپاردە لە لای ئایندەوە دێت و
دەس ئەکاتە ملم و دڵنەواییم ئەکات و
پێم ئەڵێ خەم مەخۆ هەروا تا هەوا تاریک بوو لێوبەبار نابی
خەم مەخۆ منت هەم
لە ماڵەوە ڕۆژێ سفرەکەمان وتی: "لە نێو ئێمەشا بەختەکان لە یەکتر جیان! تیامانایە و گەلێ زۆرن ئەو سفرانەی هەتیوبار و بێوەژنن و تەنها جارێک 'سەری خۆیان' نەدیوە پڕ بێ لە قاپی سک بەختەوەر!" بیرم نایە نانێکی من لە دڵەوە پێکەنی بێ و کەوچکێکم وتبێتی: "وا تێرم خوارد!"
لەسەر جادەی سەهۆڵەکە ڕاوەستاوم
سەرنج لە سی-دییەکە ئەیەم
لەسەر بەرگەکەی نیشتیمان خۆی ئەبینم
لە بەردەم شاخێکی بەرزا ڕاوەستاوە
وەکوو شەپقە هەورێکی کردووەتە سەری و
پێئەکەنێ و بە دوو پەنجەیش نیشانەی 'ڤ(v)' درووست ئەکا و
بە فیزەوە نیشانی خوا و خەڵکی ئەدا