
کەمخایەن بوو عومری گەنجی هەر ناشزانم چۆن تێپەڕی
لەم وەرزی پایزەی عومرم گەڵای خەون و خۆزگەم وەری
کێ گوێ لە خەمی من ئەگرێ باسی خەمم دوایی نایەت
مەگەر تەنیا چۆلەکەکان بۆ ئەم وەرزەم ببنە شایەت
لە ڕۆژی دەیجووری ژینم تروسکایی بەدی ناکەم
تازە تەمەن بەجێی هێشتم ئیتر بە هیچ خەونێک ناگەم
خۆزگە منیش وەک سنەوبەرێک هەمیشە جوان و سەوز ئەبووم
یان بە وێنەی گوڵی مینا گوڵی گەشی چواروەرز ئەبووم
ئەوە تاڵ تاڵ پرچی سپیم بۆ تەنیاییم ئەهۆنمەوە
تەنیا هەر خۆم ڕۆژژمێری خەمەکانم ئەخوێنمەوە