
ئەو دڵەی وەک بتپەرستێک ڕوو ئەکاتە چاوەکەت
نوێژ ئەکا بۆ تیشکی چاو و زولفە تێکئاڵاوەکەت
گەرچی ئەیشێلی بە زەبری قۆندەرە و پێڵاوەکەت
قەت بە دڵڕەق باست ناکەم نایزڕێنم ناوەکەت
چونکە ئەیزانم تەلاری یارە خواپێداوەکەت
مەستی کردووی بۆیە نایبینێ لە ئاستم چاوەکەت
ڕەنگە لات وا بێ کە گوایە یارەکەت مارەت ئەکات
یا بە کەیبانووی تەلاری بەرزی ئەم شارەت ئەکات
ئەو خەیاڵەت خاوە تووشی داوی ئەو مارەت ئەکات
ئەو وەکوو گورگێکە مەیلی ئەو لەش و لارەت ئەکات
ئەو بە تەنیا بۆ گوڵی سەر مێزی بادەی تۆی ئەوێ
هەرکە جارێ بۆنی کردی جا گوڵێکی نوێی ئەوێ