جەمال موفتی

مام ڕەحمان

بە دەنگی: جەمال موفتی
شێوەزار: سۆرانی
45
جەوانی ڕابرد بە ڕەنج و بە کار
بەرز و پیاوانە پەلکی سپیدار
بە ڕەنجی خۆی و ماڵ و خێزانی
ڕۆژ تا ئێوارێ، شەو تا بەیانی
دونیای کردبوو بە خۆشی و سێبەر
بەڵام بۆ ئاغا و بەگی چەوسێنەر
مام ڕەحمان پیری پێشمەرگەی ئازا
پەیگیر پڕکینە لە زاڵم ڕاسا
سێبەری ئەخست بەسەر هەژارا
چرایێ ڕووناک لە ڕێی جووتیارا
جەسارەتێ ڕوون* بەرانبەر زۆردار
بڕەی بڕبڕەی پشتی کرێکار

خۆی و منداڵ و هاوماڵەکانی
گشت بێبەری بوون لە ڕەنجی شانی
بۆیە وا هەستا و دەستی دایە داس
تا ژێرەوژوور بێ دەورەی حەقنەناس
هێندەی دادڕێ پەردەی فێڵی شا
دەوڵەت لێی ترسا و لە دێ دەر کرا
مام ڕەحمان پیری پێشمەرگەی ئازا
پەیگیر پڕکینە لە زاڵم ڕاسا
سێبەری ئەخست بەسەر هەژارا
چرایێ ڕووناک لە ڕێی جووتیارا
جەسارەتێ ڕوون* بەرانبەر زۆردار
بڕەی بڕبڕەی پشتی کرێکار

دەورە گۆڕاوە و شۆڕشە ئێستا
دەستی دایە چەک پێشەنگی فەلا
ئاگری خەبات لە نزیک و دوور
هەڵگیرسا و ڕاسان پێشمەرگەی جەسوور
کەرەفتوو و ساراڵ هەتا مەریوان
زاڵم زەلیل بوو بە دەست جووتیاران
مام ڕەحمان پیری پێشمەرگەی ئازا
پەیگیر پڕکینە لە زاڵم ڕاسا
سێبەری ئەخست بەسەر هەژارا
چرایێ ڕووناک لە ڕێی جووتیارا
جەسارەتێ ڕوون* بەرانبەر زۆردار
بڕەی بڕبڕەی پشتی کرێکار

سەر تا پای لەشیان کینەی زۆرداران
بە تووندی تیرێک دەرچێت لە کەوان
لەوپەڕی مەیدان بە گژیاندا چوون
لەگەڵ* ڕۆڵەکەی وەک شێر شەهید بوون
حەماسەیەک بوو مەرگی باب و کوڕ
خەڵکی ئەو دەورە خۆیان نایە قوڕ
مام ڕەحمان پیری پێشمەرگەی ئازا
پەیگیر پڕکینە لە زاڵم ڕاسا
سێبەری ئەخست بەسەر هەژارا
چرایێ ڕووناک لە ڕێی جووتیارا
جەسارەتێ ڕوون* بەرانبەر زۆردار
بڕەی بڕبڕەی پشتی کرێکار
هۆنراوە: موسلیح شێخولئیسلامی
*= لە هۆنراوەی شاعیردا ئەو بەشانەی بە شێوەی "ئازا و بە غیرەت" و "خۆی و" هاتووە.

موسلیح شێخولئیسلامی ناسراو بە ڕێبوار سەبارەت بەو شیعرەی کە بۆ 'مام ڕەحمان'ی وتووە دەڵێت: شیعری مام ڕەحمان بۆ ڕوخسارێکی خۆشەویستی زەحمەتکێشی گوند بوو کە دەمێک بوو لە خەباتدا نەوەک هەر دژی ئێران بەڵکوو پێشتر دژی ڕژێمی شا ناوبانگی دەرکردبوو. لە سروودەکەشدا ڕەنگیداوەتەوە. لە ناو خەڵکدا زۆر ناسراو بوو. لەگەڵ یەکێک لە هاوڕێیانی پێشمەرگە کە برازای مام ڕەحمان بوو قسەمان کرد و زیاتر پێی ناساندم، دواتریش ئەو شیعرەم بۆ وت.
سەرچاوە: https://www.rebwar.nu