
ئەی نیشتیمانی یەکدەنگ و
جێگیر لەناو ڕەش و سپی و
گرژ و مۆنیش
لە ئاوێکی ڕاوەستاوا!
ئەم سروودە وەکوو پارەی قەڵب ناچێ!
هیچ کەسێک و هیچ دووکان و هیچ بازارێ و
هیچ عەقڵێک و هیچ گوێچکەیەکی بێزاری
ئەم سەردەمە لێم وەرناگرێ!
ئەم سروودە
هەر بۆنی قەڵای دمدم و ئەسپەکانی دوانزە سوارە و
بۆنی کەوای پاشاکۆرە و بۆنی تۆپەکەی وەستا ڕەجەب و
بۆنی کەڕووی سەدەکانی ناوەڕاست و
بۆنی قلیانی باپیر و
بۆنی ئەشکەوتەکەی 'هەزارمێرد'ی لێ دێ!
من ئەزانم ئەم سی-دییە هیچ هەتاوێکی سبەینێ
خۆشی ناوێ!
هەرگیز هەرگیز
ناوسکی کاکی بە کاکی و خاڵی و بەتاڵ
وشەی سروود و بانگەشەی تیا شین نابێ!
سروود نە جێگەی قەمسەڵە و
شیعر نە جێگەی بەتانی و ئاگردانێ ناگرنەوە
وتار ناکرێ بە ڕاخەر و
مانشێتی هیچ ڕۆژنامەیەک
ناکرێ بە پاڵتۆ و ملپێچ و
کام خوتبەی گەرم و گوڕ هەیە
ئاگرێ بۆ پەنجەی تەزیوی مناڵێکی ناو بەفرانبار ناکاتەوە!
من ئەم سروودە چی لێ بکەم!؟
نە ئەتوانم بیدەم بە قاتێکی لەنگە
نە ئەتوانم بیدەم بە جووتێ پێڵاوی تازە
لەباتیی کرێی یەک ڕۆژیش خاوەنماڵیش لێم وەرناگرێ!
ئەم قسانە
نە ئەتوانم وردی کەمەوە بۆ پاس و
نە شەربەتێکی مێوژگی پێ ئەکڕدرێ و
نە سەلکێ سابوونی ڕەقی بۆ دایکم و
نە بە دەم ڕێوە خواردنی سەندویچ و هامبورگەرێ
گەر وایش نەبێ
ئەم سروودە زۆر پیر بووە
پیر پیر پیر
چقەی مێژووی دەرکردووە و
ڕۆحی گەنجم لەو ناگات و
لەم لەشەدا
یەک دەماری خۆشەویستیی نابزوێنێ!
من گەنجێتیم لەسەر جادەی سەهۆڵەکە
بەم هاوینە
قاڵبێکە لە سەهۆڵی چاوەڕوانی و دڵۆپ دڵۆپ ئەتوێتەوە
من گەنجێتیم لەسەر جادەی سەهۆڵەکە
وەکوو پشیلەی بۆنکەری بەر دەم دەرگای ڕستورانت و
یا خود وەکوو قوتوی کۆکای لەشقوپاوی لێ هاتووە!
ڕۆژتان باش!
ڕۆژ باش!
من ناوم پشیلەیە
بە نەتەوە کوردم و بە ئایین مەسیحی
هەندێ کەس بە 'جۆرج'یش بانگم ئەکەن
ئیستە بێکارم
بەڵام ماوەیەک لەمەوبەر
ساعووری تاقە کڵێساکەی ئەم شارە بووم
منی پشیلە یان جۆرج، باپیرە هەرە گەورەم
یەکێک بووە لە پشیلە دەوڵەمەن و خێرخوازەکانی ناو ماڵی کەریمی ئەلەکە
ئەو باپیرە پشیلەیە، ئەوەندە پشیلەچاک و بەخشندە بووە
لە گرانییە گەورەکەدا نەیهێشتووە یەک پشیلەی هەژار لەم شارەدا، لەبەر برسێتیی بمیاوێنێ و هەموویانی تێر کردووە
جا پشیلەی مەسیحی بووبن یان موسڵمان
من بەو دواییە و هەر لەسەر ئەم جادەی سەهۆڵە "کامەران"م ناسی
گەلێ جار ئەو باسی دایکە کڵۆڵەکەی و خوشکە قەیرە بەدبەختەکانیم بۆ
ئەکات و منیش باسی چوار بێچووە ڕەش و ڕووتەکانم
ئیستە هەردووکمان ڕۆژانە لەتاو برسێتی و بێکاری
بەردەوام ئەمیاوێنین
من بەرامبەر خاوەنی ئەو ڕستۆرانتەو کامەرانیش بەرامبەر بە نیشتیمان!
بەڵام هەردووکیشیان لە ختەلێکردن زیاتر هیچی ترمان نادەنێ!
ئەو ڕۆژە نیشتیمان بووبوو بە خاوەنی ئەو کارگەیەی کە من دووکەڵکێشی عومری و
کە من تۆزی چیمەنتۆیم
هەموو ڕۆژێ وەک برووسکە پەیا ئەبێ
دەستی ڕاستی لە گیرفانە و
بۆینباخی هەتا خوار ناوک هاتووە و
گوڵێکی سوور بە یەخەوە و
بە سەرمانەوە ئەوەستێ
لێدانی دڵمان ئەژمێرێ
چاو ئەبڕێتە کرانەوە و نوشتانەوەی پەنجەی دەستمان
پەیتا پەیتا بە ناوماندا دێت و ئەچێ
لە دەقیقەیێک، چرکەیێک
لە یەک وچانی ئازار و
لە پشوویەکی هەناسە و
لە یەک دانیشتنی خەم و
لە بەگیروەستانی پشتێ و
لە سڕینی فرمێسکی کەس نابوورێ
وا هەست ئەکەم
نیشتیمان خۆی دەڕنەفیزە و سەرم بورغوو
نیشتیمان بۆ خۆی چەکوشە و منیش بزمار
من قاڵب و ئەو چیمەنتۆ
ئەو مەنگەنە و منیش هاوار
نیشتیمان بۆتە پاسەوان
بەسەر دەنگ و ڕەنگمانەوە
گاردە بە دیار نیگامان و
وەردیانیش بە دیار جوونی پارۆکانی
دەممانەوە
ئەمشەو نیشتیمان لە خەوما بووبوو بە یەک نانی گەورە
منیش برسی برسی برسی
وەختێ ویستم پارچەیێکی لێکەمەوە
نان بووەوە بە هەویر و
هەویر بووەوە بە ئارد و
ڕێچکە ڕێچکەیش لە ئاردەوە
کێچ و ئەسپێ هاتنە دەرێ!
ئەم کاتەو باش!
من ناوم بەهارە و لە تۆ ئەچم
وەکو یەک جوانین و وەکو یەکیش
بە دەم گوڵەکانی ئایندەوە پێئەکەنین!
بەڵام جەخار
وەکو یەکیش و پێکەوە لە نیشتیمانی کلۆرا کلۆر ئەمرین!
ئەم نیشتیمانە!
بە تەنها و بە تەنها منی بۆ خۆی ئەوێ
نیوەی سەوزاییمی داوە بە کەنیزەکەکانی
نیوەی درەختی بەخشیوم بە بەغا
نیوەی سەیرانگەکانمی لەسەر پێکەنینەکانی خۆی و خزمەکانی تاپۆ کردووە
نیوەی ڕووبار و دەریاچەمی داوە بە کۆمەڵێ گردی عەمامەبەسەر!
ئەم نیشتیمانە منی بەهاری ڕاپەڕینی پیر کرد
گۆرانیەکانی کردم بە پۆلێ باڵندەی باڵشکاو
بە خەونی دەم با
ئەم نیشتیمانە وەکوو تۆ ئەی گەنجی سەر جادەی سەهۆڵەکە
گۆرانییە سەوزەکانی منیشی زەرد کرد
وەک چاوی تۆ چاوی گەڵاکانی منیشی تاریک کرد
وەک دەستی تۆ دەستی لقەکانی منیشی شکاندەوە و
وەک شەعری تۆ ئەی گەنجی سەر جادەی سەهۆڵەکە
شەعری منیشی وێران کرد
لە ئێستەدا لەناو جەستەی ئەم نیشتیمانە بەڕێزەدا
لە گەلەرییەکانی سەری ئەوا
دەگمەنن ئەو تابلۆیانەی تۆ حەزیان لێ بکەیت و هەڵیانبژێری و بتەوێ بە دیواری ڕۆحتا هەڵیان واسی لەناو گەرووی ئەم نیشتیمانە ئازیزەدا
لەسەر هەموو شانۆکانی لەبەر دەم هەموو مایکرۆفۆنەکانیا
زۆر کەمن ئەو پەیڤانەی تۆ حەز بکەی لە دڵەوە گوێیان لێبگری
لە دڵەوە تەوقەیان لەگەڵا بکەیت
بە دڵ پیاسەیان لەگەڵا بکەیت
لە ئێستەدا دەم و چاوی نیشتیمان لە دەم و چاوی پەنجەرەیەکی چڵکن ئەچێ
کە بەردەوام داخرا بێ و گرژ و مۆن و ساڵێ جارێک پێنەکەنێ!
ئەم کاتەو باش
منیش ناوم گوڵی دار هەرمێیە
بەڵام وەک ئەبینن ڕەشیان کردووم
ئەم نیشتیمانە ڕقی لە ڕەنگی سپییە
هەر لەدوای گەشانەوەم دووکەڵێکیان هێنا و بە زۆر کردیان بە هاوسەرم
دوێنیش تەیرێکی ناو مەملەکەتی بەفر
تەیرە کچێ هات و لە سەرم نیشتەوە
پێم وت بڕۆ و لە چاو ون بە هەتاکوو نەیان بینیوی ئەگینا ئەتدەن بە ڕەژوو
من گەنجێتیم لەسەر جادەی سەهۆڵەکە هەموو ڕۆژێ تەنها دوو چاوی ئەبڵەقی ناو بۆشایی و سەر شەقامی بێهوودەیین لە دوورەوە ئەڕوانن و دەستیان نییە
من گەنجێتیم هەتا ئێستا کچێکی بۆن نەکردووە
دەستی بە تریفەی مەمک و
بەر خەرمانەی شان و مل و بەر لەنجە و لاری باڵایەک نەکەوتووە
من گەنجێتیم کەوتووتەوە ناو شارەکانی 'حەرام'ەوە و
جەڵدە جەڵدە کفریان لە ناویا چاندووە
ئەوە کچە؟! یاخود خەونە؟! بە بەردەمما دێت و دەچێ؟!
ئەوە لەنجە و لاری مێیە؟ یاخود کەروێشکەی سەرابی دوورە دەشتێ؟!
ئەوە مەمکە؟! یاخود وەهمێکی ناسکی ناو خەیاڵە وا لەرەی دێ؟!
ئەم کاتەو باش!
من ناوم کۆترە شینکەیە و کچم
ماڵەکەم وا لەو گەڕەکی منارەیە
من لە پەڕوباڵی خۆم و لە دەنووکم و
لە ماڵەکەم و گەڕەک و
لە هەموو شتێ بێزارم!
من گمەگمی حەرامی ناو ئاین و نیشتیمانم
من بۆم نییە دوور لەو منارەیە بفڕم!
من بۆم نییە دوور لە دەنگی منارەکە گوێ لە دەنگێکی تر بگرم!
یان سەمایەک لەگەڵ بەفر و 'با'دا بکەم
یاخود دەستی کوڕی خەون و خۆزگەم بگرم!
من ناتوانم قژی خۆم بۆ جادەکان و بۆ مۆسیقا و بۆ کۆترە شینکە نێرەکان هەرگیز دەرخەم!
من مێینەی ناو بەهاری قەدەغەم و
شەو و ڕۆژیش لەژێر چاودێری دووربینی منارەدام
باڵەکانم بۆیان نییە بە دوو پەنجەیش
تەوقە لەگەڵ باڵە نێرەکانا بکەن!
من چارەنووسی حەرامم وەکو جەستەم
گوڵێک حەرام
ئاوێک حەرام
گۆرانییەکی حەرام و شەرابی ناو قەسیدەیەکی حەرامم
ئەی کۆترە شینکە نێرەکەی سەر شەقامی سەهۆڵەکە
وا گریمان داواشم کەی
وا ڕازیش بووی بە پێی ڕێنومایی بەردەکانی شەریعەت و داری حەددیش تۆ من بێنی!
بەڵام ئەی کۆترە شینکە نێرەکەی سەر شەقامی سەهۆڵەکە
ئەوسایش من هەر بۆ تۆ نابم! تۆ چیت هەیە؟!
تۆ هەر هەوا و خۆڵت هەیە
تۆ هەر زیوی مانگەشەو و تۆ هەر زێڕی هەندێ پەیڤ و مشتێ مرواری ناو شیعر و خانوویەکی خەونت هەیە!
بەڵام منارەکەی باوکم زێڕ و زیوی هەڵواسراوی ئەودیو جامخانە گەورەکەی زەڕنگەری ڕاستەقینە و پارە و پووڵی زیندووی ئەوێ!
تۆ چیت هەیە؟ جگە لە خۆت و دایکت و خوشکەکانت کە لە بازاڕی خودادا بە هەموویان خوتبەیەکی جومعە ناکەن!
سڵاوێکی دوورو درێژ!
من ناوم 'پرچ'ە
نیشتیمانم سەری ژنێکە
لە سێ لاوە گەمارۆ دراوم
بە حیجاب!
چەندین ساڵە زیندانیم
نە هەتاو ئەتوانێ
سەردانم بکاو
نە 'با' و
نە ئەهێڵێ بچمە دەرێ و
ڕێگەش نادا
بە هیچ شیعرێ یان ئاوازێ
کە بێنە لام
وەلێ ئیتر
من بە نەهێنی
لەگەڵ پەنجەکاندا ڕێکەوتووم
ئەمشەو زیندانەکە ئەبڕین
ئازاد ئەبم
لە دواییشا
حیجابەکەیش ئەدەینە دەست
چەخماخەیەک
لەسەر بەرزترین لوتکە
بە بەرچاوی مێزەرەکانی دنیاوە
بیسوتێنێ!
لە ناکاوێ لەو سەرەوە، لەگەڵ خۆڵبارینی تازەی دیاریی بیابانی خواروو
دیسان نیشتیمان دێتەوە و وەک دیوار بم
ئەمجارەیان بانگەشەیەک چۆن بەروانکە بە بەر سنگما هەڵئەواسێ
و هەر ئەوەندە و ئەو ئەڕوات و لەگەڵ دەستەیەک تفەنگدا بە خێرایی بە لای من و
عەرەبانەی هاندیکاپێ و دوو سواڵکەرا تێئەپەڕێ
ئەوسا منیش چۆن هەورێکی نزمی سەرشار
وەک برینێکی بێ هەتوان
یاخود وەکوو گۆرانیی عەشقێکی گیراو لەناو قەفەزی مەرگێکا
ئازارم ئەبێ بە دەنگ و ئازارم ئەبێ بە ڕەنگ و
لەو قەفەزە ڕائەپەڕێ و
بەروانکەکەم ئەدەمە دەست 'با'یێک لە خۆم وەڕستتر و تووڕەتر و
لەو ساتەدا لە ناخی ناخی ناخەوە و لە بنەوە
کڵپەکڵپێ لە شێوەی ئاگرێکی گەنجا لرفە ئەکا و سەر دەردێنێ!
بەیانیتان باش!
من ناوم 'دیوار'ە
کەوتوومەتە سەر شەقامێکی گشتی
بە درێژایی بێزاریی درێژم و
بە بەرزی تووڕەبوونیش بەرز!
هەرچی دروشمەکانە بە منا هەڵئەواسرێن
هەرچی پۆستەرەکانە لە من ئەدرێن
لە سەد دروشم یەکێکی تیا نییە شتێکم فێربکات!
لە سەد پۆستەر یەکێکی تیا نییە دڵم خۆشکات!
هەر دوێنێ بوو
لە 'سەر'مەوە تا کەڵەموستی پێم
دروشمێکیان پیا هەڵواسیم
کە خوێندمەوە
شەرم تەریقی کردمەوە
من دیواری وڵاتێ بم
درۆی کەتە و گەورەی وەهای پیا هەڵواسرێ!
ئەم کاتەتان باش!
من ناوم 'ناڕەزایی'ە
لە دایکبووی شاری یاخیبوون و گەڕەکی برسێتی و کۆڵانی کوێرەوەریم
لێرە بەدواوە من سەر بە هۆزی بێدەنگیی نیم
من ڕێبواری سەر ڕێ و بانی هەتا هەتای چاوەڕوانی و
دروشمی بێدەست و قاچ نیم
لەمڕۆ بەدواوە من هاووڵاتیی خەریتەی نیشتیمانێکی دزراو نیم
نیشتیمانێ هەموو جارێ یان پەنجەیەکی ئەفڕێنن
یان گوێچکەیێکی و یان چاوێکی ون ئەکەن و
یان وشەیێکی زیندەبەچاڵ ئەکەن و
کەچی نە هاوارێ ئەکات و
نە برینێکی ڕائەچڵەکێ!
سڵاو لە هەمووتان
هەرمەووتان
من ناوم 'دەرد'ە
پاشای بەشێکی زۆری ئەم مەملەکەتەم
بنکە دیار و بڵاوەکانم لەناو ئەو گوند و گەڕەک و کۆڵان و ناوچە خامۆشانا دروست کردووە کە ملکەچی یاساکانمن
هاووڵاتییانم بەردەوام لە تەنیشتمەوە ڕاکشاون
کەسیان تیا نییە بە پێوە ڕابوەستێ
پادشای تەندروستیش لە منەوە دوورە
ناو بە ناو هەڕەشەم لێ ئەکا
بەڵام دەستی نامگاتێ
زۆر جاریش منی بیر ئەچێتەوە
من لە وڵاتی وەکوو ئێرەدا بەختیارم و عومرم درێژ
'ناڕەزایی' لە شێوەی گەردەلوولێکی تووڕەدا گەڕایەوە و
لەو سەری شەقامە بێزارکەوە هاواری کرد:
تۆش ئەی بینینی بێ خەون و نزمفڕی ناو ڕۆژگاری هەر بە تەنها ڕەش و سپی
ئەی سەعاتی خەولێکەوتووی سەر سەهۆڵ و زەنگی بێدەنگ
تۆ ئەو چاوانەو بۆ چییە؟
تۆ ئەو دەستانەو بۆ چییە؟
گەر تەماشات گەر فڕین و گەرووی خۆت و سەر و ملی خۆت نەگۆڕی؟
مردن بینینی بێ خەونی زیندووانە و ئایندەش دەستی زەنگلێدان
ئەم مێژووەی من خەمساردە گالیسکەیەکە تا گوێچکەی ئەسپەکانی لە ڕابوردوودا چەقیون و باکی نییە
خۆشەویستیی باڵندەکانی هەر هەموو لەناو هەوایێکی کپ و وەفای هەموو ژنەکانی لە نزارێکی ڕەشپۆشا جێهێشتووە
ئەم مێژووەی من کلیلی دەرگای ساڵ و دەرگای هەتاوی داهاتووی لێکەوتووە و بۆی ناگەڕێ و باکی نییە
ئەو بە تەنها نینۆکەکانی خۆی داوە بەم نەوەیە و دەروازەی ئەم نیشتیمانەی
لەسەر حەیرانی ڕووبار و
لەسەر هاواری شەقام و
لەسەر پووکەپووکی نان و
لەسەر هەناسەی عاشقان داخستووە
ئەی مێژووی فوودراو بە هەوای غوروری شاخ و داخ
شانازیی هەڵئاوساو لە جەستەی ئەفسانە و دارستانی درۆدا
چیت هەیە؟
ڕێزبەندی سەروەریت بە تەنها زنجیرەبەردێکی ڕزیون
زنجیرە سەدەیەک، زنجیرە دووکەڵێ زنجیرە پەیڤێکی بێ قاچن و ناڕۆن و
لە لەزمی خۆیانا چەقیون
ئەی مێژووی ساتووری هەمیشە پاڵکەوتوو
باوێشکی جیهان و کیسەڵی زەمانە
من لێرە بە دواوە ناتوانم قەت هەرگیز ناتوانم پێو بڵێم
کە ڕیزەشانازیی ئاوساوت زۆر جوانە
پاسارییەک بە باوکی وت:
سەری من سەری تۆ نییە بابە
سەری من سەری تۆ نییە
من فڕینێکی جیاوازم
سەری من پڕ جریوەیە و سەری تۆ پڕ خۆڵەمێشە
تۆ سەرت داوەتە دەستی 'با'ی ڕابردووی باپیرەم و
کونەبۆری ئەشکەوتەکان
ئەوەندە کۆن و بەسەرچوون
هێندە ڕەش و هێند نسرمن
بۆنی گۆگردی مردن و بیرچوونەوەتان گرتووە
من لە سەرما ڕووباری ئاوێنە هەیە و
من لە دڵما ڕەنگ هەڵئەکا و
ڕەنگ هاژەی دێ و
تۆ فڕینت گرمۆڵەی ناو هێلانەیە
من فڕینم بە چاوی باڵ قووڵایی ئاسمان ئەبینێ!
تۆ دەنگی باڵت نووساوە و گەوجێتیت بۆتە یەقین و
من شەقژنم پڕ پرسیارە و
گومان چاومە و
خۆشەویستیی لە دەنووکما بۆ سبەیڕۆژم ئەخوێنێ!
شاعیرێکیش لە نیوەشەوا چڕاندی:
من باوکم نیم هەتا لە ڕێی شاخ و داخ و دووکەڵ بۆنی بارووت و شەهیدەوە
ئەم نیشتیمانەم ناسیبێ
من ئەو مێژووەم نەدیوە
بۆ ڕۆژێکیش نەچوومەتە ژێر دەواری و
بۆ جارێکیش چییە سواری ئەسپی دەربەنێکی نەبووم
یەک خەویشم بە خوێنی داروبەردەوە
بە زریکە و قیژەی ئاو و
بە ڕاکردنی درەخت و
بە سێدارەی حەپەساو و
بە پایتەختی قەمەکانەوە نەدیوە!
من بڵێم چی؟!
ئەو ئەشکەوتانە ناناسم
کە هاوڕێی شەمشەمەکوێرە و باوکم بوون
حیکایەتی ئەو حیلانەشم بیر نییە
کە ئەو ئەیانگێڕێتەوە
چاوی من دوور دوور ڕۆشتووە
ئەو تخووبەی جێهێشتووە کە لای باوکم دوامەنزڵە و
لەو ڕەنگەی تێپەڕاندووە
کە لای باوکم تاقە ڕەنگە و
ئەو دەنگەشی لە گوێیا نازرنگێتەوە
کە لای باوکم تەنها دەنگە گوێی لێبووە!
ئەم باوکەی من لە ئیستەدا
لە دۆڵابێکی تەختەی کۆن زیاتر نییە
کە هەر بۆ فڕێدان باشە!
لە ڕادیۆیێکی پەڕپووتیش زیاتر نییە
کە هیچ کەس نایکاتەوە تا بیبیسێ
لە شووشەیەک مەرەکەبی وشکەوبوو زیاتر نییە
کە یەک وشەی پێ نانووسرێ!
ئەم نیشتیمانەی من تاقە نیشتیمانە
ساڵی جارێکیش خۆی ناشوات
هەتا ئەمڕۆیش هەموو جارێ باوکم لەگەڵ نیشتیمانا
قڕەقڕی ئەوەیانە ئەرز خڕە یاخود تەختە!
هەر شەوێکیش کە نیشتیمان باوێشکی دا
باوکیشم ڕێک بەرامبەری باوێشک ئەدا!
هەردووکیشیان درەنگانێ لەسەر چرپایەکی داری جیڕەجیڕکەر
بە جووت خەویان لێ ئەکەوێ
بۆ سبەینێش چێشتهەنگاوێ هەڵئەسن و
دیسانەوە ئەو خەوانە بۆ یەکتری ئەگێڕنەوە
کە بە دوێنێوە دیویانن
ئەگێڕنەوە من دوای مەرگی ئەو نەورۆزە لەدایک بووم
تابووتەکەی لە گوڵاڵە و داری چوالە و لاسکە نێرگز چێ کرابوون
ئەگێڕنەوە تاریکی مامانم بووە
چاوم لەناو سەر هەورێکی بەتاڵدا پشکووتووە
ئەو کاتە تازە بە تازە لە شاخەوە هەتاو گەیشتبووە شار و
ئەو کاتە تازە بە تازە جادەی ترساو پێی گرتبوو
تۆ نیشتیمان! هەمووی کۆمەڵە وەرزێکە ناوت بە گوێم ئاشنا بووە
من تۆم تەنها لەناو بازاڕی ڕێکلام و
زمانلووسی دروشم و شاشەی تیشکەکانا دیوە
من تۆم تەنها لە ڕێ و بانی ئەو حیکایەت و شەعرانەدا بینیوە
کە هەندێ جار باوکم لەگەڵ ڕیش و سمێڵێکی زبرا ئەیهێنایە ژێر لێفەوە و
هەڕەشەیان لێ ئەکردم و
مناڵیمیان وەکوو کۆترێ ئەتۆقاند و
بە دارێکی ئەستووروە پرسیاریان تیا ڕاو ئەنام و
لە دواییشدا باوکم بە زۆر بە بێ ئەوەی خۆشم بوێن دەستی پێ ئەکردمە ملیان
دووراودووریش لەو زیافەتە گەورانەدا و لەسەر خوانی دوور و درێژی ورگن و غەبغەبەدار تۆیان نیشانی من داوە
یاخود لەبەردەمی بانکە بەرزەکانی ئەوروپادا کە هەموویان نهۆم نهۆم پێ ئەکەنن و تۆیش لایانەوە وەستاوی
تۆیان نیشانی من داوە لەسەر بورجی بەختی گەورەی بەندەرێکی بازرگانی یاخود لەناو وێنەیەکا
کە شەڕی ناوخۆ بە دەستە سوورەکانی خۆی گرتوێتی و
قاتەکەت خوێن ئەچێتەوە و
چۆن تەپ و تۆزی پشتەوەیش بێ دەربەستی
من تۆم بەو جۆرە بینیوە
ئەم کاتەتان باش!
من ئەسپێکی کوردی کوژراوی شەڕی ناوخۆم
'کادانە'م و ڕەسەن ڕەسەن
ئەو ئەسپەی تر کە منی کوشت ئامۆزام بوو
ئەویش دیسان ڕەسەن ڕەسەن
هەروەکو من کادانە بوو
ژنەکەی ئەو
ماینێکی یاڵزێڕینی کچی خۆم بوو
وەلێ ئەو وەختەی نیشتیمان ئەحیلێنێ
حیلەی ئێمە بێدەنگ ئەبێ!
شەوێک مەیتەرەکەم وتی:
ئەبێ ئەو ئامۆزایەت بکوژی
وتم بۆچی؟!
وتی چونکە ئەو ئەسپێکە
لە حیلەی ئێمە لایداوە و
ڕەنگێکیکەی لەخۆ داوە و
سمکۆڵانی و چەپۆکانی هەڕەشەن بۆ ئەم هەوارە و
وا بڕیارە ئیتر نەژی، تازە نەژی!
بەلاڕێیەکی ناو فێڵا چوومە سەری
بەڵام بەر لەوەی بیکوژم ئەو کوشتمی!
تۆ نیشتیمان!
ئەی ئەو پیاوەی لە قوللەی بەرزی
غوروری ناو سەرتەوە ئەڕوانیتە خواری خۆت و بۆ جارێکیش دانابەزیت
بۆ ناو گوردەمی برین و لای پاییزی ئەم هەموو ژانە چاوەڕوانانە!
ئێوارەیەک لە پیاسەیێکی درێژا
درێژ بە قەد تونێلەکانی بەدبەختی و ئازاری خەڵک
تەنیاییم دوور دوور بردمی بۆ ئەو بناری خەمانە و
بۆ لای پاییزی ژیان و
بۆ لای گژوگیای جوانەمەرگ
لەوێ بۆ یەکەم جار تووشی
لادێیەکی کەڕوکاڵ بووم
هەر چۆنێک بوو، بە دەست، بە سەر، بە چاو، بە قاچ، تێی گەیاندم:
ئەوەتەی ئەو هەیە نە خوا
ڕۆژێ سەرێکی لێداوم و
نە پێغەمبەر و جوبریل و نە بوراق و نە خەلیفە و نە ئەمیر و نە والییەکانی حکومەت
دوای ئەو قەلەباچکەیێکم بینی
بێوەژنێکی یەک باڵی نابینا بوو
وتی: ئەوەتەی منیش هەم
جارێ نەمدی نە چرایێک بێت بۆ لام و
نە یەک کەوچک دەوای دەرد و
نە بەتانی و بەڕەیێک و
نە کراس و کۆڵوانەیێک
پیاسەی درێژم بردمی، هەر بردمی
مراویی یەک قاچم بینی
کۆتری بێ دەنووکم بینی
کەروێشکی بێ گوێچکەم بینی
گوێدرێژی بێ قەپۆز و مانگای بێ گوان
ڕێوی بێ کلک، ئەسپی بێ یاڵ
ئاوی لاڵ و دار و درەختی بێ قژ و ڕەزی مردووی زۆرم بینی
کۆتەڵی درێژ بردمی و هەر بردمی
وەختێ لەو سەر گەڕامەوە، نیوە شەوێ
هەوری چاوم هەر ئەوەندەی ئاو پێ مابوو
بە بێدەنگیی هەڵیگرێ
بۆ دوایین قوڵپی گریانی قەسیدەیێک!
کامەران ئەو کز کز، پەرت پەرت
دووکەڵێکی پچڕ پچڕ
ئاوازێکی دووکەرت دووکەرت
جادەیێکی شەکەت شەکەت
بیرکردنەوەی بڵاوبڵاو
درزێ لە درزێکی ترا
ترسێ لە ترسێکی ترا
چون ڕایەڵی تەرمی ڕێ ڕێ
سەر بەرەوخوار وەکوو جەستەی شەمشەمەیێک
خۆ هەڵواسیو بە بنمیچی ئەشکەوتێکا
تەریو تەریو، لە سووچێکی بەزەییدا
دیار و نادیار، هەیە و نییە، ئەژی و ناژی، ئەمرێ و نامرێ دەنگ ئەبیسێ
دەنگی جیا جیا، دەنگی چەقۆ، دەنگی سیسرک، هاواری شەو دەنگی پێی بەرد
چرپەی چرپە، نووزەی نووزە، دەنگ ئەبیسێ ئەو دەنگانە بەیەکا دێن
دەنگن یەکتری ئەشکێنن ئەو گوێی لێیە هاڕەیان دێ
دەنگێک فەرمانی ئەداتێ: خۆی بکوژێ
دەنگێکی تر دەستی ئەگرێ ئەو دەنگانە لەناو یەکا چڕ ئەبنەوە
ئەڕژێنە ناو ئەمەوە دائەچڵەکێ
ئارەقێکی سارد دەرئەدا لەبەردەمی دیوارێکا ئەحەپەسێ دووکەرت دووکەرت
ئیتر دەستێکی لێرەیە و دەستەکەی تری لە سەفەر
قاچێکی جێگیر لە ماڵا و قاچەکەی دیکەی دەربەدەر
دووکەرت دووکەرت، نیوەی مشار، نیوەکەی تری کڕ کڕ کڕ ئەبڕێتەوە
لە یەک ساتا، نیوەی جەستەی بە بەرزایی ڕووانینێکا هەڵئەگەڕێ و
نیوەکەی دیکەی بۆ خوارێ بەرە و گڕی کڵپەکردووی ناو دۆڵی قووڵ دائەگەڕێ