میکائیل مەهابادی

دەردی دووری - قەتار

بە دەنگی: میکائیل مەهابادی
شێوەزار: سۆرانی
280
دەردی دووری زۆر گرانە دڵبەرا هێجران بەسە
دڵ وەکوو پەروانە سووتا چاوەکەم سووتان بەسە

عاقڵان شەیدا دەبن ڕووبەندی سەر ڕوو لامەدە
عاشقان کوشتەی جەفاتن قەتڵی مەزڵوومان بەسە

مورغی دڵ پابەندی دان* و داوی خاڵە و زوڵفی خاو
گیری بەندیخانە تا کەی؟ بەندی بێ ئامان بەسە

هەرچی بوو* بردی بە تاڵان تورکی مەستی چاوەکەت
تاقەت و سەبر و قەرارم پێ نەما تاڵان بەسە

شاهیدم فرمێسکی خوێنینە کە تۆ جەرگت بڕیوم
عاشقی ڕووتم ئەگەر تەقسیرە گەر تاوان بەسە

گەنجی عیشقت پڕ بە وێرانەی دڵە و من پێم کەمە
تا زیاد بێ چاوەڕێی دیشم مەڵێ ئیحسان بەسە

گەر قسەی عیشقی گوڵ و بولبول لە لات ئەفسانەیە
تۆ گوڵی خەندان و ئەمنیش بولبولی گریان بەسە
هۆنراوە: حەقیقی
*= لە هۆنراوەی شاعیردا "دانە" و "بووم" هاتووە.