
جەرگبڕاو و نائومێدم من لە دونیای دەربەدەر
نیشتەجێی ماڵی تەنیام من وەک هەتیوی قوڕبەسەر
کاتێ ڕۆیشتی بە ناز جەرگ و دڵمانت بڕی
ئەو گوڵەی چەن ساڵ بە هیوا بووم بپشکوێ هەڵوەری
چقڵ و پەیکوڵت چووەتە قاچم ئارەقی زۆرم سڕی
کەوتمە دنیای نائومێدی کۆتری ژینم هەڵفڕی
شیوەنە شینی فرمێسک و خوێنە
بۆ دوا شەهیدی بێ سەروشوێنە
شینم بۆ کوڕی بیست و یەک ساڵەم
بۆ بێکەسی خۆم ئاه و ناڵەم
چۆن بە کوڵ نەگریم نەلەرزێ چۆکم
وێنەی پێنج شەهید بەن لە بەرۆکم
لە تۆڵەیی وا قەوم و خێشانم
تفەنگی کامتان ڕۆڵە بکەمە شانم
کەسێ نابینم فرمێسک نەڕێژێ
ئاسمان شین ئەکات ئیتر شین بۆ کێ
ئەزیزم کۆرپەم کوڕی شیرینم
چرای دواڕۆژ و ئاواتی ژینم
گەلێکی ماندوو چاوەڕێمانە
چرای بۆ هەڵکەین لەسەر ڕێمانە
ئومێدم هەر تۆی دڵم مەشکێنە
خاک و نیشتیمان، گەل مەدۆڕێنە
جەرگبڕاو و نائومێدم من لە دونیای دەربەدەر
نیشتەجێی ماڵی تەنیام من وەک هەتیوی قوڕبەسەر
ناو دڵم تاریک و تەنگە کەوتمە ڕێگای پڕ خەتەر
با لەگەڵ کاروانی لاوان کۆچ بکەم من بۆ سەفەر
بووی بە قوربانی بەقوربان ڕۆحی خۆم قوربان ئەکەم
گەر بگەم بە قۆچی تۆوە وا ئەڵێم سەیران ئەکەم
دەرزیئاژن بێ دەروونم ئەشکی خۆم نیشان ئەدەم
بۆ ئەوەی هەڵسی لە خەو گوڵ شیوەن و ڕۆڕۆ دەکەم
ئاهی ناڵەم کاریگەر بوو وا دەسووتێ جەرگ و دڵ
کوورەی ئاسنگەر ئەجۆشێ بۆیە فرمێسک دێتە کوڵ