باست حەمەغەریب

چێشتم ئەمڕۆ

بە دەنگی: باست حەمەغەریب
شێوەزار: سۆرانی
1081
چێشتم ئەمڕۆ ژەهری مار و ڕۆحی شیرینم نەهات
زەخمی کۆنەم هاتە ژان و مەرهەمی برینم نەهات

من غەمم خوارد و غەمیش خوێنی جگەرمی خواردەوە
بۆیە گریام چەند بە چەند فرمێسکی خوێنینم نەهات

غەم سەری لێ دام و یارم قەت سەرێکی لێ نەدام
سەبر و هۆشم ڕۆیوە غارەتگەری دینم نەهات

دڵ دەسووتێ چین بە چین دەشکێتە سەر یەک وەک فەنەر
ساحێبی ڕووی ئاتەشین و زوڵفی چین-چینم نەهات

جەرگ و دڵ هەر دوو لەنێو نافەی دەرووندا بوون بە خوێن
شەممەیێ لەو مسکی نافەی ئاسکەکەی چینم نەهات

دیدە وەک هەوری بەهاران خوێن دەبارێنی و سەدای
پێکەنینی خونچەی نەو سەبزە پەرژینم نەهات

گۆی سەرم چەوگانی میحنەت دایە بەر خۆی ڕای ڕفاند
ئەلعەجەب بۆ شەهسواری خانەی ژینم نەهات

بۆ چیمە گیان و لەشی بێ دڵ دڵیش بەندی ستەم
هێندە بێزارم بە زەهریش خاتیمەی ژینم نەهات

کەوتمە وەزعی نەزع و غەم خستمیە حاڵی غەرغەرە
[کوردی] بێکەس خۆم لە هیچ لایەک سەدای شینم نەهات