
نازەنین ئەو نامەیەم جیاوازە بۆت
تا بە کەی دوورم دەکەی ئاوا لە خۆت
ئەشکی چاوە و خوێنی دڵ خامەم نییە
نازەنین لەو شێوەیە نامەم نییە
نامە نا، هاوار و داد و ناڵەیە
شەرحی حاڵی ئەم ژیانە تاڵەیە
جاروبار تەنیا کە بووی بیخوێنەوە
هەر نەبێ ئاوام وە بیر خۆ بێنەوە
یاد بکە یادێ لە ڕابردوو لە من
یادی ئەو ڕۆژانە هەرچەند بێ کەمن
یادی ئەو داماوە بێ فێڵ و درۆ
یەک دڵی پڕ خۆشەویستی دا بە تۆ
بۆ دەڕۆی بۆ مانەوەت چیت لێم دەوێ
چی دەڵێی ڕازیم ئەمن هەر نامەوێ
هەرچی کردم تا لە عەشقم تێبگەی
داخەکەم تۆ سازی خۆت هەر لێدەدەی
ئەو ئەوینەی خۆت لە من مەستێنەوە
هەر نەبێ ئەو جارەشم هەستێنەوە
خۆشە ئەم جارە بکەی یادێ لە من
گەر بپرسی گیانەکەم دادێ لە من
شاد دەبم بەو ڕۆحە پڕ ئازارەوە
بەم دەروونە پڕ لە تین و نارەوە
یەک هەناسەم پێ بدە زیندووم کەوە
گیانەکەم مردووم وەرە گیانم دەوە
بێکەسیم دیوە بە حاڵی خۆمەوە
ئاشنا دەدوێن بە تانە و لۆمەوە
خۆم لە خۆم نامۆ و لە خۆشمدا ونم
نازەنین نامۆ و غەریبی شار منم
بێکەسی وەک من نییە لەو بارەوە
باوەشت ئەمنە لەوێ بمشارەوە
کز لە گۆشەی بێکەسی هەر ناڵەمە
یادی تۆ هاوڕێی هەزاران ساڵەمە
ئەو دەمەی یادت دەکەم سەرخۆش دەبم
دێمە نێو باوەشتەوە بێهۆش دەبم
لێوی ویشکم گەر بە ماچێ تەڕ بکەی
باشترە تاکوو لەگەڵما شەڕ بکەی
هەست دەکەم بوونم بە بوونت بەستەیە
بوونی تۆ شعر و مەقام و ڕستەیە
تۆ نەبی دنیا لە من وێرانەیە
خزم و خێش پاکی لە من بێگانەیە
هاتنت جێژن و سروود و شادییە
سەربەخۆبوونە گوڵم ئازادییە
با بپێوین کۆنەڕێی شازی ئەوین
لێ بدەین بۆ مانەوە سازی ئەوین
چی وشەی ناسک لە نێو مێشکم هەیە
چی شیاوی خۆشەویستیی ئێمەیە
گوڵ ببارێنن بە دێر و بەستەوە
ناوی تۆ گوڵ بێ لە نێو هەڵبەستەوە
خۆت بخە نێو باوشم، سارد و سڕم
با بە تینی خۆشەویستیت گڕ گرم