جەلال داودی

دیل

بە دەنگی: جەلال داودی
شێوەزار: سۆرانی
151
تەنیا و غەریب
لە چوار ڕێیانی گەردوونا ڕاوەستاوم
وەکو باوە ئادەم تەنیا
لە خاکێکی ڕەش خوڵقاوم!
بەهەشتی خوام لەبەر حەوا فڕێ داوە
بەڵام حەوا
لە دواژوانگەی بەر جەننەتی چاوەکانیا
سێوی کاڵی دڵی بردم
ڕۆیی و ئیتر نەهاتەوە!

ئێستا، تەنیا، تەنیا، تەنیا
لە شەقامە چۆڵەکانی ڕۆحی خۆمدا، سەرگەردانم!
وەک شەپۆلێکی یاخیم و
لە دەریای خۆم هەڵبڕاوم
هیچ بەندەرێک باوەشم بۆ ناکاتەوە!
ئێستا لێرە، شاعیرێکم
زامەکانم دەهۆنمەوە
گۆرانیبێژێکی تەنیام و
لە شەوێکی بێ بواردا
دەنک دەنک
خەمەکانم دەنووسمەوە!

وەکوو ئاوی بنی گۆمێ کە جێ مابێ لە ڕووبارێ
وەکوو بەردی سەری شاخێ کە دانرابێ لە دیوارێ
وەکوو کاتێ گەڵای زەردێ دەسی بەر بێ لەسەر دارێ
دڵم تەنگە لە تەنیایی، نە هاوڕازێ نە خەمخوارێ

من ئەو بەردەی گرفتارم کە دیلی چینی دیوارم
من ئەو ئاوەی بنی گۆمم کە جێ ماوم لە ڕووبارم
گەڵای زەردم، مەلی پیرم، منم دڵداری زەنجیرم
لە بیرم دێ کە چەن ساڵە لە بەندیخانە یەخسیرم

لە تاریکی ژیانمدا لە سووچی سەردی زیندانا
بە مۆرەی نەردی ناکامی بە جارێ عومری خۆم دانا
بەڵێ ئەوسا تەلارێ بووم وەلێ ئێستا وەها پیرم
هەیە جارێ بەسەرهاتی خەمینی خۆم نییە بیرم
هۆنراوەی قەتار: جەلال مەکەلشا
هۆنراوەی گۆرانی: شەریف حوسێن پەناهی