حەسەن گەرمیانی

ئێوارەی پاییز

بە دەنگی: حەسەن گەرمیانی
شێوەزار: سۆرانی
71
ئای دیسان چوومە ژێر باڵی ڕەشی شەوگاری تەنیایی
ئای دیسان دەبێ بچێژم ژاراوی تاڵی جودایی
دەڕۆم دەترسم دەلەرزم لە پەلاماری مۆتەی شەو
داد لە دەس ئەو دڵەی وە خەم
ئەی داد لە دەس چاوەی بێ خەو
وای لە دەس ئەو چاوەی بێ خەو

نازدارێکی چارشێوبەسەر بە تەنیشتمدا تێپەڕی
بە گوڕ* هات و توند قیژاندی ڕووتەڵەیەک بە بەدفەڕی
کەمێ ڕاوەستا جا ڕابورد ئەو لاوەی جادەی ئەپێوا
دیار بوو خێسێکی دابوویە ئەو شۆخە لە بن چارشێوا
تا تاریکان پەیدا دەبێ چۆڵ و چۆڵتر دەبێ جادە
نە دێتە دەر کیژی لەبار نە ڕادبرێ لاوی سادە

دوور قاقایەکم گوێ لێ بوو دەتگوت گوللەم پێوە دەنێ
چۆن بە ئێوارەی پاییزیش ئی وا هەیە پێ بکەنێ
خەیاڵم ببوو بە وشە نەمزانی کەس بە دوامەوە
دەنگێکی لەرزۆک و نەرم بەسپایی جوابی دامەوە:
بەڵی هەن و یەکجار زۆرن بازرگانی فرمێسک و خوێن
بەڵێ هەن و پێ دەکەنن بە سەر بە هەش هەی بە مل بە کوێن
ئای دیسان چوومە ژێر باڵی ڕەشی شەوگاری تەنیایی
ئای دیسان دەبێ بچێژم ژاراوی تاڵی جودایی
دەڕۆم دەترسم دەلەرزم لە پەلاماری مۆتەی شەو
ئای لە دەس ئەو دڵەی بە خەم
وای لە دەس ئەو چاوەی بێ خەو

چاوم لە ئاسمان بڕی دڵم هێندەی دیکە گیرا
گەلێ بیرەوەریی دوورم* لەپڕ هاتنەوە بە بیرا
وتم کە وا بوو ئاشنا بەشی ئێمە لەناوچوونە
گوتی نا نا دوور بڕوانە دوور بڕوانە ئاسۆ ڕوونە
هۆنراوە: هێمن
*: لە هۆنراوەی شاعیردا "غار" و "کۆنم" هاتووە.