
پاییز
هەموو سەرمایەی ژیانم تاقە خونچیلێکم هەیە
گیانی پاییز ئەگەر دەکرێ ئەوساڵ مەیە
سوێند بێ بە بەرزیی دارستان
بە ڕۆحی تینووی جاڕستان
بۆ نەهاتن هەزار بیانوو و میانوو هەیە
هێندە ترساو و تاساوم سەرم سوڕماوە نازانم
لە خشپەی پێی پەپوولەیێکی پاییزیش بەدگومانم بەدگومانم
پاییز
گەرچی دەڵێن تۆ مێعماری ڕەنگەکانی
تۆ نەقاشی هەورەکانی
ئەتۆ خودای ئاسمانی
تەنانەت هێندێکیش دەڵێن تۆ بەهاری شاعیرانی
بەڵام بە ڕووحی چوار وەرزە
بە بەدیهێنی ئەم عەرزە
هێندە بەڵگەی تاڵیم هەیە
تا بۆم بکرێ دەڵێم
مەیە مەیە مەیە مەیە
ئاخ دەستم دەسەڵاتی بووایە
پێم پێی ڕۆینی بووایە
هیمەتم هێزی ببوایە
هەرچی زووخاوی مێژوویە
بە هەموو پاییزێکم دەچێژت
یەک پاییزیشم نەدەهێشت
تۆ نازانی
تۆ نازانی چەند لە بوونت نیگەرانم
تاقە خونچیلێکم هەیە
هەموو سەرمایەی ژیانم
دەترسم بیکەیە سەرما
دەترسم بیدەیە دەم با
پەڕی گوڵی گوڵم ناسکترە لە گوڵپەڕی هەناسەیەک
ئەوەم لێ بۆتە تاسەیەک
وەرە تۆ حەزرەتی حەزیا
تۆ بەژنی ژانی سەد خۆزیا
تۆ تاڵ و تووڕەیی هەوران
تۆ قرچەی پشتی دارستان
لە هەڵمەتی بێبەزەییت لەناوبریان
خانەخەراب چی دەبێ ساڵێکی مەیە
وەرە نەخشەت بۆ دەکێشم
دەست دەرە هۆ کوپە مەیە
هەتا جمەت دێ بینۆشە
ئەوساڵ بەو شمشاڵە نەیە
پێکەوە بەستەیەک دەڵێین
وەک گۆرانی
"پاییز پاییز بووکی قژزەرد
من مات تۆ زیز هەردوو هاودەرد"
ئەرێ هەردوو هاودەرد
بە حەقی ڕووحی ئەم تاڵە لەمێژساڵە
ڕووحم تینووی ماچێ لێوی نەرم نەرمە ڕەنگ پەمەیی
برسێتیم ژەمێک باوەشی گەرم گەرمە ڕەنگ لەمەیی
های لەمەیی ئای پەمەیی
کام بێبەزە بزەی بزووت؟
کێ تۆرانتی؟ کێ بزوانتی؟
نەتکوت دەگەڵ گەزیزە دێمەوە؟
پاییز داهات بۆ لەمەیی بۆ لەمەیی
شیلەی هەنگوینت چاوهەنگوینی بۆ نەمەیی بۆ نەمەیی
پاییز وڵاتی بە قوڕ گرت دەرکی ماڵت بە قوڕ گیرێ
موژدەی گەزیزەی هاتنت بۆ نەگەیی بۆ نەگەیی بۆ نەگەیی
پاییز وەرە
وەرە پاییز پەشیمانم
بۆ هاتنت وێران وێران وێرانی وێرانم
تۆ بی و ئەو ڕووحانەی مشتت
تۆ بی و ئەو خوێنانەی ڕشتت
تۆ بی و ئەو باخانەی کوشتت
تۆ ئەو نەمامانەی ناشتت
ئاخ پاییز چەند شاخ و باخت داڕماند
چەند کەپر و کاخت تێک بەزاند
چەند کەشتیت نوقمی دەریا کرد
چەندە تۆفانت بە پا کرد
چەند ئەویندارت جیا کرد
چەندەت بێڕەحمی و جەفا کرد
ئەوا ئێستا من و دەریا دەریا چاوەڕوانی
باوەش باوەش ئینتیزاری تێڕمانی
زوو بمگەیە
زوو بمگەیە
بێزارە زارم لە وتن
بە مەرگت ڕازیم بە نەبوون