بە ڕەنگی زەرد و شێوەی دەست و شمشاڵی کزا، دەروێش!
حەزم کرد بەستەیێک ببیەم سەراسەر حوزن و ماتەم بێ
لە سیماتا بەدیم کرد هەیکەلێکی عومری حەسرەتکێش
وەها دیارە کە بەختت ئاشیانی بولبولی خەم بێ!
بەڵێ، دیارە، لە ناو قەومی بەسیتا قەدری سنعەتکار
وەکوو عەکسی قەمەر وایە لە ناو حەوزێکی لیخندا
بەڵام تەختی ڕوفاه و تاجی حورمەت میللەتی هوشیار
بە ئوستادێ ئەدا وەک تۆ لە ناو شمشاڵی کون کوندا
بەڵام چی بکەین لە ناوچاوی [ڕەشی] بەعزێ زەکای گەورە
وەکوو تۆوی گوڵی دەم با لەسەر بەردێکی ڕەق ئەڕوێن
ئەگەر خیلقەت نەسیبی عومری تۆی مەحکوومی ئەم دەورە نەکردایە
خودا عالم، لە کام عەرشت ئەسوو داوێن؟!
نە حەرفی مەکتەبێکت خوێند، نە ئوستادێ پەلی گرتی
سیرف بەرزیی زەکا ئەم سنعەتەی فێر کرد بە شمشاڵت
هەموو وەزنێکی گۆرانی، لە توولانی هەتا کورتی
بە سەرپەنجەی هونەر کردت بە دیلی کۆششی زاڵت!
ئەوەندەم بیست لە مۆسیقا خرۆشی ڕۆحی بێگانە
میزاجی کوردەواریم تێکچووە، دەروێش عەبدوڵڵا
دەخیلت بم دەسا بەو لاوک و ئای ئای و حەیرانە
شەپۆلی زەوقی میللی پڕ دەروونی مات و چۆلم کە!
لە بیتهۆڤن گەلێ زیاتر بە ڕۆحم ئاشنای، وەڵڵا
دە ئەی دەروێش سکاڵایێک لەگەڵ ڕۆحی کڵۆڵم کە!
مامەی* شوانی دەربەدەر کوردی فەرەنجی لەبەر
غونچەی دڵم بێ ئاوە هانام بۆ تۆ هێناوە
نە خوڕەی ئاوی کانی نە باغ و نەغمەکانی
نە دیمەنی بەهاران نە باڵندەی کۆساران
ماوێکە مەستم ناکەن پاراوی هەستم ناکەن
دڵتەنگم زۆر غەمینم پەشێوی کۆچی ژینم
مناڵی بە غەمباری لاوی بە چاوەنواڕی
مانگ و ساڵی ژیانم کەی هات و چوو نازانم
مامەی* شوانی دەربەدەر کوردی فەرەنجی لەبەر
غونچەی دڵم بێ ئاوە هانام بۆ تۆ هێناوە
ساتێ لەبەر شاڵەکەت دەربێنە شمشاڵەکەت
لە سێبەری ئەو دارە بڕوانە ئەو جۆبارە
بە سۆزی جەرگی بریان بلوێرت بێنە گریان
باخەی* ئەم دڵەم چەند تەنگە پاراو کە بەو ئاهەنگە
ئاهەنگی بەجێهێشن نەغمەی کۆچ و ڕۆیشتن
بەڵکوو* بە نەزمی حەیران فرمێسکم بێنە سەیران
مامەی* شوانی دەربەدەر کوردی فەرەنجی لەبەر
غونچەی دڵم بێ ئاوە هانام بۆ تۆ هێناوە
نە خوڕەی ئاوی کانی نە باغ و نەغمەکانی
نە دیمەنی بەهاران نە باڵندەی کۆساران
ماوێکە مەستم ناکەن پاراوی هەستم ناکەن
دڵتەنگم زۆر غەمینم پەشێوی کۆچی ژینم