حەسەن زیرەک

جەمیلە

بە دەنگی: حەسەن زیرەک
شێوەزار: سۆرانی
87
جەمیلە ئەو قوڕعانە بتگرێ
جەمە گیان هێنات لێکت کردەوە
جەمیلە حەو جارت دەس پێدا دا
ماڵوێران ماڵوێران بۆ مزگەوتت بردەوە
جەمیلە ئەمنت سەرگەردان کردووە
ئەی هاوار بە هەناسەی سەردەوە
جەمیلە بۆخۆت کەیفم بۆ دەکەی
ماڵوێران بە دەسماڵی زەردەوە
جەمیلە هەی جەمەکە و جەمەکە
جەمیلە تۆی جەمەکە و جەمەکە
دە زووبە بێنە ماچ کەم دەمەکە
دەستم دێنم مەردی خودا بە مەڵێ وا مەکە

ئەی وەی وەی وەی جەمیلە بازی یانە شمقاڕی
ماڵوێران خاسەکەوی یان باڕی
جەمیلە کۆتری لە سیلەی جاڕی
جەمیلە با لەسەر تۆ بمکوژن
ئەی هاوار وەک کابرای لە بازاڕی*
جەمیلە هەی جەمیلە و جەمیلە
جەمیلە تۆ بی و نەزری خەلیلە
ڕەحمت بێ ئەو دڵەم لەبۆت زەلیلە
دە وەرە دەی ڕێگای تۆبە زەمبیلە
بۆت مردم بەرۆکت بۆ دەرزیلە
ئەی هاوار سنگت بەفری قەندیلە
چەند جوانە قامت بۆ ئەنگوستیلە

دەمێ ساقی دەمت بێنە دەخیلی چاوەکانت بم
بە جامێک دەستی من بگرە فیدای پیری موغانت بم
لە دوو لا مەست و حەیرانم بە قوەی جەزبە نازانم
نە سەرگەردی سەر و گەردن نە حەیرانی لەبانت بم
ئەی ئامان... ئاخ تا کەی بناڵم

جەمیلە بۆخۆم دوورم نایگەمێ
ماڵوێران کەس نییە وڵامی دەمێ
جەمیلە ئەبرۆی ڕەشی پەیوەستت
چی لێ بکەم کەوتوونە ژێر پەرچەمێ
ئەی هاوار سەبر و هۆشیان لێ بڕیوم
ماڵوێران خستوومیە بەحری خەمێ
جەمیلە سووچی پەچەکەت لادە
ماڵوێران مانگ دەرکەوێ لە تەمێ
جەمیلە ئۆف جەمیلە و جەمیلە جەمیلە جەمیلە
جەمیلە وەی جەمیلە و جەمیلە و جەمیلە و جەمیلە
جەمە گیان تۆ بی و نەزری خەلیلە
ڕەحمت بێ ئەو دڵەم لەبۆت زەلیلە
ئەی هاوار سنگت بەفری قەندیلە

جەمیلە عەنتیکە و زێدەلاوە
ماڵوێران چۆنی لێ بکەم سڵاوە
دە وەرە دەی سینگی پەنیری کوردی
بەوەڵڵا زولفی گیابەند و خاوە
کەلەکەی چەپم کونە ناسکۆڵ بە مست لێیداوە
مانگی چاردە ئەو ژنەی دی خەجاڵەت بوو گەڕاوە
کراس مەخمەر دارابی وەی بە باڵاکەی بڕاوە
نە کورتە و نە درێژە لەسەر پەنجەی وێستاوە
بەلەکی دەڵیی توورە پاوانەی تێ کراوە
من لەبەر ئەو دایکە دەمرم مەمکی سەر زاری ناوە
جەمیلە ڕوحمی خودات لە دڵدا بێ
پێی بڵێ ئەو دڵەت بۆچی تۆراوە
جەمیلە هەی جەمەکە جەمەکە
جەمە و جەمە و جەمەکە
ئەی دە بێنە بێنە بێنە بێنە
بێنە ماچ کەم دەمەکە
دەستم دێنم تۆ بی و خوا و قەت قەت مەڵێ وا مەکە

جەمیلە لەبەر ئەو ژنە ڕەشتاڵە
ماڵوێران قەدی دەڵێی شمشاڵە
دە وەرە دەی سەر کەمە سەر ڕانی نەرمت
با بمرم پێم دادە بەو دەسماڵە
گەر گولە پرسی کێیە ڕامژێنە بڵێ منداڵە
عرووسم جووم ئەرمەنیم داسنیم یان گاورم
هیندیم یانە مەسیحیم دینم بۆ تۆ بەتاڵە
جەمیلە هەی جەمیلە جەمیلە
جەمیلە جەم جەم جەم و جەمیلە
جەمیلە ئەو دڵەم لەبۆت زەلیلە
ڕەحمت بێ تۆ بی و نەزری خەلیلە
جەمیلە سنگت بەفری قەندیلە
جەمیلە دە وەرە ڕەگەڵم کەوە
ئەی هاوار ڕێگای تۆبە زەمبیلە
دە وەرە دەی قامکت بۆ ئەنگوستیلە
جوانە بەرۆکت بۆ دەرزیلە
بەوەڵڵا بەرۆکت بە دەرزیلە
*: کابرای لە بازاڕی: باسی یەک لە دوو کەسەیە کە لە ماوەی یازدە مانگەی کۆماری کوردستاندا کوژراوە.
کەسێک لە مەیدانی مەنگوڕانی مەهاباد کەسێکی دیکە دەکوژێت. هۆیەکەی دیار نییە. کابرای بکوژ لە نێو قەبرانی مەهاباد دادگایی دەکرێت و حوکمی لە سێدارەدانی بۆ دەردەچێت و بە دەستی کوڕی کابرای قوربانی دەکوژرێت. سەرچاوە: مەلا ڕەسوڵی پێشنماز