لە نێوانی دوو چرکەدا
جارێک پەرداخێکی لێڵی پڕ و جارێک خاڵی وەکوو سکی
جارێک خۆی وەکوو مارمێلکە دێتە بەرچاو
جارێکی دی وەکوو بەورێ
لەناکاویش بەسەزمان و زەلیل زەلیل
لە نێوان دوو چرکەدا گریانێکی زۆر بەکوڵ و ئینجا قاقای پێکەنینێ زوڵاڵ زوڵاڵ
دووکەرت دووکەرت
کەرتێکی بووە بە گەدا و کەرتەکەی تری بە پاشا
کز کز، پەرت پەرت
دووکەڵێکی پچڕ پچڕ
گزنگێکی ساوا وتی: تۆ نیشتیمان!
من نازانم ئەڵێن ڕۆژێک بووە جوان بووی
پڕ بووی لە شەوبۆی گەنجێتی و
ورشەورشی خەوی بەفر و
پڕ بووی لە ئاوازی سپی و باڵی پرشنگ بۆ هەڵفڕین
ئەڵێن ئەو ڕۆژەی تۆ لەگەڵ ئازادیدا
قۆڵ لە قۆڵا بە زریوە و بریسکەوە
هاتوونە ناو حەوشەی شەوی زیندانەکەی ئەم شارەوە
کەس نەماوە ماچی دەست و ماچی قاچ و خاک و خۆڵی ژێر پێڵاوی ئێوە نەکا!
نەونەمام و پیرەدار و پیرەبەرد و گوڵی باخچە و
سنەوبەر و نۆتەی مۆسیقا و پەردەی شانۆ و
قافییەی شیعر و شەپقەی چیرۆک و
دەسەسڕی سەرچۆپی و چوارچێوەی تابلۆ و
زەردەخەنەی پەیکەرەکان و
پەپوولە و مێروولە و گۆچانی پیرەمێردەکان و
سەرپۆشی پیرێژنەکان و فڕفڕۆکەی مناڵان و بووکەشووشەکان و
شمشاڵەکانی شاخ و گیتارەکانی شەقام و
پرچی کچەکانی زانکۆ و بۆنی خۆشی گەڕەکەکان و
بەشێک مردووی سەرقەبرانیش لەگەڵیانا و
لە پێشەوە ڕەفیق حیلمی و بێکەس و لە هەڵەبجەوە مەولەوی و
لە خاک و خۆڵەوە نالی و هەموو هاتوون بە پیرتەوە
تۆ و ڕاپەڕینیان هەڵکێشاوە لە گوڵاو و
بۆ شەویش لە دڵیانا دابەزیون و
تا چەند ڕۆژێ هەر لەو ماڵە ماونەتەوە
من نازانم وەکو ئەڵێن موستیلە و بازنی خەونەکان ئەوەندە زۆر بوون
کچێ نەماوە ژنێ نەماوە نەیانکردبێتە دەست و پەنجەیان
هیواکان ئەوەندە جوان بوون
ماڵ نەماوە بە تەنیشت گوڵەباخەکانەوە نەیانڕوێنن
من نازانم ئەڵێن تۆ لەو دەمەدا
ئەم پیاوە گرژ و مۆنەی ئەمڕۆ نەبووی
عاشقان خۆزگەیان بووە لە ناو پارکی ئازادیدا
وێنەیەکت لەگەڵا بگرن یان دەسێک بکەنە ملت و ماچت بکەن
تۆ ئەو ڕۆژانە لە شەبەقەوە تا بوولێڵ لە ژێر چادری ئاوارەکانی کەرکووکا بوویت و
ئەچوویتە ناو کۆڵانی خەمەکانیانەوە و
لەبەر دەرگا لە گەڵیانا دائەنیشتی و
گۆرانیت بۆ ئەوتن و بە سبەینێت ئەناسانن
وەکو ئەڵێن
تۆ ئەو سەردەمە ئەم پیاوە ناشیرینەی ئەمڕۆ نەبووی
ئا ئەم باخچە پاسفندەیە و ئەم ئەلبوومە زشتە نەبووی
تۆ ئیسا منداڵەکان لێت ئەترسن
ژنەکان کە ئەتبینن دەرگای ماڵەکانیان دائەخەن
ئەگەر وا بڕوا تۆ ڕۆژێک بە تەنیا ئەمریت و
لەگەڵ دارەمەیتەکەتا هەر ئەو قاچاخچی و
دزانە ئەڕۆن کە خۆت کردنت بە میر و سەردار!
ئەو ڕۆژە لە سایەی گوڵی ژاڵەیەکا هەنگێکم بینی
لەسەر گەڵایێک پفیو پفیو ئێجگار شەکەت ڕاکشابوو
لێم پرسیی: ئەوە بۆچی وات لێ هاتووە!؟
بەبێ ئەوەی باڵ بجووڵێنێ وتی: بڵێم چی!؟
ئەوەی ئەمساڵ کردم و ئەوەی کۆم کردەوە و ئەوەی پاڵاوتم
کۆمەڵێ زەردەواڵە و زەردەزیڕەی چەکدار هاتن و
لە چاوترووکانێکا هەر هەموویان خستە پشتی کوللەیێکی پیکابەوە و بردیان!
لە پێشا چۆلەکەیێک وتی: بۆنێکی ئەوەنە ناخۆش دێت سەردار بێ سەر ئەکا
ئەو بۆنە ناخۆشە لەو درەختەوە دێت
درەختەکە وتی: نا لەو ماڵەوە دێت
ماڵەکەیش وتی: نا نا لەو کۆڵانەوە دێت
کۆڵانەکەیش وتی: نا نا لەو شەقامەوە دێت
شەقامەکەیش وتی: لە شارەوە دێت
شاریش وتی: نا نا ئەوە بۆگەنی هەموو وڵاتە
وڵاتیش وتی: هەرگیز هەرگیز
ئەو بۆگەنە لە ڕاستییا لە دەست و دەم و داوێنی ئەو کەساونەوە دێن
کە درەخت و ماڵ و کۆڵان و شەقام و شار و وڵاتیان گشت دزی!
ئەی پیاوە بەردینە بێوەفاکە
بەرامبەر سەری خۆت و چاوی خۆت و بناری خۆت!
تۆ قەت ڕۆژێ نەهاتویتە ئەم ماڵی 'کامەران'ە
سەردانی خەم و هەناسەی ساردی دایکم و
سەردانی ژووری بەوبەختی خوشکەکانم بکەیت
تۆ ئاگات لە مت و موورووی غەمگین و کراسی گریاویان نییە
تەنها جارێ و بۆ ژەمێکیش پەتاتەیێکی کوڵاو و
چۆڕێ شۆربات لەگەڵ ئێمە نەخواردووە
تەنها جارێک لەگەڵ ڕازی پێڵاوی شڕی ئێمەدا نەدواوی و
مەراقێکی کون کونی ئێمەت نەداوە بە خۆتا
سەرت نەخستووەسە سەر بەردی سەرینێکی ئێمە و
شەوێک لە ناو هۆدەی ئازارمانا نەنووستوویت و
کەوچکێ دەرمانت نەکردووە بە دەمی شەوێکی نەخۆشی ئێمەدا
تۆ ئەی نیشتیمان!
تۆ چووزانی کرێچێتی چییە و ڕەنگی چۆنە!
تۆ لەرز و تای سکی خاڵیت نەگرتووە
تووشی لەت و پەت بوونی دەروون و پووکانەوەی هیوا نەبوویت
خۆبەستنەوە بە تۆوە جۆرێکە لە خۆبەستنەوە بە سەرابەوە
من وەک ئەو پیاوە غەریبانە ئەتناسم کە بەلاتا تێئەپەڕن و
لەوانەیە جارێکی دی هەرگیز نەتبیننەوە
من پێناسەی تۆ بخەمە گیرفانەوە یان نەیخەم
چی لە بێکاریم و لە بێزاریم و لە دڵتەنگیم ئەگۆڕێ! چی!؟
ڕێ و بانتان باش!
من جووتە پێڵاوە لاستیکە بەوبەختەکەی دایکی 'کامەران'م
چەن ساڵە هاودەمی قاچەکانیم
کە من تەزیم، ئەوانیش ئەتەزن
کە من پڕووکام، ئەوانیش ئەپڕووکێن!
کە من ئاودزم کرد، ئەوانیش ئەخنکێن
کە لە ماڵ چووە دەرەوە تا ئەگەڕێتەوە منی لەگەڵم
کە چووە ژوورەوە ئەوسا ئیتر من بە تەنیا لەبەر دەرگا ئەمێنمەوە و
دائەنیشم و چاوەڕێم
من زۆر نزیکم لە دایکی 'کامەران'ەوە
ئەو لە سەرەوە ئاخ هەڵئەکێشێ و منیش لە خوارەوە دۆش دائەمێنم
ئەو تەماشای خەمەکانی خۆی ئەکات و منیش هەنگاوەکانی ئەژمێرم
ئای کە ئەم قاچانە ڕاکەڕاکەیانە
ئای کە ئەو پەنجانە داماون بەم ڕۆژگارە
بە دەم هەناسە سارد و گەرمەکانمەوە لە پێڵاوە گەنجەکان ورد ئەبمەوە
ئەوانەی ڕوومەتیان بریقەی دێ
پێڵاوە قژڕەشەکان، قژسوورەکان
قۆنەرە کەڵەگەتەکانی ژنان
سفورەکانیان
ئەوانەی بە هاوین هەموو پەنجەکانیان ڕووت و بە دەرەوەن
موحەجەبەکانیان
ئەوانەی هەموو جەستەیان تا لای پووز ئەشارنەوە
لە وەرزە جیاجیاکانا من گوێم لێیە
ئەم دایکی 'کامەران'ە
ئەم ژنە پاقلە فرۆشە، قەزوان فرۆشە، گوڵەبەڕۆژە فرۆشە
ئەو دەنکە پاقلانە چۆن ئەلاوێنێتەوە!
ئەو دەنکە قەزوان و دەنکە گوڵەبەڕۆژانەی چەند خۆش ئەوێ!
من ئەزانم چ حەسرەتێ لەو دڵەدا و چ فرمێسکێکی لانەواز و
چ تەماشایەکی بێوەژن لەو چاوانەدایه!
من ئەزانم تا نووزەی تیا بێ فڕێم نادا و تا دواهەنگاویش بەجێم ناهێڵێ!
خانمەکان!
گوێچکەتان باش!
من جووتێ گوارەی خوشکێکی قەیرەی 'کامەران'م
هێشوویەکم کەڵەگەت و سپی سپی و
بە لاملا وەختێ کە شۆڕشۆڕ ئەبمەوە هەتا نزیکی سەرشانم
من زۆر کەم ئەچمە دەرەوە و لە ناو قوتووە شینەکەما
وەڕس وەڕس پاڵ کەوتووم و هەر لە ماڵم
مەگەر دەگمەن هەوای دەرێ هەڵمژم و
مەگەر ڕێکەوت قژی کوڕێکی سەر جادە ببینم و
یاخود بۆنی خۆشی نێرێ بێتە لووتم
بێزار بێزار هەر لە ماڵێ و هەر لە ماڵێ!
پێرێ خۆشترین ڕۆژم بوو
ئێوارە بوو
چووینە دەرێ بۆ ئاهەنگێ
بۆ کۆنسێرتی 'کامکار'ەکان
کە دانیشتین وەختێ گۆرانی هەڵفڕی
مۆسیقا کەوتە لەنجە و لار
ئیتر منیش لای خۆمەوە
لەگەڵیانا کەوتمە سەما و
لە خۆشییانا گەرم بووم و
خەریک بووم خۆم بترازێنم و
لەو گوێچکانە بێمە خوارێ و
ڕاکەم هەتاکو سەر شانۆ
بەڵام ئیتر خانمەکەم توند گرتمی و
داینامەوە و وتی نابێ!
هەتا کۆنسێرتیش تەواو بوو
من هەر دڵم لای ئەو کوڕە 'کەمان'ە بوو
کە بە دەنگی عاشقانەی پڵپڵەی جەستەمی لەرزان!
وەختێ چووینەوە ماڵەوە
هەر ئەو شەوە لەناو قوتووەشینەکەما
من لە خەوما دەستم لە ملی کەمانچەی ئازیزا بوو تا بەیانی!
ئەم کاتەت باش من ناوم 'شیعر'ە خەڵکی ئەم زمانی کوردییەم
ڕۆژێ لەگەڵ سێ چوار چیرۆک و چەند شانۆنامەیەک و یەک دوو ڕۆمان و
چەند ستوونێکی ڕۆژنامەوانییا چووین بۆ لای نیشتیمان
من بە شیعر سەربوردەی باخچە بێوەژنەکانم بۆ خوێندەوە
چیرۆک حیکایەتی ئەو تاقمە چاویلکەیەم بۆ گێڕایەوە کە تەزویری خۆشەیستی ئەو ئەکەن و
مەتر بە مەتر زەوی قووت ئەدەن و کە وەختێکیش نیشتیمان بە شەو ئەنوێ
لە گەرمەی خەوا پەنجەمۆری پێ ئەکەن
شانۆیەک هەستایە سەر پێ و ئەو شانۆنامە تراژیدیایەی بۆ نیشتیمان نمایش کرد
کە چۆن هەموو شەوێ بستێ دوو بستی جەستەی ئاودیو ئەکرێ و
ئەکتەرەکانیش ئەوانە بوون کە پێشتر دایکیان و باوکیان و برا و خوشکەکانیان
لە مەزاتێکی نێوان نیشتیمان و ئەودیودا حەڕاج کرابوون
ڕۆمانێکیش لە هەمووان زیاتر قسەی کرد
لە ڕێگەی دیالۆگی درەختێک و بەردێکەوە ویستی ئەوە لە نیشتیمان بگەیێنێ کە
دەریاچەی متمانەکەی جارانی خەریکە قەترەبڕ بێ
چیرۆکی کورتەبنەی سوورفلیش کە تا ئەو کاتە هەر لە پێش خواردنەوەدا بوو
بوو بە پشکۆ و بە ڕووی نیشتیماندا هەڵشاخاو و
وتی: پێئەچێ لێرە بە دواوە ئارامگرتن لە گۆمێکی مەکسەوە ببێتە ڕووبارێکی تووڕەی بە چەپۆکانی سەرکێش و شەپۆل شەپۆل لەگەڵ خۆیدا بەندەرەکانی درۆ ڕاماڵێ
ستوونی ڕۆژنامەوانیش ڕووبەڕوو بە نیشتیمانی وت: قوربان هەزار پینەمان داوە لە قسەکانت
لە لەشت، لە هەڵس و کەوتت بەڵام ئیتر پینەکانیش وەڕس بوون و ڕزیون و هیچیان پێ ناکرێ
وا چاکە منیش بچمەوە بە لای عەشقە گەڕیدەکەی خۆمەوە
لێرەدا بوو نیشتیمان تووڕە بوو
دەمی کەفی کرد نیشتیمان شێت بوو
قژی خۆی ڕنییەوە
نیشتیمان بوو بە ڕەشەبا و شاخ و دەشتی بە 'با' کرد و
وتی: ئێوە بریتین لە تاقمێ بوختان و وشەی چەتە
ملی شەعری گرت و بە قاچە زلەکانی شەقێکی تێ هەڵدا و
شەعر بەرز بووە و لە دواییدا کەوتە ناو بەرمیلێکی بەتاڵەوە
یەخەی چیرۆکی گرت و بە دەستە زلەکانی چەند جارێک ڕایتەکان و
هەر لەوێدا چیرۆک وەکوو ملوانکەیێک پچڕایەوە و
ئەوسا گسکێک هات و ئەو ناوەی ماڵی و
خستییە تەنەکەی خۆڵی بەر ماڵی نیشتیمانەوە
نیشتیمان لە ڕۆمان نەوی بیدڕێنێ بەڵام ڕۆمان زۆر کەتە بوو
بۆی نەدڕا و لە دواییدا فڕێی دایە ناو ئاگردانێکەوە و
نەختێ نەوتی کرد بە سەرا و یەک دەنکە شقارتەی لێدا
لە دوای ئەو نیشتیمان لچ و لێوی شانۆنامەکەی کرد و
بە پاسەوانێکی وت: ئەم لچ و لێوە هەر لەسەر شانۆکەی خۆمان بۆ عیبرەت نیشانی خەڵکی بدەن
لە دواییشا ستوونی ڕۆژنامەوانەکەیان کرد بە پاژنەهەڵکێشێکی گەورە و
لە تەنیشت پێڵاوەکانی نیشتیمانەوە هەڵیان پەسارد
ئەی مێژووە بێدەربەستەکە
ئەی نیشتیمانی بێ سفەت
من گەنجێتیم لەسەر جادەی سەهۆڵەکە هەموو ڕۆژێ چون ئاوێنەیەکی ورد و خاش لە ژێر قاچە زلەکانتا ئەبینم و کەچی خۆتی لێ گێل ئەکەی!
ئەی باوکە بێ دڵەکەم
تۆ لە دەفتەرە گچکەکەی بیرەوەریی منا لە چەند لاپەڕەیەکی خۆڵەمێشی زیاترت نییە
من بیرم نایە لە شاخا تۆ چەند ڕەشەبای ژەهراوی دوژمنت کوشتووە!؟
یان چەند ئەستێرەی سەرکەوتنت لەسەر ئەو لوتکانە ڕیز کردووە!؟
ئەوەیشم بۆ ئەژمار ناکرێت کە نیشتیمان
خۆی بە دەستی خۆی چەند مێرگ و چەند کتێب و
چەند کێڵگە و چەند گڵۆپی کوڕ و کچی خۆی کوشتووە
من بە حاڵ هەر ئەوەندەم لە بیرە: ڕۆژێک چوار ڕەنگی کوژراویان هێنایەوە بۆ گەڕەکەکەمان
دوو تابووتی سەوزە و دوو تابووتی زەرد
دوو دایکیشم بینی
نە سەوز بوون و نە زەرد
هەردووکیان خوشکی یەک بوون و
ڕەنگە کوژراوەکانیش کوڕی هەردووکیان.
ئەم کاتەو باش!
من ناوم 'گابەرد'ە
لەسەر ئەم بەرزاییە ئەژیم
چاوم لە هەموو شتێکە!
ئەمەوێ بەر لەوەی بەر بارووت و جادە بکەوم و
نەهێنیەکان لەگەڵ خۆما ورد و خاش کەن
هەندێ قسە هەیە بیکەم: جارێکیان هەر لە پاڵ منا
بۆسەیێکیان بۆ دوو جۆگەی بێگوناه دانا
جۆگەکان بە دەم گۆرانی وتنەوە ئەهاتن
وەختێ گەیشتنە بەردەمیان کوشتیانن
تەنها لەبەر ئەوەی سەرچاوەکانیان جیا بوون
تەنها لەبەر ئەوەی ئاوەڕۆیان لەوان نەبوو
من بۆخۆم تا دوو ڕۆژ لە باتیی ئاو خوێناوم ئەخواردەوە!
ڕۆژێکی تر تاقمێ هاتن و هەر لە پاڵ منا
تفەنگەکانیان خستە سەر پێ و لوولەکانیان کردە خوارێ و
ئەو سنەوبەرانەیان کوشت
کە هەموو بەیانییەک سروودێکی سووریان بە دەم سەمایەکی سوورەوە بۆ باڵندە هەژارەکان ئەخوێند
ئەو سروودەی کە لە سروودە باوەکەی ئەوان نەئەچوو
ئەو سروودەی لە پێناسەی ئەوانی هەڵنەگرتبوو
بەڵام ئەوەی هەرگیز بیرم ناچێتەوە
ئەو ژنە بوو کە بە ناوی خوا و پێغەمەر و شەرەفەوە
چەند بەردێکی دراوسێی منیان لێ بەست و هاویشتیانە گۆمێکەوە!
ئەمڕۆ خەمێکی سەرباڵ شین لە گۆمەکەی 'دوکان'ەوە
بە دەم هەنیسکی بای وەشت و
بە دەم گریانی شەعرەوە فڕی و هات و هات و هات و
وەختێ گەیشت
بوو بە لۆکەیەکی مۆر و
بوو بە سێبەری کۆستێک و
بە ئەسپایی لە تەنیاییما نیشتەوە
ئەی قومری ئاوی ڕەنجەڕۆ
ئەی هەواڵی سەرباڵ شینی ژنی خنکاو
دەنگی خنکاو!
'مانگ'ی خنکاو!
عەشقی خنکاو!
ئەی شاژنی فرمێسکی چاو!
تۆ پێم ناڵێی؟
لە ناو ئەم هەموو پاییزە جوانانەدا
لە ناو ئەم هەموو گوڵاڵە زەردانەدا
لە ناو ئەم هەموو شیوەنە شۆخانەدا
ئەم هەموو چرا ڕەشپۆشە و
ئا ئەم هەموو زایەڵە کەمەرباریکە و
لە ناو ئەم هەموو کۆتەڵە گەرمانەدا
تۆ پێم ناڵێی؟
ماڵی منت چۆن دۆزییەوە!؟
لەبەر شەعر!؟
ئاخر شیعر هەرگیز هەرگیز لەو پرچانەت جوانتر نییە!
ئاخر شەعر هەرگیز هەرگیز لەو نووستنەت قووڵتر نییە!
لەو جەستەیەت سپی تر و زمانیشی لە بێدەنگیی ژێر ئاوی تۆ ڕەوانتر و پاکتر نییە!
ئەی سترانە خنکاوەکەی بەرد لێ بەستراوی بنی ئاو
منیش ئەمڕۆ
خەمی گران و قورسی تۆم لە شەعرەکانم بەستووە
بۆیە بەرەو بنی خەیاڵ
وەک تاڵەمووی جێماوی تۆ کەوتوومە ڕێ و ئەڵێم خوایە
بەشکوو شەوان شەعرم لەوێ ببن بە شەمی داگیرساو لە ژێر ئاودا و
بە لاکێشێکی نارنجی بە بریقەی دەوری لەشت و
من ئەزانم لە سەرەوەیش نەوڕەسی عەشق
هەموو ساڵێ لەم ڕۆژەدا بە باڵ لەسەر قەراغی نزمی هەر هەورێ
لە بان دەریاچەکەی دوکان یادی ئەم غەدرە ئەنووسێ!
ئێوە نازانن ئەم نیشتیمانە بە ناوی پیرۆزیی خاک و خۆڵەوە
بە شایەتیی باڵندەکان
بە شایەتیی ئەو هەموو دارستانانە
ئەو هەموو مار و مێر و بۆق و مارمێلکە و سیسرکەوە
بە شایەتیی ئەو هەموو سمۆرانە
ئەو هەموو قەتێ و مامز و کەروێشکانەوە
بە بێدەنگی
بە دزیی ئازادییەوە
بە دزیی ڕەنگی سپییەوە
بە دزیی درەختەکانەوە
بە دزیی چاوی بارانەوە
ئێوە نازانن بە دزیی خۆرەتاوەوە
چەند شەعریان کوشتووە
چەند چیرۆکیان سەر بڕیوە
چەند شانۆنامەیان فڕاندووە
چەند خەویان زیندەبەچاڵ کردووە
ئاخر ناوەکان زۆرن و بە من ڕیز ناکرێن
ئاخر من و 'سۆرانی مامە حەمە'
وەکوو درەخت و ئاو
مەل و هەوا
دوو دۆستی گیانی بە گیانی بووین
ئەو هەموو جارێ ئەهات و
لەسەر سنگم مۆمێکی دائەگیرسان و
ئەیوت: ئەمەشیان بە یادی قومرییێکی کوژراو
ئەمەشیان بۆ وتارێکی تیرۆرکراو
ئەم دووانەش بۆ کەرکووک و عەلی مەردان
ئا ئەمەیش بۆ قژی 'جەبار جەباری'
ئاخر 'سۆران' دوا گەنم و جۆی وتاری خۆی
هەر لەسەر سنگی من نووسی
ئێوە نازانن ئێمەی دار و بەرد ئەیزانین
بە دزییەوە نا
بە بەرچاوی خوا خۆیەوە
بە بەرچاوی ئازادییەوە
بە بەرچاوی کورسییەکانی پەرلەمانەوە
بە بەرچاوی منارە و کڵێسەوە
خوێنی چەند ڕەز و مەزاریان دزی
بە مردوویی چەند بازن و موستیلەیان
لە دەست و پەنجەی عاشقان دەرهێنا
چەند پەڵەهەوری سکپڕیان فرۆشت
چەند پەنجەرەی قوربانییان لە تاریکیا مەزات کرد!
چەند ڕیشی وەک ڕیشی 'مەولەوی'یان
کرد بە یەک و ڕستیانەوە و بۆ گۆرەویی ئاخوندێک و
بۆ تان و پۆی جبەیەک و قەدەکانی عەمامەیەک!
تیترواسکێکی حەکیم و بە ئەزموونی ڕیش سپی لە کەنار گۆمێ پیاسەی ئەکرد و
لەبەر خۆیەوە ئەیوت و ئەیوتەوە!
کام ئاواز سپییە، بە یەک پەڵەی ڕەشی دەنگ لەلای گوێ ئەبێزرێ!
یەک غەدر بەسە بۆ ئەوەی دادپەروەریی پێ عەیبدار بێ!
یەک چاوی قرپۆک و یەک دومەڵی گەڤار بەسە
بۆ ئەوەی هەموو جوانییەکانی دیکەی ڕوخسار و لەش بشێوێنێ!
لەسەر جادەی سەهۆڵەکە ڕاوەستاوم
ئەم ئێوارەیە من پڕم لە وردەشووشەی شکاوی پەنجەرەی گەنجی ئەم شارە
وردەشووشە هەڵئەچەقێن لە خەیاڵ و خەونەکانم
خوێنیان لێ دێ و زامانیش ئەبن بە فوارە
ئێوارەیێکی درەنگە و پڕم لە ڕووناکیی کوێر و
پڕم لە شەپۆلی لاڵ و
پڕم لە پاییزی دایکم و لە خۆرنشینی خوشکەکان
هەموو جارێ ڕووناکیی کوێر
دەستێک ئەگرێ بە درەختە سووتاوەکەی ناو دڵمەوە و
ئینجا هەڵئەسێتە سەر پێ
خوشکەکانم بەم ڕۆژگارە لە ماڵەوە جریوەی مردوو ئەژمێرن
پاییز دایکمی کردووە بە جێگری هەڵوەرینی و خۆی ڕۆیشتووە بە سەفەرێ بۆ لای کچەکانی 'عەرعەر'.
ڕۆژێ کورتەچیرۆکێکی بێکار لە ناو پارکی ئازادییا 'نیشتیمان'ی لەگەڵ ژنی سێهەمیا دی
کورتەچیرۆک زۆر دەمێ بوو وشەی پەنگی ئەخواردەوە و بووبوو بە دەریاچەی سەری
بۆیە تووڕە تووڕە تووڕە یەخەی نیشتیمانی گرت و وتی: ئەی نیشتیمان!
گریمان تۆ نیشتیمانم نەبوویتایە
لەمە زیاتر چیم لێ ئەهات!؟
ڕەنگە لە جادەیێکی بەغا
من تەنەکەی خۆڵ بوومایە!
تەنەکەی خۆڵی کوردستان یان عێراق بی
هەر تەنەکەی!
لەوانە بوو لە مەیانێکی تارانا
فڵچەی قۆنەرەی بۆیاخچییەکی ئازەری و فارس بوومایە
فڵچەی قۆنەرەی کورد بی یاخود فارس یان ئازەری
تۆ هەر فڵچەی!
لەوانە بوو لە بازاڕی ئەنقەرەدا
سێوێکی گلار بوومایە
گلاری بازاڕی کورد بی یاخود هی تورک
هەر گلاری!
لەوانە بوو لە چایخانەیەکی ناو شاما
ببوومایە بە تڵپەی چا
تڵپەی چای کورد بی یان عەرەب
تۆ هەر تڵپەی!
ئەی نیشتیمانی تازە پیاکەوتوو!
لە ئیستەدا تۆ ئەگەر لەبەر سەرقاڵی بە بۆنکردنی نەوتەوە
سەرنەپەرژان بە هۆی گەمەی سێ ڕیزکێی دیموکراسی و
سەرنەخورانت بە هۆی کورسیی وەزارەت و
بە سەفەری هەندەران و خەلیجەوە
بیرت نەبێ!
منی لە چرای بێ نەوت بێکارتر باش لە بیرمە!
ئێوارە بوو لە قەراغ شار بە ڕێکەوت تووشی یەکتر بووین
تۆ هێشتا هەر کڵاوەکەی ڕاپەڕینت لە سەرا بوو!
هێشتا بۆنی یەکەم شەفەقی بەیانیی ئەمنە سوورەکەت لێ ئەهات!
جارێ نەبووبووی بە تاوس
ڕەنگی پۆلیس و چاوەشت نەگرتبوو!
هێشتا جلی چاڵەنەوتت نەپۆشیبوو!
فێری گەمەی ڕۆڵێت و پۆکەر نەبووبوویت!
هێشتا تۆ هەر خەیاڵەکانت باخچە بوون
بۆ گوڵی خەم و هەژاری
تۆ ئەوساکە ژنی دووهەم و سێهەم و چوارەمیشت نەهێنابوو
هێشتا نەبووبوویت بە والی
ئەو کاتە بوو وتم گیانە: تۆ کە لای خۆت وات داناوە
نیشتیمانی هەموو دارێکی قوربانیت
نیشتیمانی هەموو ئاوێکی قوربانیت
نیشتیمانی هەموو گەڵایەکی سووری ئەم مێژووەیت
بەڵام ئاخر تەماشا کە لە ئیستەوە
تۆ هەر لە مەل و باڵندەی باخەکانی کۆشکی خۆتمان بۆ ئەهێنی لە جیاتی ئێمە بخوێنێ
تۆ هەر گۆڕی چرای کوڕت و گۆڕی گوارەی ژنەکەت و گۆڕی عەینەکی براکەت هەڵئەبەستی
کەچی مەزاری هەزاران باڕەکەو و ئاسکەکێوی و شینەشاهۆ
لەبەر ئەوەی ناچنەوە سەر شەجەرەکەی چواردەوری تۆ
ناوەکانیان لەم ساتەوە، ئەدرەسیان و پێناسەیان 'با' بردوونی بۆ بۆشایی بیرچوونەوە و
دەنگیان پڕ بووە لە خۆڵ و شوێنەواری هیچ زامێکیان لە ئیستەوە دیار نەماوە!
بولبولێکی دەربەدەرەی وڵاتان
کوڕێکی بەستەیێکی شەهید
بەستەیێکی لەبیرکراو دوای چەندین ساڵ گەڕایەوە بۆ شارەکەی
ویستی بچێتە سەر گۆڕی باوکی و تێر تێر بە دەم گریانەوە بچڕێت
وەلێ هەرچەند گەڕا و هەرچەند پرسی و
چووە لای نیشتیمان و چووە لای سروودەکان و
بەڵام گۆڕی باوکی بۆ نەدۆزرایەوە هەتا ڕۆژێ لە مەراقا
ئەویش لەسەر گۆڕی نەناسراوێ ناکام مرد
شمشاڵی عاشقێ ئەیوت: ئەی نیشتیمانی بێ گوێچکەم!
تۆ ئەتەوێ هەر چۆنێک بێ و هەرچییەک بیت
خۆشم بوێی!؟
بەفر بی یان قوڕ و لیتە و
هەتاو بی یان تەم و مژ و
تەپ و تۆز بی و یاخود فەوزایەکی بێگەرد
هەر وەکو یەک تەماشات کەم!؟
هەر چۆنێ بی... خۆشم بوێی!؟
ببی بە ئەسپی قاچاخچی و باری تلیاک و
هێرۆین بێنی و بەری... خۆشم بوێی!؟
ببی بە چەکمەی چەرمینی ژەنەڕاڵێکی دراوسێ
یاخود ببی بە مێزەری فەتوایەکی ڕق و تۆڵە
من هەر ئەبێ خۆشم بوێی؟
تۆ ئەتەوێ هەر چیت کرد و هەر چیت وت و هەرچیشت ویست
لەبەر ئەوەی تۆ نیشتیمانی تاقانەی
من بیانخەمە سەر چاوم!؟
یەعنی ئەگەر بەیانییێک هەستای لە خەو
داوای خوێنی چیرۆکێکی تازەمت کرد تا خوتبەیێکی نەخۆشت بیکاتە جەستەی خۆیەوە
بڵێم باشە و من بتدەمێ و خۆشم بوێی!؟
یاخود ئەگەر ئێوارەیێک لەسەر خوانێ بۆ سەخاوەت
بێ بە سەرتا و بۆ یادگار چاوێکم بدەیتە دەستی
پادشایەکی یەک چاوی میوانی خۆت
بڵێم باشە و خۆشم بوێی!؟
من ناتوانم هەر چۆنێ بی
خۆشم بوێی!؟
ببی بە دەرد و نەخۆشی بۆ قەڵەم و
ببی بە کوللە و بە ئافات بۆ سەمەل و
بۆ کتێب و بۆ ڕۆژنامە و خۆشم بوێی!؟
ببی بە دڕکی تەلبەند و
بە ساحرێکی چاوبەست و
بە لێبووکێکی سەر شانۆ و
خەوی موگناتیسیم لێ بخەیت و
تەنها و تەنها لەبەر ئەوەی نیشتیمانی
خۆشم بوێی؟
ڕۆژێ بەردێکی خزمی نیشتیمان
بە کانییێکی نەناسراوی وت: ئەبێ لەو دەشتەدا بۆم بنووسی کە من لە تۆیش ناسکترم
کانییەکە وتی: من هەرگیز درۆی وا ناکەم
بەردەکە پێی وت: ئەتکوژم
-بشمکوژی من هەرگیز درۆی وا ناکەم
بەردی نەگریس خۆی خل کردەوە هەتا سەردەمی کانییەکە و
نەیهێشت کانی هەناسە بات
هەتاکو مرد!
لە دوورتریش زێیەک لە خۆی بایی بووبوو
هەرچی ئەبینی پێی ئەوت: من تۆم نەکرد بەم پێکەنینی پێدەشتە!؟
بە ڕەنگ و بۆ و سەمای سەوزی ئەم دارستانە زەبەندە!؟
بە کوڕژن و حیلەی بەردی دیرۆکی ناو ئەم دەربەندە!؟
لەبەر ئەوە من هەرچیم وت هەموو ئەبێ بڵێن وایە!
بەڵام جارێ باران پێی وت: مەغروور مەبە
ئەوەی هەتە و بۆخۆت ئەیڵێی من کردوومە
ئەوەی کردەی هەمووانە
مەغروور مەبە ئەگەر من ساڵێ دامنەکرد
بچووک بچووک ئەبیتەوە و
قسەت ناگاتە گوێی کەس و
لە دواییدا کۆتاییشت لە چۆمێکی وشکدایە!