چەنم وت ئیتر ئەوم خۆش ناوێ
قینم لێی دەبێ و ناچمەوە بۆ لای
بەڵام ئەوین هێندە بەهێز بوو
چوومەوە سایەی درەختی باڵای
ئەمڕۆ هەر وەکوو هیچ ڕووی نەدابێ
هات و باوەشێ گوڵی بۆ هێنام
وەکوو مناڵێ بۆ کۆشی دایکی گەڕابێتەوە
هاتەوە بۆ لام
بە جۆرێ هەستم تێکەڵ هەستی بوو
گڕی تێ بەر دام سیمای شەکەتی
دەتوت کۆتایی دنیا هاتووە
کە فرمێسکم دیت لەسەر ڕوومەتی
ئەوەندەم زانی چۆلەکەی دەستم
لە نێو دەستیدا ئارام خەوتووە
بەسەر شانیدا تێر و پڕ گریام
کێ دەڵێ ڕقم لێ هەڵگرتووە