ئەی قژزەرد! ئەی قژزەرد! ئەی قژزەرد!
ئەی قژزەرد! ئەی قژزەرد!
ئەی قژزەرد!
ئەی قژزەرد! ئەی بەژن و باڵا کەڵەگەت!
بۆ کز ڕاوەستاوی بەرامبەری من؟
بۆ دەستت ناوەتە ژێر چەنەی خەفەت
لە عاستی دیمەنی دەربەدەریی من؟
ئەو چاوە کاڵانەت نیگای دەربەست بوون
لەبەر چی ئەگرنە گرفتاریی من؟
سەرنجت ڕووی دەمی پرسکردنی ڕوون
ئەکاتە کەلەپچەی دەستی دیاریی من؟
ئەبینم: پەپوولەی نیازی گفتوگۆ
دوودڵ ڕاوەستاوە لەسەر گوڵی لێو
ئاخ، خۆزگە هەڵئەفڕی، ئەمزانی ئاخۆ
ڕاسپێریی چییە* بۆ گیانی پەشێو؟
ئەی قژزەرد! ئەی قژزەرد! ئەی قژزەرد!
بە بەژنی ناودەرگاگرتووت
هەر وەکوو پەیکەری شۆخی خەمخواری!
مەلێ بووم لە باخچەی هونەرا بێ جووت
بۆ جوانیم ڕێک ئەخست شیعری دڵداری!
ئەی قژزەرد!
هەر ئەوەندەم لە دەست دێ، هەتا ئەتوانم
ئا لەم هەڵوێستەدا هەل بە کار بێنم
وەک تینووی چاو لە ئاو بە کوڵ بڕوانم
ئەو چاوەی تێم بڕییت نەیترووکێنم
بۆ ئەوەی بتوانم لە پەردەی بیرم
نیگارێ هەڵکەنم شێوەی لێت بچێ
تا هەرچەن گازی گرت لە لەش زنجیرم
ئازارم سووکتر کا خەیاڵی کچێ:
کە شۆخە و قژزەردە و باڵاڕێک و بەرز
خەمخواری نەناسە وەک فریشتەی سەر عەرز!