دواوانەکەی شوێن ماڵە گەورە
سەرەوخوار ئەڕۆی بە پێچ و دەورە
تۆ بە ڕووناکی وێنەی بلووری
ئاوی زیندەگیی گشت شارەزووری
ئەناڵم ئەڵێم تۆ وەک ئاوێنەی
بۆ شوێن دەستکردی کردگار وێنەی
بۆچ پێم نانوێنی وێنەی فۆتۆگراف
وێنەی شیرینی نازدارانی جاف
نموونەی دەستی پەروەردگار بوون
بە دەوری تۆئا گوڵی بەهار بوون
بە شەدەی لار و کراسی کەتان
وەک مانگ 'کەتان'ی جەرگیان ئەسووتان
ئەو لەش و لارە بە شڵپەی مەلە
دڵی دڵداریان ئەخستە پەلە
ئای بۆ 'پەری خان' نازداری جافان
ئاهووی زەڕباهووی عەنبەرکڵافان
توخوا ئاوەکەی بۆن گوڵاوەکان
بۆ سەرچاوەکە کەمێ لاوەکە
بڕوانم ئاخۆ جامی فۆتۆگراف
نیشانم نادا شێوەی ئێڵی جاف
نە ئەو دەبدەبە و سەر ئەو سەر ئاوە
ئێستا ئەفسانە و نەخشی سەر ئاوە
ئەم دڕک و داڵە و ئەم قەل و داڵە
مانەوە لە شوێن ئەو گەورەماڵە
نازداران بوونە ماسی دواوان
بە بۆمبای ڕاوکەر کەوتنە سەر ئاوان
لە تاوەی جەوری چەپی چەپگەردا
ئەوان ئەسووتێن منیش لە هەردا
وێڵ و ئاوارەی ئێڵی مورادیم
نزیک لە مەرگم دووریش لە شادیم
لە شوێن سەر مەلا و ئەڵڵاهوئەکبەر
کاری کار ئەکا و ستریت بە جۆکەر
ئێستاکە ڕێی کۆچ گوشادە و ئاسان
کوا سەرئێڵ کۆچی لێخوڕێ بۆ کوێستان