ماسی خانم ناو دەریا
چارشێویان دا بە سەریا
دەمیان قوفڵ و زنجیر کرد
ئاواتیان کوشت لە چاویا
ماسی خانم
ماسی خانم
هەر بە زۆر دایانپۆشاند
سەمای شەپۆلیان خنکاند
وتیان حەرامن بۆ یەک
قژ و خەیاڵ و باران
وتیان خەویش نەوێنی
ماچ لە شەیتان نەسێنی
تەنانەت بۆنی دەریا
بۆ سەر گوڵدان نەهێنی
دەریایان لێ داپۆشی
خەمیان بە سەریا پاشی
وتیان لەم هەموو ڕەنگە
ئازادی ڕەش بپۆشی!
ماسی خانم
ماسی خانم
ماسی خانم خەمگین بوو
کراسی لە خوێن ڕەنگین بوو
خوەی سووتان و خوەی خنکاند
ئاخر بۆ ئەو سەنگین بوو
نامووس و ڕەگ و غەیرەت
شەرەف و شان و شەوکەت
هەمووی لەگەڵ تۆدایە
ماسی خانمی نگبەت
بەڵام ماسی گوێی نەدا
تۆزی قاچی لێ هەڵدا
لە لێوار دەریا وەستا
شەپۆلێ بێت و لێدا
ماسی خانم
ماسی خانم