حەمە جەزا

گەردەلوولی سپی - مەقام

بە دەنگی: حەمە جەزا
شێوەزار: سۆرانی
44
هەموو تۆسقاڵێکی لەشی خۆت کرد بە پێ و
هەر نەگەیشتی بە هەواری ست فاتیمەکەی جاری جاران
هەموو تۆسقاڵێکی هەستی خۆت کرد بە چاو و
جارێکی تر کەوی نیگات تێری نەخوارد لە بۆنی بارانی کوردستان
هەموو تۆسقاڵێکی دڵی خۆت کرد بە دەست و
نەگەیشتییە پرچی کچێکی کوێستان

ئاخ هەموو تۆسقاڵێکی گیانی خۆت کرد بە باڵ و
هەڵفڕیت و هەڵفڕیت و هەڵفڕیت
تۆ هەر نەگەیشتی بە سەیوان
ئاخ هەموو تۆسقاڵێکی لەشی خۆت کرد بە دەنگ و
گۆرانیت وت
دەنگت زریانی شەو بردی و نەگەیشتییە مناڵانی وڵاتێکی بێ ئاو و نان
ئاخ تۆ ڕۆییت و لە کیشوەری نامۆییدا پەنجەکانی خۆتت کردە جێی برین و کڕووزە و ژان
تۆ ڕۆییت و هەموو شاخ و داخەکانی ئەم وڵاتە لە دوات کشان
گردەڵان و مەلەکانی شەوی وڵاتی بەفر
سەرەڕۆن لە دوات بڕ بڕ
چەپکەگوڵیان بۆ هێناوی گوڵی
دڵی بەردی ست فاتیمەش توایەوە بوو بە ئاو
دڵۆپ دڵۆپ بۆت دەگەڕان بە هەزار چاو
ئەی تۆ نەبووی ساڵەهای ساڵ
ست فاتیمەت خۆش دەویست و بۆی دەگریای وەکوو مناڵ
بۆ جێت هێشت و هەموو بەفری ئەم کوێستانەت زویر کرد و
خەندەی هەموو هەژارانی ئەم وڵاتەت خستە ناخی سیروانەوە
بۆ ئەوپەڕی زەوی چوو

ئاخ تۆ بڕۆیت و لە شەوانی بەستەڵەکی بێ دەروازەی نامۆییدا
ڕەق هەڵبێیت و تابوتەکەت داری بەڕووی هەڵگورد نەبێ
ئاخ تۆ بمریت و لاشەکەشت بۆ کورد نەبێ
چاوەکانت هەڵوەرێنی لەودیو شوورەی غەریبیدا
ئای بە دەستە بێ دەستەکانی خۆت هەر لە دەرگای زامەکانی خۆت بدەیت و نەکرێیتەوە
تۆ بمریت تاکوو گڵکۆی گۆڕەکەشت لە بریسکەی خۆرەتاوی کوردستاندا نەشنێتەوە
ئەی ئیتر کێ لە ڕەشەبای سووری ئەوینی چاوەنواڕیی ست فاتیمەدا بتوێتەوە
ئەی ئیتر کێ وەک تۆ شەیدای چاوی مەستی ست فاتیمە بێ و
لە دڵۆپەی خوێنی ئەوینی دڵی خۆی شیعری بۆ بهۆنێتەوە
ئەی تۆ نەبووی بزەیێکی ست فاتمە و نیگایێکی چاوەکانی کەژی دڵتیان سیخناو دەکرد
لە پۆڕی وشە و گۆرانی
ئەی ئیتر بۆچی نایەی بۆ شارەکەی جارانی خۆت
لاشەت لە ناو بەستەڵەکی هەندرێندا بنێژی
ئەی بۆ نایەی چەمی قووڵی خوێنی خۆت
بەسەر دار و بەرد و گەردی نیشتیماندا بڕێژی
بۆ چاوە مەستەکانی ست فاتیمەکەت هەڵبەستی تازە بێژی

ئەگەر لێرە چاوەکانت لێک بنێی و لە سەیواندا
لە هەر شوێن و قورژبنێکی شاری بەفر و ئەرخەواندا
تۆ سێبەری داربەڕووی ئەستوور و کۆن بکەی بە کەپرێ بۆ خۆت
ئاخ زستان چۆلەکەی باران پۆل پۆل هەموو قەفەسەی هەور دەشکێنن
لق و چڵی داربەڕووەکەت ماچ دەکەن و
شیعرەکانت زەنگۆڵ زەنگۆڵ بە دەورتا ئەپرژێنن
بۆنی پرچینی ست فاتیمەش لە باکانی سلەیمانی دەدزن و بۆ تۆی دێنن
ئاخ لە وڵاتی غەریبیدا کێ دەتناسێ
کێ دەزانێ تۆ شاعیری وڵاتێکی هەزار هەزار بەردە قارەمانی تیایە
کێ دەزانێ دڵی پیرت هەزار هەزار شیعری تەڕ و جوانی تیایە
ئای کە مردیشی کێ دەزانێ لە ژێر گڵکۆکەی تۆدا گیانێک دەنوێنێ و نەخشەی وڵاتێکی تیایە
چەقۆی ستەم ئەیکێڵێت و ئەیگڕوێ ئەگەر لێرە چاوەکانت لێک بنێی
بە تنۆکی بەستەی سیروان دەشۆرێی و
تۆ لە ست فاتیمە زویر بووی ئیتر بۆچی لە تانجەڕۆ و مامەیارەش هەر دەتۆرێی

ئاخ ئێ خۆ من گشت کچەکانی ئەم وڵاتە دڵمیان وەکوو یەک ئەشکان
نەتۆرام و هەر نەتۆرام
باوەش کرد بە هەوار و گوڵ و دڕکی ئەم وڵاتە ئاگرەدا بە دەستی زام
ئای نە من ناڕۆم
نە من ناڕۆم
من نامەوێ لە وڵاتی نامۆییدا دوور لە یاران بمرم و سەر بنێمەوە
من دەمەوێ وەک بەفری کۆن لە کەژێکی کوردستاندا نەختە نەختە بتوێمەوە
ئاخ بڕژێم بە ڕەگ و ڕیشەی دارهەنارێ
کە سبەینێ گوڵەکانی بۆ خۆی دەکا بە ملوانکە کچی ماڵەهەژارێ