عەزیز شاڕۆخ

گوڵی ژاکاو

بە دەنگی: عەزیز شاڕۆخ
شێوەزار: سۆرانی
37
گوڵێ بووم لە باغی ژینا گوڵی ئاوات و غەم بووم
گوڵی ناکامی سەر گۆڕی ژیانی بێ سەمەر بووم
گوڵی ژاکاوی دەردەداران بووم
لەسەر لوتکەی ژینی بێ باران بووم
وەرە ئەی مایەی ژینم
وەرە هەست و ئەوینم

توخوا پێم بڵێن بۆچی وا لە دونیا هەر مەینەتم دی؟
بۆچی ساتێکی نەسرەوت و نە ئارامی و نە شادیم دی؟
وەرە تۆش ئەی بولبولی غەمگین دەردی دڵت بەیان کە
پڕ بە گەرووت بچریکێنە غەمی دەروون ڕەها کە

دەمێکی دەردی خۆم دەڵێم دەمێ دەردی هەژاران
دەکەم ئاوپڕژێنی دڵی سووتاوی چووم بە تاڵان
لەسەر بستووی ژین بە تەنیا ماوم
بە داوی عەشقێ گیرۆدە ماوم
وەرە ئەی هێز و تینم
ساڕێژ بکە برینم

وەک ئەستێرێکی بێ نوورم لە ئاسمانی ژیانمدا
ترووسکەی لێ بەدی ناکرێ مەگەر شەوقێ بێ هانم دا
بدات هێز بە شاباڵانم بۆ تەشقی ئاسمان بفڕم
ئاواتی خۆم وەدەست بێنم ئەوسا دەمرم با بمرم

شەمی سەر گۆڕی ئاواتی هەموو دەردەدارێکم
لە شەوەزەنگی پڕ ماتەم تەنیا خۆم ڕێبوارێکم
لە چۆڵی ژینا بە سەرسام ماوم
بە تاسەی هیوام مات و مەنگ ماوم
وەرە ئاواتی ژینم
وەرە هەست و ئەوینم

ترووسکەی پڕشەنگی ئاوات لە شەوگاری ژیانمدا
ئەدا لە ڕێگەی ژیانی پڕ لە تاسە و ناکامیمدا
وەرە تۆش ئەی دڵدارەکەم هاندەری ژیانم بە
بۆ کەند و کۆسپی ئەم ڕێیە هاودەم و هاوڕازم بە