عوسمان مەحموودپوور

بەهار بوو فەسڵی زستانم

بە دەنگی: عوسمان مەحموودپوور
شێوەزار: سۆرانی
278
بەهار بۆم فەسڵی زستانە ئەگەر یارم لەگەڵ نایە
درۆیە گەر کوتوویانە بە خونچێکی بەهار نایە
حەو ساڵە لە دوات وێڵم لە دووت دەخشێم هەر وەک سایە

وەکوو ئاوی بنی گۆمی کە جێماوە لە ڕووبارێ
وەکوو بەردی سەری شاخێ کە دادراوە لە دیوارێ
وەکوو کاتێ گەڵای زەردێ دەسی بەر بێ لەسەر دارێ

من ئەو بەردەی گرفتارم کە دیلی چینی دیوارم
من ئەو ئاوەی بنی گۆمم کە جێماوم لە ڕووبارم
گەڵای زەردم مەلی پیرم منم دڵداری زنجیرم
لە بیرم دێ کە سی ساڵە لە بەندیخانە یەخسیرم
لە بیرم دێ کە چەن ساڵە بە داوی تۆوە ئەسیرم

بەهار بۆم فەسڵی زستانە ئەگەر یارم لەگەڵ نایە
درۆیە گەر کوتوویانە بە خونچێکی بەهار نایە
حەو ساڵە لە دوات وێڵم لە دوات دەخشێم هەر وەک سایە

بەڵێ ئەو ساتە لاوێ بووم وەلێ ئێستا وەها پیرم
هەیە جارێ بەسەرهاتی خەمینی خۆم نییە بیرم
هەیە جارێک بەسەرهاتی خەمینی خۆم نییە بیرم

لە تاریکی ژیانمدا لە سووچی سەردی زیندانا
بە مۆرەی نەردی ناکامی بە جارێ عومری خۆم دانا
بەهار بۆم فەسڵی زستانە ئەگەر یارم لەگەڵ نایە
درۆیە گەر گوتوویانە بە خونچێکی بەهار نایە
حەو ساڵە لە دوات وێڵم لە دووت دەخشێم هەر وەک سایە

قەرەوڵ دێت و ڕادەبرێ شەوانی عومرم ئەژمێرێ
شەوێکیش وەها منی دیل بە دەستی مردن ئەسپێرێ
زۆر لە مێژە لێم زیز بووە هەر دەڕوا بەجێم دێڵێ

بەهار بۆم فەسڵی زستانە ئەگەر یارم لەگەڵ نایە
درۆیە گەر گوتوویانە بە خونچێکی بەهار نایە
حەو ساڵە لە دوات وێڵم لە دووت دەخشێم هەر وەک سایە
هۆنراوە: مامۆستا شەریف بە هەندێک گۆڕانکارییەوە.